ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۶/۱۲/۲۱

ئاڵکە کۆستە ... !!!

ئاڵکە کۆستە ... !!!
گۆڕی پیاو چاکێکی بە نێو بانگ بوو، بە گۆڕی وەلی و پیاوی خوا ناوی دەهێنرا، پیر و شێخێکی تکاکار بوو لای خوا بۆ ئەوکەسانەی ڕوویان تێدەکرد، بەڵام نەماندەزانی
گۆڕی کێیە؟ تەنها هێندە نەبێ بە مەرقەدی [ ئاڵکە کۆستە] ناسرابوو، هەندێک پێی دەڵێن [ئاڵکە کۆستەی تکاکار] و ، هەندێکیش پێی دەڵێن [پیر ئاڵک]، لە نێو قەبرستانی بەرزنجە دابوو ، نزیک گۆڕی [باوە ڕەسوڵی گەورە ی بەرزەنجی] بوو ، قەبرێکی کێڵ بەرز بوو ، کێڵەکانی بەقەد باڵا پیاوێک دەبوو، لە بەرد درووستکرابوون ، وەک کێڵی ئیمڕۆ نەبوون ، هەم لە بەرزی و هەم لە درووستکردن دا جودا بوون ، لە ڕووی ئەو مادانەی لێی پێکهاتبوو تاقانەی نێو گۆڕستانەکە بوو، قەبرێکی کۆنینە بوو، نازانم بڵێم سەدان ساڵ یان هەزاران ساڵی تەمەن بوو ، هێندە کۆن بوو، کیلەکانی شەقیان بردبوو، هەڵدەوەرین و تەڵزمیان لێدەبۆوە، بە پێی گۆڕەکەی بێت، دەبێ ئاڵکە کۆستە پیاوێکی باڵا بەرزی قەڵەو بوو بێت. چونکە گۆڕەکەی هەم پانە و هەمیش درێژ. هەرکەسێک نەخۆشی و ناڕەحەتی سپڵی هەبووایە ، سێ بەیانی لەسەر یەک بهاتایە و خۆی بدایە بەسەر کێڵی ئاڵکە کۆستەدا ، ئەوا بە ئیزنی خودا شیفای بۆ دەهات و چاک دەبوویەوە، وەک گوێزی ساغی لێدەهاتەوە، چاک دەبوویەوە و دەگەڕایەوە نێو ژیانی ئاسایی خۆی و لە دەرد و بەڵای سپڵ نەجاتی دەبوو، زۆر جار نەخۆش پەنای بۆ نەخۆشخانە نەدەبرد و تەنها لای ئاڵکە کۆستە خۆی چارەسەر دەکرد، هەندێک جاریش ئەو نەخۆشانەی لە پزیشک و چارەسەر بەحەب و دەرمان بێ ئومێد دەبوون، ڕویان لە ئاڵکە کۆستە دەنا تا نزا و تکایان بۆ بکات لای خوای مەزن و ، خوای گەورەش شیفای دەدان، لە بەردەم گۆڕی ئاڵکە کۆستە ی پیاو چاک دا ، کانیاووی [ئاڵکە کۆستە] هەبوو، ئەم کانییە تەنها بەهاران دەتەقی و پێیان دەوت کانییە بە هارە ی [پیر ئاڵکە کۆستە] ، تا گەرمای تەواو دادەهات ئاوی لێنەدەبرا ، ئاوێکی سپی و ڕوون و جوانی هەبوو ، خەڵکی دەهاتن بە دەبە لێیان دەبردەوە بۆ نەخۆشی ، هەم دەیانخواردەوە و هەم برین و گرێ و ڕووشاوی و شوێن ئازاریان پێ تەڕدەکرد و بە ئاسپایی دەیان شێلا و بەمەش چاک دەبوویەوە و شیفای بۆ دەهات، ئاڵکە کۆستەی پیری دەستگیر و ئاڵکە کۆستەی کانی دووانەیەکی لێکدانەبڕاوو بوون، لە ژیاری بەرزنجەدا شوێنی خۆیان جێهێشتووە و ناو و یادگارییان تۆمارکردووە. بڕوانە [چیرۆک و ئەفسانەکانی بەرزەنجە] ، تۆماری هەموو چیرۆک و ئەفسانەکانە لە لایەن [ نەسرین خانی موحەمەد ساڵح قادر موحەمەد ئەمین بایەزید بەرزنجی] و لێکۆڵێنەوە و پەڕاوێز نووسی و داڕشتنەوەی بەشێوەیەکی ئەدەبی لە لایەن [ هێمن مەلا کەریم بەرزنجی] لەم ساڵی 2018 چاپ و بڵاودەکرێتەوە و بەشێوەی ئەلیکترۆنی و پی دی ئێفیش دەخرێتە بەردەست خوێنەران.

Image may contain: 1 person, smiling

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر