ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

دیوانە شێعری دكتۆرای ئەوین


****************************************************
بێدەنگی لە چەنەبازەوەفێربووم ...و هەوڵدان لەتەمەڵەوە ...و هێمنی لە لوت بەرزەوە ،زۆر سەیرە من ڕێزی ئەم مامۆستایانەم ناگرم .............!!
جۆزێف جۆبێر
ئەم بەرهەمە پێشكەشەبە:
*هەموو ئەوانەی بوونەتە بەشێك لە یادگاری  و بیرەوەرییەكانم.
*هەموو هاوڕێكانم.
*دایكم و...باوكم ...و هەردوو براكەم.
*ئەو مرڤەی پڕبەدڵ   خۆشم دەوێت و هەموو ڕۆژێ‌ بەنیگایەكی شەرمنانە ئەو خۆشەویستییەی بۆ دەردەبڕم.
ناسنامە
-كتێبی :دكتۆرای ئەوین
-شێعری  :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
-پیتچنین و،نەخشەسازی ناوەوە:نووسەر
-بابەتی بەرهەم:ئەدەبی - شێعر
-تیراژ:1000هەزار دانە
-شوێنی چاپ :سلێمانی -2007
-نۆبەتی چاپ:دووەم.

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
   
پێشەكی
شیعر :نووسینی دەقێكە بۆ  خاڵی كردنەوەی ناخی شاعیر ...بەمانەیەكی تر ڕۆكردنی غەمە،پەژارەیە،خۆشی یە،كارەساتە وهەموو ئەمانەیە بۆ سەر لاپەڕەی دیوان و،بۆ نیگابینی خوێنەر...ئاخر ئەگەر ئەمانە نەبن لە ژیاندا شاعیر هیچ نابێت هەتاوەكو بیكاتە شیعر ، ئیدی شیعریش ناخوڵقێ‌ بۆ خوێندنەوەی خوێنەر.ئەگەرچی ئەم قسەیە مانای ئەوەنییە كەهیچ شاعیرێك لە خەیاڵەوە شێعر نانووسێت.چونكە نووسەرانێكی زۆرمان(لە هەموو بوارەكانی ئەدەبدا)كە لە دوونیای خەیاڵەوە نووسینەكانیان بەرهەم دێنن.
كەواتە شیعرو ژیان دووشتن كەلەیەك دابڕناكرێن  و،بەمەش لەو قسەیەهەڵدێین كە شاعیر بەبوونەوەرێكی دیكە دەزانێ‌.
هەربۆیە هەموو ئەو وشانەی لای من بەشیعر دەكەونەوە ،وەك خۆی و،بێ‌ دەستكاری ،بەڕەنگ و بۆی كاتی وتنی یەوە لەم چەند لاپەڕەیەدا خراوەتە ڕوو،كەمن بە دیوانە شێعری(دكتۆرای ئەوین)ناوزەدم كردووەو،خستومەتە بەردەست تۆی خوێنەر.
هێمن بەرزنجی
16-4-2004
هێمن حاجی شێخ عەبدولكەریم سەیید ئەحمەد شێخولئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی




ڕەش ئەسمەر
فریوت دام بەنیگای چاوی ڕەشت ...
ڕەشئەسمەرم ... !!
ئێستا دەڵێی : من بڕوام بەئەوین نییە ...
خودایە داد بۆكێ بەرم .
دڵم دایتێ‌ هەتاوەكوهێلانەی خۆشەویستی خۆت ...
لەنێویدا بنەخشێنی .
كەچی نەتهێشت گوڵی نۆ بەهاری ژینم سەردەربێنێ‌ ...
دەمڕەنجێنی.
یانی: گوڵم دەمگریەنی .
ڕەشئەسمەرم ... !!
خۆمن گوتم:-
بێلەتۆ ئارامناگرم .
گەر بێت و ...    
رۆژێ نەتبینم وەختەبمرم .
توخووا،كچێ‌ ...
مەڵێ‌ من بۆ خوێندن هاتووم .
خۆمنیش وەك تۆ خوێند كارم .
بەڵام بەمەكری نیگای تۆ ...
گرفتارم .
مەكر: حیلە – فێڵ
ئەم شێعرە پێشكەشە بەشادە،ئەو مرۆڤەی یەكەمجار گوتی (بەعدە تەفاهوم،زەواج موباشیر ) چونكە باوەڕم بە عیشق نییە،كوڕان هەموودرۆزنن.
نوێژی عەشق

1
چۆنبیرت چوو ... !!؟
خۆپێموتی :-
یەكەم نوێژی عاشقێتیم،
لەمیحرابی چاوەكانتا دابەستووە .
یەكەمین كۆشكی ئەوینم ...
لەنێو دڵتا هەڵبەستووە .
گراویەبێوەفاكە ،
وەرەو
تاوێ‌ ...
بەسۆزەوە تەماشاكە .
كەچۆن فرمێسكی چاوانم ...
 دڵم دەخوا .
كەچۆن ڕۆحم ...
 بۆدۆزینەوەی هەوارگەت گینگڵدەدا .
2
چۆنبیرت چوو ... !!؟
كەپێموتی :-
لەوڕۆژەوەی ،
چاوەكانم لەتۆ ڕاما .
خۆشم ویستی و
عاشقت بووم  ...
بەبێ‌ پەروا .
تۆپێت وتم:-
منیش هەروا .
3/3/2003
*گراوی :- یار _ دۆست
*لەژمارە 435ی 19یئاداری 2003ی هەفتەنامەی گوڵان ولەماڵپەری نوسەری كورد دابڵاوكراوەتەوە.

دكتۆرای ئەوین
تا ئەو ساتەی تۆم نەناسی ...
فرەشێتی  ماجستێرو
دكتۆرابووم .
كەچی گوڵم بەناسینت ...
لەو حەزەشم تەوەلابووم .
وەلێ‌، قەینا ...
لەنێو زانكۆی چاوەكانتادكتۆرای ...
ئەوین ئەخوێنم .
گەر ئیمتیازیش نەهێنم"
دڵنیابە وازناهێنم .
چونكەگوڵم ...
باشەی تۆوەك ئیمتیازە .
دكتۆرای ئەوین بێلیژنەو
بێسەرۆكەو
هەمووی ڕازە .
شادە – ڕەشتاڵەكەی دڵم ...
ئەگەر ڕۆژێك بەكامێرای نیگایەكم .
وێنەیەكی جووانت نەگرم ...
لەخۆم ونم .
چونكە گوڵم ...
تۆ لێم ونی .
چۆن ون نەبم ...
تۆبابەتی ماجستێرو
نامەی دكتۆراكەی منی .
22/23- 5-2004
*ئەم شێعرە لەماڵپەرەكانی (نووسەری كورد،وكوردستان نێت ،ودەنگەكان)دا بڵاو كراوەتەوە .
*لەڕۆژنامەی (سۆڵیدارێتی خوێندكاران،وڕۆژنامەی (نێوەند)دا بڵاوكراوەتەوە .
*لە ڕۆژنامەی (ئەكادیمۆس)دا بڵاوكراوەتەوە .


ماچ
بەمنداڵی لەلێوی ئاڵی تۆم ئەستاندووەماچێ‌
بەپیریش لەزەتی ئەوماچە شیرینەم لەیاد ناچێ‌.
(مامۆستاهێمن مەهابادی)
1
كەبەیانیان دەیبینیم  ...
ڕادەوەستا .
لێوەكانی تەڕدەكردو
ماچی سۆزی بۆم هەڵدەدا .
بەدیار باڵاكەی منەوە ...
مناڵ ئاسا .
بۆوەڵامی ماچەكەی ...
وڕكی دەگرت و
دەگریا .
هەتا جووابم نەدایەوە  ...
قاچەكانی گۆی نەدەكرد ،كەپێی بڕوا .
2
ئەو ئێوارەی ...
كەماچێكی نێو دەمیم كرد،
كەوتە گریان .
ژیرنە بۆوە ...
تائەو كاتەی  كردم بەدووان .
3/2/2003
*لە ماڵپەری (كوردستان نێت)دا  بڵاوكراوەتەوە،لە ساڵی 2004 دا .
  *لە گۆڤاری (كریڤ)،ژ(12)،كانوونی دووەمی 2002   دا بڵاوكراوەتەوە. 


شەش بروسكە شێعر
دوڕدۆنگ مەبە..!!
میحرابی ئەبرۆی تۆم هەبێ‌،باڕووم لەقیبلەهەرنەبێ‌
دینم بەعیشقت گۆڕییەوە ،هەرچی دەبێتن باببێ‌.
(موخلیس)
1
دوڕدۆنگ مەبە
كەدەبینی ...
وەك درەختی سەرشۆستەكان،
بۆدیدارت ڕاوەستاوم.
كەدەبینی ...
وەك سێبەرت لێتئاڵاوم .
2
ئەی گوڵەباخ ...
بەهاری من ...
لەگەڵهاتنی تۆدایە .
كەتۆنەیەی ...
ئەویش نایە .
3
دوڕدۆنگ مەبە
كەپێت دەڵێم :
دوور لەدەریای سۆزی سینەت ...
ماسییەكی بەبێ‌ ئاوم .
دوور لەلێوت ...
لەدەریای غەماخنكاوم .
4
تائەوكاتەی ...
سەرم نەخستەسەرڕانت
لێوم نەنا بەلێوتەوە .
نەمزانی ،كەبەهەشت دووانە ...
بەڵام،ئەوڕۆ ...
بەهەشتی خووام بیركەوتەوە .
5
دوڕدۆنگ مەبە
كەپێت دەڵێم :
بۆكوێ‌ بڕۆی لەگەڵت دێم .
وەكو مۆمێك ...
لەڕێگەی تۆدادەسوتێم .
6
نازدارەكەم ...
نەكەی هەرگیز ئەوساتانە لەبیربكەیت
جەستەو
ڕۆحمان، بەیەكدەبوون .
لەنێو یەكدا بەشێوەیەك دەتوانەوە ...
لەیەك دەچوون .
17/3/2003
* لەماڵپەری (نوسەری كورد) دابڵاوكراوەتەوە .
*لەگۆڤاری گوڵان،ژ(431)،1یئایاری 2003، دابڵاوكراوەتەوە .

بەرتیلە شێعر
لەبەرچاوی جیهانبینیم،وەها تاریك بوونەمزانی
نەنووری چاوەكانم چوو،نەخورشیدی جیهان ڕۆی.
(وەفای)
1
كێ‌ دەڵێ‌ قەدەر بەتیل وەرناگرێ‌  ... ؟!*
ئەو قەدەرەی من دەیناسم ...
بەرتیل خۆرە و
بەبێ‌ بەرتیل هیچ كارێكی پێناكرێ‌ .
ئەفسوس ، منیش ...
هیچ سەرمایەیەكم نییە ...
پێی ببەخشم ،
ئەم بەرتیلە شێعرە نەبێ‌ .
هەتاوەكو ...
 نازدارەكەم ..
تیری نیگای لەدڵەی پڕغەمم بگرێ‌ .
2
كێ‌ دەڵێ‌ قەدەر بەرتیل وەرناگرێ‌ ... ؟!
ئەوەتانێ‌ قەدەری شوم ...
ڕێگەدەگرێ‌ .
نایەڵێ‌ ،كە دڵەی شەیدام ..
بۆ چەند ساتێ‌ ئارامبگرێ‌ .
نازدارەكەم ...
ئەوەتانێ‌ دەستی قەدەر ...
پەڕەی ئەوگوڵانەش دەوەرێنێ‌ .
كەلە ژووانێكدا بۆنتكرد،
نەوەكو بۆنی تۆی لێبێ‌ .
7/4/2003سلێمانی
*دێرەشیعرێكە لەقەسیدەی (بانگهێشت)ی شاعیری عارەب (ئەحلام موستەغانمی )وەرگیراوە.
،لە ماڵپەری نوسەری كورد دا بڵاوكراوەتەوە


ئەوین و...
                  شكست
1
لەوساتەوەی تۆ ڕۆیشتوی
ڕقم لەخۆم دەبێتەوە .
زۆردەترسم گیان و،جەستەم  ...
بەدەستی خۆمجیابێتەوە .
2
لەو ساتەوەی تۆڕۆیشتووی،
(ڕەنگی پایزم گرتووە).
شادی لاملێناكاتەوەو
(دزێوی ڕیزی گرتووە).
3
لەوساتەوەی تۆڕۆیشتوی ،
خودا !! ئاواتمی كوشتووە .
خەڵكی دەڵێن:- بۆچی هێمن ... !!
ڕەنگی مردووت لێنیشتووە .
4
بەڵام،كچێ‌ واتێنەگەیت ...
كارێكی باشت كردووە .
ئەمەیەكەم شكستنییە !!
زۆر جارشكستم حوواردووە .
سەرنج:-
*نیوبەیتی نێوكەوانەكان لە شێعرێكی مامۆستاهێمنی مەهابادی (كوردستانی) وەرگیراوە.
*ئەم شێعرە لەهەردووماڵپەری (نوسەری كورد ودەنگەكان)دا بڵاو كراوەتەوە.



دڵەی تەنیام
1
ڕۆژانێكی زۆر ... گیان دڵەی تەنیام
ئەی ناڵاند بۆتۆ ،ئێستاكەش هەروام .
جاران بۆدوریت دڵم پڕغەمبوو !!
نەمزانی چلۆن تۆفریوتدام .
2
جاران چاوانت بانگی دەكردم
كەچی ئێستاكەلەمن هەڵنایە .
جاران ڕوخسارت پەری ئاسابوو
ئێستا ڕووانینت پڕلەهەرایە .
3
دەترسێم ئیدی نەتبینمەوە.
سەفەرت هێندە دوورودرێژبێ‌ .
فارگۆنی عومرت لەكەنار مەرگا ،
ڕاوەستێ‌ و،خودا گیانت دەربێنێ‌ .
4
بەبێدەنگیتا دیارە تۆراوی
بەڵام من مەیلم هەرلەلای تۆیە .
هەرگیز ناتوانم لەیادت بكەم
هەرچەند بەڵێنت پڕلەدرۆیە .
5
تازە تەواو ڕۆژانی زووم
 بابڕواو قەت نەیەتەوە .
نە با بەڵێنی ئەمجارەش ...
هەورێكبێ‌ وبڕەوێتەوە .
6
دە دەروازەی دڵم بەردە ...!!
دڵم بۆكەس ناكرێتەوە .
هێندەم تاڵاوی عەشق چەشتووە،
دڵم قەت ئاشت نابێتەوە .





 


دڵم تەنگە


ماوەیەكە دڵم تەنگە و ...
هەرچەند دەكەم، نازانم بۆ !!
لەدووری دوو چاوی جوانتە
یان بۆ عەشقێكی سەرە ڕۆ .

ماوەیەكە دڵم تەنگە و...
چاوەكانم ئەسرینی غەم ئەبارێنێ‌ .
شەوی یەڵدای نائومێدیـــــــم ...
حەزوو خۆزگەم ئەتارێنێ‌ .

ماوەیەكە دڵم تەنگە و...
لەبەرچاوم هیچ شتێك وەك خۆی نەماوە .
جانازانم غەمی بێمروەتی تۆیە
یان بەڕاستی هەموو دنیا شڵە ژاوە .

ماوەیەكە دڵم تەنگە و...
ئەستێرەكانی خۆشنودی ناجریوێنن .
نامە و... یادگاری ڕابووردووت ...
هەمــــــوو شەوێ‌ دەمــــــــگریەنن .
ماوەیەكە دڵم تەنگە و...
گوێ‌ نادەمە وانەكانم .
بۆ دۆزینەوەی هەوارگەت
گەڕیدەی كۆڵانەكانم .
4-apr.-2005





لەرێ‌


نازدارەكەم ...
خورپەی دڵە تەعزێبا و
بێدارەكەم .
بۆ نەهاتی ... !!؟
هیوای دڵە پڕتاسەكەم .


لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ ...
خۆتاسەی دڵم نەشكاوە .
لەچاوەڕوانی ،نیگاتدا ...
ژینی خۆمم وەلاناوە .


من وامزانی ...
دەڕواتەوە خۆی جواندەكات ...
كەچی ئەفسوس ...
تادواساتی ئاهەنگەكەش چاوەرێ‌ بووم،
نەهاتەوە .
گوڵم _ ئاهەنگەكە خۆش بوو ... !!
بەڵام دڵم جگەلەتۆ ئاوڕ لەكەس ناداتەوە .


لەدوای هاوە ...
تۆ یەكەمین كەسی كچێ‌ .
ڕەفتار و ...
جوانیت لەو بچی َ.
بۆیە جارجار بەهێمنی لێت دەڕوانم،
بەڵكو ڕۆژێك بێت بتوانم ...
دەرگای گفتوگۆی نێوانمان بكرێتەوە .
بەخەندە و ...
غەمزەی چاوانت ...
دڵەی شەیدام ژیربێتەوە .


سەرم سوڕما ...
كەهێندە زوو ڕۆشتیتەوە .
پێموانەبوو كەڕۆیشتی نەیەیتەوە ،
منت لەبیر بچێتەوە ؟...


تۆ خۆت جوانی  ...
كەی پێویستیت بەمیكیاج و
ماسكارایە .
قەینا دڵم لێت دەبوورێ‌ ...
چونكە نەزمی سروشت وایە .
بەڵام گوڵم ...
 خۆگلەی من لەوەیە .
تۆی سەرۆك كۆماری دڵم
ئاگات لەم حەزە شێتەیە !!
پێموانی ئاگاداربی و
لەدەردی دڵم تێبگەی .
لەسەرنجی چاوەكانم ...
بەئەنجامێكی نوێ‌ بگەی .
دەنا،گوڵم ...
یەكەم نیگابوو ،پێمووتی :
دڵەی شەیدام تۆی خۆشەوێ‌ .
تۆ كاندیدی عەرشی دڵی و...
وڵاتی دڵ بەعەشقی تۆ سەردەكەوێ‌ .

8-APR.-2005
ئەم شێعرە لە ئاهەنگی بەسەرۆك كۆماربوونی بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی –دا نووسراوە.




ئەوین و ...
                  گومان


تەوافی كەعبەو زەمزەم بەبۆسە*ی لێوەكەت نادەم
شەرابی شەوقی ڕوی تۆم بێ‌كافییە بەحسی دین ناكەم.
(مەلا حەسەنی فانی)

چۆن بیرت چوو ... !؟!!
كە پێمووتی:-
خۆشم دەوێی ...
دەتپەرستم هەتا مابم .
تۆش پێت وتم:-
ئاخر هێمن ...
من چۆن لەوە دڵنیابم .

هێندە بە سۆزەوەوتت ...
لەڕِۆحیشم كەوتمە گومان .
پیرۆ زییەكانم وەلا ناو
ناچار سویندم بەچاوت خوارد،ئەی چاو جوان .

وەلێ‌،كچێ‌ ...
بیرت نەچێ‌ ...
لەو ڕۆژەوەی سوجدەم بۆ چاوت بردووە .
تەریقەتم بیر كردووە . (1)

خەڵكی دەڵێن :-
لەدینی پاشگەز بۆتەوە .
وەك سامیری ...(2)
بۆبتپەرستی چۆتەوە .

ئیدی گوڵم ...
چۆن دڵت دێ‌ جێمبهێڵی ... ؟!!
كە من دڵم لەلای تۆیە .
بۆ نازانی عاشیق كاتێ‌ دوورە لەیار .. !!!؟
لە ژیانی ڕەنجەڕۆیە .

وەرەو
مەڕۆ ...
نەبارەنگی پایز بگرم .
نەبا لەدووریتابمرم .
دەترسێم پەپوولەی ڕۆحم بژاكێنی و
بۆ ئەم كۆچە لەناكاوەت ...
بۆ هەمیشە ئۆقرەنەگرم .

بۆسە:- مـــــــــــــــــــــــاچ.
(1) مەبەست تەریقەتی قادرییە .
(2) ناوی ئەو جادووگەرە جولەكەیەیە،كە پەیكەرێكی بۆ گای(ئەپیسی میسڕ)ی داتاشی و بە جولەكەكانی وت تالەجێگەی خودای خالیق پەرستشی بۆ بكەن،وەلێ‌ حەزرەتی موسا (خودا لێی ڕازی بێت )لەنێوی بردن و بیرو باوەڕەكەشی لەڕەگەوەهەڵكەند.




عاشـقتـبووم

كەد ەمبینی ...
سەردامەخە و
بەبزەوەلێم بڕوانە .
لەو ڕۆژەوەی كە تۆم دیووە ...
عاشقتبووم وەك دێوانە .*
هەموو ڕۆژێ‌ ،
چاوەڕێتم .
لەسەر ڕێگەتدا دەوەست،
دووعادەكەم كەزوو بەربی و
گەڕێیتەوە .
ئەمە خوایە !! بەعیشووەوە لێمبڕوانی و
ڕۆحی ماندووم حەوێتەوە .
بەس نازانم !! كەدەمبینی ...
بۆچی هێندە سەردادەخەی ... !؟!
ڕەنگە خاوەنی یارێك بی و
بڵێی ئۆخەی .
وەلێ‌ ، كچێ‌ دڵنیابە ...
ڕۆژی سەدەن یارت هەیە .
ڕۆژی چەندین كەسی وەك من ...
بۆ چاوانت پەروانەیە .
دەتوخوا تۆش ! دەستمەنێ‌ بەڕومەوە .
ناڵێم بڵێ‌ خۆشم دەوێی ...
ئاوڕێكم لێبەرەوە .
25/26/10-2003ز


تەنیای منە و ...
منیش تەنیای


هێندە لەدەریامەڕوانە ،
ڕەنگی شەپۆڵت گرتووە .
دەترسێم سەفەركەیت و
گەڕانەوەت لەدووانەبێ‌ .
نازدارەكەم ...
ئیدی شوێن پێی ئەوپەپولانە ناخوێنمەوە .
لەسەر پەڕەی ئەوگوڵانە دایانناوە و
هێور هێور بۆن بەئایندەوە دەكەن .
بەو كەشتییە پواوەوە ...
بۆكوێ‌ دەڕۆی !!
تێشوت پێنییە بۆسەفەر ،
چۆن بەقسەی ئەوكاپتنەڕەشتاڵیەبڕوادەكەی .

تۆ دەتەوێت بەتەنیایم بسپێری ...
دەماڵئاوا ..
خۆ لەمێژە من تەنیایم ڕامكردووە .
من و
تەنیای یەكێكین .
تەنایای منە و
منیش تەنیای .


ئیدی ئێواران لەزەردەپەڕناڕوانم


لەو ڕۆژەوەی بەجێت هێشتووم
یادگاری ئەو شەوەی ...
كەبەدەم كزەی هەناسەمەوە دەگریایی ...
ساتناساتێك قوڕگم دەگرێ‌ .
لەوڕۆژەوە ناتوانم ...
لەگەڵای زەردی پایز بڕوانم .
چونكە وێنەی وەریوی تۆی تیادەبینم ... !!
ئای لەو ڕۆژانە ... !!!
كۆترەكان لەگمە و ...
چۆلەكەكان لەجریوە و ...
توتی یەكانیش لەعاشقێتی كەوتبوون .
بەسەرسامی لەئەوینی من  و ...
تۆیان دەڕوانی .
هەتاوەكو زێدەتر فێری ئەوینببن ...
كەچی لەگەڵ فێركردنی ئەوان ،
تۆش فێری فڕین بووی لەقەفەسی سنگم .
ئیدی ئێواران بەدەم هەنسكەوە دادەنیشم ...
لەسەر مێزێك هەتاوەكو پێكی بادەمەستم دەكات .
ئیدی ئێواران لەزەردەپەڕناڕوانم ... !!
بەسۆزەوە حافز و ...
جامی ناخوێنمەوە .
چونكە هەنووكە من و ...
تۆ چیرۆكێكی نەنووسراوین .
من دڵنیام جامی بۆ خۆی لەودونیا دەینوسێتەوە .

تا ئەوساتەی بەئەوینت ئاشنانەبووم،
گریانم بۆ شێعرەكانی نزار دەهات .
هەستم دەكرد خۆی لێونە و ...
لەتەنكاوەكانی ئەوین دەخولێتەوە .
هەستم دەكرد بێجورئەتە و ...
ناوێرێ‌ بۆ پانتای ژن شۆڕبێتەوە .

*حافز :حافزی شیرازی كەڵە شاعیری فارسە.
*جامی:نورالدین عبدالرحمان (817ك-897ك)یەكێكە لەنووسەرەمەزنەكان كە46 كتێبی هەیە و زۆربەیان لەسەر ئەوینە،وەك یوسف وزوڵەیخا- لەیل ومەجنوون،وەهەندێك لەبەرهەمەكانی تەسەوف و،دەروێشی یەو هەندێكیشیان نەح و سەرفە.
*نزار:مەبەست لە نزار القبانی مامۆستای جوانی ناسی یە.



غەمی دووری

جاران بۆ دووریت دڵم پڕ غەمبوو
ئێستاكە دڵم وەكو بەرد وایە .
چونكە ئەو دڵەی ئەوین دەناسێ‌ ...
شێتە،سەرگەردان،سەری هەودایە .

جاران هۆنراوەم بۆ تۆدەنووسی
ئێستا پێنووسم حەرفی پیانایە .
مەرگی ناوادەی ئەوین داریمان
پێی وتم ئەوین چەند بێبەهایە .

جاران هاوارت بانگی دەكردم
كەچی ئێستاكە هیچ دەنگت نایە .
وادیارە مەیلت هێندە گۆڕاوە
دڵت بەدەنگم سەبووری نایە .


جاران بۆ دووریت شینم دەگێڕا
ئێستا خورپەیەك بەدڵمانایە .
تۆهێندە دڵت رەِقبێ‌ لەئاستما
ئیدی چۆن ئەوین كۆتای نایە .
دابڕان

-1-
ماوەیەكە دەنگت نی یە
بۆیە هەواڵت دەپرسم.
واتێنەگەی بیرم كردوی !؟
لەدابڕان زۆر دەترسم .


-2-
زۆرم نامە بۆ هاتووە
بەڵام جێگەی هیچ ناگرێ‌ .
هیچم تیانەخوێندوونەوە
لەهەست وسۆزی تۆ بچێ‌ .


-3-
ئێستا ناوێرم وەك جاران
سەیری وێنەكانت بكەم .
دەترسێم لەدەریای ئەشكا
بەرەو مردن گینگڵ بدەم .

-4-
كە ئێواران تۆدەبینم
من خۆمم بیر دەچێتەوە .
هێندە مەستی چاوت دەبم
بەئەستەم خۆم بیردێتەوە .

كۆڕاڵ

كەتۆ نەیەی ...
منیش ناچم .
دوابڕیارت بدركێنە ...
خۆلەبڕیارت دەرناچم .



خۆشی كۆڕاڵ
لەنێو نیگای چاوت دایە .
تۆی لێنەبی و ...
لێم بڕوانی ...
خۆشی بۆدڵی من نایە .



لەڕێوە دیم ...
 تۆنەهاتووی ،
بڕیارمدا نەچمە چوورێ‌ .
ترسام بڵی بێمروەتی و ...
دڵم هەرگیز لێت نابوورێ‌ .
لەچاوەڕوانی ئەنفالدا

1
ئەی وڵاتەڕەشپۆشەكەم
لەو ساتەوەی تۆیان كردۆتە قاقنەس ،
منیش غەریب و ...
 ئاوارەم .
لەبیابانی (عەرعەر)دا
 بەشوێن( گۆڕی) بزربووی خۆما دەگەڕێم .
ئەمەخوایە بیدۆزمەوە و
چاوەڕوانی قەدەر بكەم .
بەڵكو ڕێبوارێ‌ بهێنێ‌،
ناوی خۆم و ...
هاوەڵانم .
لەسەر گۆڕی بەبێ‌ كێلمان هەڵبكەنێ‌ .

2
بڵێی ڕۆژێ‌ وەكو هاوەڵانی ئەشكەوت ...
پاش دەیان ساڵ،
یەكێكتان بگەڕێتەوە  ...
بۆزامی دڵی وڵاتم  ...
هەتوان بێنێ‌ .
بڵێی ڕۆژێ‌ عیسای مەریەم ...
 گەڕێتەوە ،
بەئیزنی خوا چەند شەهیدێ‌
بەزیندوی ...
لەگۆرەكەی دەربهێنێ‌ .
ئیدی چاوەڕوانی ئەنفال ببڕێتەوە .

3
ئاخ  !! نیشتیمان  ...
لەو ڕۆژەوەی،
 پەڕەی گوڵی باخچەكانی تۆیان وەران .
دەستەكانم كەوتنە لەرزین ،
چاوەكانم هاتنە گریان .
ئاخ !! ... نیشتیمان ... !!
من نازانم ...
باخەوانی باخچەكانی ئەم وڵاتە ،
چۆن دڵیان هات ؟! ... ببنەزێوان
بۆناشتنی تەرمی گوڵی ...
 باخچەكەیان .
ئاخ !! نیشتیمان ...
ئەگەر قەدەر دەروازەی بەختم كاتەوە .
هێندە دەڕۆم ...
هەرگیز هەرگیز نایەمەوە .
ئاخ  !! ... كوردستان !!
* ئەم شێعرە بڵاوكراوەتەوەلە:-
1-ماڵپەری (كوردستان نێت)،دا.
2-لەماڵپەری (نوسەری كورد)،دا.


ڤالانتاین و ...
ماچ
 

لەڕۆژی ڤالانتایندا ..
چیمپێدەبەخشی گیانەكەم .
هێندەم نامەو ،عەترو،گوڵ و،كارت لەلایە ...
ناتوانم ئەژماریان بكەم.
ئەم جەژنەیان ماچێكی پەمەیم دەوێ‌  .
نەفەسێكی هێندە درێژ ...
بۆنی ڕۆحتی تیا دەركەوێ‌ .
كچێ‌ ، نەڵێی ... !!؟
بەرلە جەژن پەیامێكت نەناردووە .
دار و بەردی سلێمانیش ...
بەجوانی تۆسەرسام بووە .
منیش یەكێكم لەوانەی ...
كەبەخاڵی  گۆنای ئاڵت  ئێجگار فریوم خواردووە .
هەرمنیش، نا ...
كازمی هاوڕێشم دەڵێت :-
كەڕوخسارت لەمانگ دەچێت .
دیلمانیش لەبەر دڵی من ...
هیچ شتێكی بۆ ناوترێت .
وەلێ‌،هەرێم  ...
تۆی بەبوكەشوشەچوواند
منیش بەرلەڤالانتاین ...
وینەی تۆم لێرەدا نەخشاند .
#كازم ،وهەرێم،و دیلمان:-سێ‌ هاوكلاسی خۆشەویستم بوون ،لەڕۆژانی خوێندنم دا...
*ئەم شێعرە لەماڵپەری (نوسەری كورد) دا بڵاوكراوەتەوە.
*لەڕۆژی ڤالان تاین دا خوێندراوەتەوە لە(كەناڵی ئاسمانی كوردسات) ،2004ز
*لە ژمارە 4ی گۆڤاری( گەنج)یشدابڵاو كراوەتەوە.



تەنیا عەشق...
كەداوای ڕۆحی لێكردم منیش ماچم تەمەنناكرد
كەزاناندم دڵی دەشكێ‌،دڵم نەشكاندو سەلماندم.
(موخلیس)
1
لە دووای تۆ كەسم خۆشناوێ‌
دڵ سەبووری بەكەسنایە .
هەزار نەفرەت لەڕابووردوو
بریا تۆشم نەناسیایە .

2
كەڕۆیشتی بۆچ ماڵاوایت لیمنەكرد
هەتا لەچاوەڕوانیدا نەمێنمەوە .
ئەی ناترسی هێندە دووربی ...
لەدووریتا سەرنێمەوە .

3
كە ئەتزانی جێمدەهێڵی
بۆچی دڵی منت دووان ؟!!
ئەی نازانی دووای دابڕان ...
ژیان پڕدەبێ‌ لەخەزان .

4
چیدی عەشق چارم ناكات
بڕۆ ئیدی مەمدوێنە .
با (مەی) ببێ‌ بەهاوسەرم
توخوا!!ساقی جامێ‌ بێنە .


* ئەم شێعرە بڵاوكراوەتەوە لە:-
1/نوسەری كورد بەناونیشانی(تەنیای) لە 29/1/2003
2\ لە گۆڤاری مەهاباد دا،كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەردەچوو.
3/لە ژمارە 72ی هەفتەنامەی (ڕۆژیگەل )ی ڕێكەوتی 26/01/2002


غەریبانە مەڕوانە
بۆ خوشكی شاعیرم_فەرانەك ئەحمەدی

لەكەنار دەریایی نامۆبووندا مەوەستە ...
نەبادا نەهەنگی مەرگ قوتت بدا .

ڕووەو هەڵدێر سەفەرمەكە ...
لەوێ‌ ، لەكەناری كونەبادا ...
دۆزەخێك هەیە .
ڕۆژ بەڕۆژ كورەكەی جۆش دەدرێ‌ ...
ئەی گوڵ  ...
تۆبەرگەی باهۆزی پایزناگری ...
تۆ بەدیتنی چەقۆی سوری جەلادەكان ...
فرمێسك بەچاوتادێتەخووار ...
تۆلەپرسەی گیلاسە فلیقاوەكانی ...
ژێر پێی دیكتا تۆرەكاندا ...
دادەنیشتی ...
تادڵنەوای گێلاسەساواكان بدەیتەوە ...
نەبادابتۆقێن ...
نەبادا گەورەنەبن و
بەگرگنی بمرن .
غەریبانەمەڕوانە ...!!
من دەزانم كەباهۆزی قەدەر ...
چاوەڕەشەكانت وەك چاوی مەولەوی ...
بەفرمێسكی مەرگی خاتو عەنبەر سوردەكەن .
غەریبانەمەڕوانە ...!!
دەترسێم ئەم غەریبیەت مەرگبێ‌ .
لەغەریبیت زۆر دەترسم ...
دەترسم مەرگ مەودات نەدا ...
لەپرسەی گەڵاهەڵوەریوەكانی"
ژێر درەختێكی بەهاردا
دابنیشیت .
غەریبانە مەوەستە ...!!
لەغەریبیت  زۆر دەترسێم ...!!
دەترسێم ...
بەئاهەنگی مەرگی شەو ڕانەگەیت .
ئەی كێ‌ سەرچۆپی بگرێت !!؟
سەرچۆپی ئاهەنگی مەرگ ... !!
*لەگۆڤاری لڤین،ژ(9)یئەیلولی2003، و( نوسەری كورد) دا بڵاوكراوەتەوە.



ئەوین ...وخاچ
لەو ڕۆژەوەی تۆم ناسیووە ...
تائەوساتە خۆشم ویستووی .
من نازانم كچی مەسیح ... !!؟
بۆچی هیچم لێنەبیستووی ؟
كەچی ئەمڕۆ خاچێكی گەورەی مەسیحت ...
بەسەر سنگتا هەڵواسیوە .
دڵنیابە بەر لەم كارەش ...
وێنەی عیسام لەنێو چاوەكانتا دیووە .
بۆیە ،گوڵم_ هەرگیز نەڵێی :
تا ئەوكاتەی خاچی عیسام ...
بەسەرسنگما هەڵنەواسی .
تۆنەتتوانی من بناسی ...
چونكە ،كچێ ...
هەركە لەماڵ دێمە دەرێ‌ .
ڕۆحی شەیدام مەسیحێكە و
بەبینینی چاوەكانت ...
ڕۆژی سەدجار لەخاچ دەدرێ .
20/21-1-2004


دڵێك لەچاوەڕوانیدا

نیگای چاوت مەگرە دڵم ...
باڕۆحم پڕئازار نەبێ‌ .
بادڵم لەچاوەڕوانی ...
 بێزار نەبێ .
تۆ بێوەفای ...
لەدورەوەلێمدەڕوانی .
دەوەرە پێش ...
نیگای چاوت دوورلەخەندە  ... !!
خەمی هانی .
من وامزانی ...
شیلەی لێوتم پێدەبەخشی و
دەبمە ئیلیا* .
بۆیە هەروا ...
بەسانای خۆشم ویستی ...
بەبێ‌ پەروا .
دەنا، گوڵم تائەم ساتە ...
هیچ كچێكم بەمجۆرە خۆش نەویستووە .
سەیرم لێهات، كاتێك دیتم ...
بزەی لێوت ، هەست و
هۆشمی بردووە .
تا ئەم ساتە لەنێو دڵدا ...
جێم بۆ كەس ڕانەخستووە .
ئیدی بۆچی دەڕۆی ، كچێ ؟!!
ئەگەر دەشڕۆی ...
با سەفەرت بەشەو نەبێ‌ .
نەبا ئاسمانی بەختی تۆش ...
وەك ئاسمانی بەختم ڕەشبێ‌ .

كوردستان – سلێمانی
3/9/2003

*ئیلیا:- مەبەست(ئیلیای كوڕی مەلكان ) ە كەناسراوە بە (خدری زیندە) و،گوایە ئاوی حەیاتی خواردۆتەوە ،و بەمەش بۆ هەمیشە لەژیاندا دەبێت و،نامرێت.
لە 7/9/2003دا (لەنوسەری كورد)  دا بڵاوكراوەتەوە،هەروەها لە گۆڤاری  (زەنگ)یشدا بڵاوكراوەتەوە.







ئازیزەكەم

نازدارەكەم ...
ئەوكاتانەی كەتەنیای دەمدووێنێ‌ .
ناچاردەبم پێنووسەكەم بگرمەدەست ...
هەتاوەكو پرچی هۆنراوەم دابێنی .
جانازانم !! ئەوساتانەی كەتۆتەنیای ...
چۆن مۆتەكەی نیگەرانی  لەچاوانت دەتۆرێنی .
خۆناتوانی ببیتەمیوانی وشە ...
چونكەوەكومن شاعیرنی .
بۆیەناچار دەستدەدەیتە ماسكارایەك ...
چاوەكانتی پێڕەشدەكەی .
یان لەبەر ئاوێنەیی عیشقاڕادەوەستی و
خۆت جواندەكەی .
وەلێ‌، ئەفسوس ...
جارجار نایەی ...
 هەتاوەكو تەنیای من ڕەوێتەوە .
بەڵام قەینا خۆتۆوەك من (ئەهلی بەسەر) نی ،گوڵەكەم
ئەگینا جارجار ئاوڕت لێدەدامەوە .

*ئەهلی بەسەر:- زاراوەیەكی تەسەوفە ،بەمانای چاوكراوە یە،خاوەن زەین بۆبینینی شتی ون و نادیارو هەستكردن بەشتەشاراوەكانی پشت پەردە.
*لە 28/8/20003دا لەماڵپەری نوسەری كورد دا بڵاوكراوەتەوە
   

بۆ كوێ‌ دەڕۆی...!!

بۆ كوێ‌ دەڕۆی ... ؟!
دڵم بەدوای تۆداوێڵە .

قەینا بڕۆ ...
بەڵام،لەگەڵ خۆتدا بمبە و
بەتەنیای جێم مەهێڵە .
ئەگەرنامبەی باسی سەفەرم لامەكە،
دڵەی شەیدام پەروانەیەو
لەنێو غەمانغرۆی مەكە .

قەینا بڕۆ ...
ئا ... ئا ... بڕۆ
چونكە ئەوڕۆژانەت بیركرد
پڕبوون لەماچ .
ئەو ئێوارەیەشت بیرچویەوە ...
كەپێتوتم:
نەكەی پەپوڵەی عەشقی من ...
بدەی لەخاچ .

بەڵام لەوەدڵنیابە
بۆكوێ‌ بڕۆی ...
دڵەی شەیدام بەدوواتدا دێ‌ .
عاشقێكم هێندە سەرمەست ،
مەگەر مەرگ نێوانمان بێ .

نا ... نا ... مەڕۆ ... !!
نەبائیدی نەتبینمەوە .
نەبا لەچاوەڕوانیتدا ،
بۆئەبەدی سەرنێمەوە .

2
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ... !!؟
بەم سەفەرەت ...
پەڕەی گوڵی خەونەكانم هەڵدەوەرێ‌ .
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ... !!؟
دڵم بەرگەی ئازاری دووریت ناگرێ‌ .
دوور لەچاوت ...
حەرفێ‌  شیعرم بۆنانوسرێ‌ .
11/3/2003ز
*لەگۆڤاری ( تیرۆژ)  دابڵاوكراوەتەوە .
*لەماڵپەری (نوسەری كورد) دابڵاوكراوەتەوە .
نیگای یادێك


ئەو ئیوارەیەم لەیادە ...
كەپێت وتم:-
ئاخر هێمن ...
خۆ ئێمە قەت بەیەكناگەین ...
ئیدی بۆچی بەنیگای چوم سەرخۆشی ؟!؟؟
من هەڵەبووم ... !!
من وامزانی ئەم قسەیەشت نازێكە و
پێمدەفرۆشی .
دەنا، كچێ‌ قەتنەمدەهێشت ...
لەباوەشی پڕلەسۆزما پێكی ئارامی بنۆشی .

*             *              *                  *

خۆ خۆتوتت :-
ئەوساتەنەی لەگەڵ تۆدام ...
ڕۆحم نوقمی ئارامییە .
كەچی رۆشتی و ،فرمێسك و ،غەم ...
دووا دیاری ماڵئاواییە .
¾-1-2004
سلێمانی
10,30شەو
*لە نوسەری كورد دا بڵاوكراوەتەوە.


وردە نیگا
من وامزانی ...
ژمێریارێكی شارەزای ...
هەموو وردە نیگاكانم ئەژمارەكەی .
كەچی چاوانت پێمدەڵێت:-
لەمن ناگەی .

* * * *

دەنا، كچێ‌ ...
كەدەتڕوانی ...
چاوێكت لێدادەگرتم .
سوچێكی دڵت دەداپێم ...
بەسەرسامی ڕاتدەگرتم .

* * * *

ئاخر ،كچێ‌ ...
نیگاكانم ئاشكرایە ...
داوای ئەوینت لێدەكەم .
لەنێو دلت جێمكەرەوە ...
تا هەمیشە یادت بكەم .

شەوی14/15-12-2004
8,55دەقیقە
* لە (نوسەری كورد) دا بڵاوكراوەتەوە .


بۆینباخـــــ
بۆ ئەو كچە مەسیحییەی وێنەی خۆی تێدا دەبینێت

ئەو ئێوارەی بۆینباخێكی سورم كڕی
هەستمكرد هێزێكی نادیار بەرەو مەسیح ڕامەكێشێ‌ .
كەچی گوڵم  هێندەی نەبرد ... !! !!
ئەوینی تۆ هاتە پێشێ‌ .
شەوی 11/12-1-2004


یەكەم نیگا

لەو ڕۆژەوەی ...
بەبەردەركی ماڵەكەتاندا ڕابووردم .
لەپاش ئەوە، لەسەر ڕێگەی خوێندنگەدا  ...
پێت گەیشتم .
خۆشم ویستیت ...
خۆشت ویستم .
بە بزەی لێو...
بەهەست و
نازو
سۆزەوە ،خۆت ناساند پێم .









سێ‌ پەیام و
نیگایەك..
ئەوساتانەی تۆدەبینم  ...
واهەستدەكەم ڕۆژی نوێیە .
واهەستدەكەم قاسیدێكی و
پەیامی ئەوینت پێیە .
دەستەو نەزەر ڕادەوەستم ،
چاوەڕوانی پەیامتم .
وەك كۆرپەی لەشیر بڕاوە ...
عاشقی گۆی مەمانتم .
جانازانم ئەوساتانەی كەدەمبینی ...
بۆچی زمانت لاڵەبێ‌ ... !!
یان حەزدەكەیت تێرلەباوەشت بگرم و
سەرەتای پەیامت ماچبێ‌ .
ڕەنگەوابێ‌، لەوڕۆژەوەی تۆم ناسیوە ،
قسەیەكم لێنەبیستوی ...
هەر بەنیگای چاوەكانت ،
خۆشم ویستوی .
*ڕۆژی نوێ‌:- مەبەست نەورۆزە .



موناجاتی ئەویندرێك
بۆ(شادە ڕەش و ..باوكی هێژام)

دوێ‌ شەوزۆرزۆر پاڕامەوە ...
لەباوكی خۆم .
تاڕێمبدا پەنجەكانم داگیرسێنم ...
لەجێی بیست مۆم .
بۆ ئاهەنگی لەدایكبوونت ، شادەی گوڵ
وەك دیارییەكی بچكۆڵەپێشكەشتكەم .
باوكم فەرموی :-
چۆن دڵت دی َپەنجەكانت داگیرسێنی ... ؟!!
هێندەعەشقی مرۆڤ مەبە ...
گەردابڕێن هەرەس دێنی .
وتم:- باوكە لەبیرتدێ‌ كەپێتوتم:-
هیمنەكەم،مادام كوڕی ...
دڵنیابە ڕێگەت نادەم ...
هەرگیز بووكەشوشەبكڕی .
ئەی باوكە گیان !! دەبێت ئێستا چیمپێبڵێی ؟!!
كەدەبیستی عەشقی بووكەشوشەیەكی ڕەشئەسمەرم
كەدەبیستی ڕۆژی سەدجار بەشادەی دڵبەرم دەڵێم :-
لەبۆتمرم .
باوكی ئازیز بەلوتفی خۆت مەرحەمەتكەو ...
لێمببورە .
ڕۆحی ماندووم بۆچاوانی ڕەشئەسمەرم قوڵپدەدا و ...
ئەوینی من بێسنورە .
كەمنداڵ بووم ڕێگەتنەدام ،
جارێك بوكوشوشە بكڕم .
گوایە كوڕم ...
دەمگوت: قەینا ، ئەوەی تۆپێمی دەفەرموی ...
لەسەر سەرمە .
وەلێ‌، ئێستا نەح و
                                        سەرف و
بەلاغەو ،عیلمی تەریقەت چوار بنەمان وەكوناوی خۆم لەبەرمە .
ئیدی باوكەدەمەوێت ببمەباحیسی وشەی (ئەوین)
تكا دەكەم ڕێگەم بدە ...
من و (شادە) بۆیەك بژین .
كوردستان- سلێمانی
4/10/2004
7:20دەقیقە
لەماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت دا بڵاوكراوەتەوە،وەكو كوردستان نێت 2004 و ..... .



پەپوڵەی ڕۆحـــــ...
ئەوكاتەی دڵ ...
لەكەناری تەنیایدا لەنگەر دەگرێ‌ .
پەپوڵەی ڕۆح ...
لەشەقەی باڵدەدەو
دەفڕێ‌ .
ئەوكاتانەی خونچەی لێوی ...
دوودڵداری تینوبۆیەك بەیەك دەگەن .
مەلاكان و
پیاوانی خێڵ ...
یەكدەنگ دەبن ...
هاوار دەكەن .
ئەوكەسانەی ئاوادەكەن ...
بێشەرەفن ...
دەیانەوێ‌ ئابڕوی خێڵ و
دین و
كوردەواری بەرن .
هەتا تۆزێ‌ شەرەف ماوە  ...
سەریان بڕن .
30/7/2003
لە 1/9/2003 لەماڵپەری (نوسەری كوردا) بڵاوكراوەتەوە


بۆ نیشتیمان



1
جیاوازی نێوانی ئێرەو
هەندەران دەزانی ... ؟!!
لێرە مرۆڤ دەدرێ‌ لەخاچ .
بەڵام، لەوێ‌ ...
بەبزەوە دەدرێتەبەر دەستڕێژی ماچ .
لێرە حیزب باڵادەستەو
لەوێ‌ دەوڵەت .
لێرە ئەگەر مەسئولێك لەپشتت نەبێ‌ ...
مرۆڤێكی ئێجگار نەگبەت .
ئیدی بۆچی پێمان دەڵێن:- سەفەرمەكەن .
بۆچی دەڵێن :- نیشتیمانتان بەهەشتێكی بێوێنەیە ...
كارمامزێ‌ لێرەناژی  ...
ئەوەی هەیە ، دڕندەیە .
2
كەمناڵبووم،
باوكم دەیگوت:- (نیشتیمانتان لەجێی منە). 
ئەوتان  هەبێ‌،منیشتان هەم .
كەچی ئێستاپیتەكانی(نون و یا ْ  و شینو تا ْ  و میم و ئەلف)
لای ئەو ونە .
نەك هەرلای ئەو ...
لای هەموو كەس نیشتیمان ناوێكی ژنە .

بەشی یەكەمی ئەم شێعرەلە 6/9/2002ز دانوسراوە وەلێ‌، بەشی دووەمی لە 25/1/2003زدانوسراوە كەلەهەمان بەرواردا 25/1/2003ز لە(كوردستان نێت)  دا بڵاوكراوەتەوە

سەفەر


چۆن ئەوڕۆژەم بیرچێتەوە ... !!
كەپێت وتم:-
توخوا !! هێمن ...
خەفەت بۆسەفەرم مەخۆ ...
ڕۆژێك دادێ‌ ...
كەدەستت بكەمەگەردن .
كەپێتوتم:-
هیچ شتێك مابەینمان نییە ...
مەگەر مردن .
ئێستا خۆم و
پێنووسەكەم ...
ئەشكی خوێنین ،
بۆسەفەری تۆڕۆدەكەین .
زۆر دەترسێم هێندەدووربیت ...
بەیەكنەگەین .
2
تووخوا !! كچێ‌ ...
سەفەر مەكە  ...
دڵم بەرگەی ئازاری دووریت ناگرێ‌ .
هێندەنابا ...
دڵم لەدووریتا دەمرێ‌ .
جائەو كاتە تۆی سەبەبكار ...
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ... !!؟
لە هەركوێ‌بیت نزای عاشقان دەتگرێ‌ .
جێممەهێڵە ...
دوورلەچاوەكانت تەنیام .
تەنیاتریش لەتەنیایی .
قەینا بڕۆ ...
مانای تەنیای نازانی .
3
هیچم نییە پێتببەخشم ...
بۆئەم كۆچە !!
لەناكاوەت ...
جگە لەفرمێسكی چاوم .
بۆ نازانی لەدوری تۆ ... ؟!!
لەدەریای غەماخنكاوم .
چۆن نازانی ؟؟
كەتۆبڕۆی ...
ئیدی تەنیا دەبم ...
تەنیا ،
مەگەر پێنوسەكەی دەستم ...
بە پارچەیەك لەهۆنراوە ...
       غەمی دڵم بەبابدا .
دەنا تەنیای زۆر سەختەو
بەسانای ڕاونانرێ‌ .
كچێ‌ منت لەبیرنەچێ‌ ...
خووا !! ئەتگرێ‌ .
وەك چۆن ،كەمن ...
هەرگیز تۆم بیر ناچێتەوە .
دەتوخووا تۆش ...
جارجار منت بیربێتەوە .
كوردستان – سلێمانی
10/9/2003ز
*لە1/10/2003زلە(نوسەری كورد) دابڵاوكراوەتەوە .

بەڵام ،گیانە...!!

هەموو شتێك بەعەشق دەستپێدەكات
(هێلین سێكسۆس)

-1-
قەڵەمەكەمم گرتە دەست ...
تابۆ چاوانت بێتە گۆ .
وەلێ‌، ئەفسوس ...
وڕكی گرت و ...
هیچ وشەی نەنووسی بۆتۆ .
-2-
هەستمدەكرد ...
گیان و...
جەستەم ،
شەكەتی چاوەڕوانی یە .
بیرت نەچێ‌ ...!!
چاوەڕوانی تاسەرنابێ‌ و
سەرئەنجام ماڵئاواییە .
-3-
من وامزانی ...
هاوژین_میت ...
بۆیەنیگام ئاوێزانی باڵات دەكرد.
بەڵام ، گیانە ...
من نەمزانی بەناسینت ...
وشەی(ئەوین) لەدەرونماوەفاتی كرد .
-4-
هاوژینەكەم ...
من وامزانی ...
لەو ڕۆژەوەی چاوەكانتم خۆشویستووە .
خەونەكانم ...
حەزو،
حۆزگەم ... سەوزبووە .
قەینا گیانە ...
گەربێوەفایشبنوێنی دڵەی شەیدام ...
لێت خۆشبووە .
چونكە حەرفی شێعرەكانم ...
لە سیمای تۆ وەرگرتووە .
-5-
تائەو كاتەی تۆم نەناسی ...
نەمدەزانی شیعرچی یە .
تائەوكاتەی تۆم نەناسی
نەمدەزانی چیڕۆك چی یە .
تۆپێت وتم:
شێعرو ...
چیرۆك،
سەرچاوەكەی دڵدارییە .


*لە (نووسەری كورد)دا ،لە ساڵی 2003بڵاوكراوەتەوە.


ئەم ملوانكەیە
بەم بەكێ‌..!!

ئەمشەویش وەكشەوانی دی ...
خەو لەچاوەكانم زرا .
هێندەم ئەستێرەكان بژارد ...
ئاسمان ئەستێرەی لێبڕا .
هەرهەموویم هۆنییەوە ...
وەلێ‌ ، ئەمما ....
نەدەزانی ئەم ملوانكەیە بەم بەكێ‌ ... !!
هەتاوەك بۆ یاری ببا.
كەسێ‌ نەبوو ..
فریاد ڕەسێ‌ ..
تالەم غەمەنجاتم با.
وەلێ‌ ،قەینا .
غەم بەدڵی من ناوێرێ‌ ...
بۆ یەكەم جار ..!!
غەم لەدڵی منا ڕووا .
31/5/20003
*لە ماڵپەری نوسەری كورد دا بڵاوكراوەتەوە.
سەری ساڵ...

1
ئەم شەو جەژنی سەری ساڵە و ....
هاوڕێكانم لەدەوری شەجەرەلمیلاد*كۆدەبنەوە .
منی ئاشوفتەحاڵی عیشق ..
لەدوری شادە ی دڵبەرم هۆن هۆن فرمێسك دەهۆنمەوە .
هەرخۆم تەنیا ..بەڵێ تەنیا..!!
لەسوچێكی ژوورەكەمدا ،دەگەڵ فرمێسك ژوواندەكەم .
هەتاوەكو یادگارییەكانی ڕابووردووم تێبپەڕێ‌ و ...
یادیان نەكەم .
دەچمە كونجێك كەهیچ شتێكی لێنەبێ‌ ،جگە خۆم و ...
بالێفەكەم.
تانانەت مۆمێكیش نابەم  ...
نەبادا ،ئەوساتانەم بێتەوەیاد ..
دەبوومەپەروان بۆتۆ ،هۆ _كیژۆڵە ڕەشتاڵە_كەم.
ئەی شەمعەكەم ...

پاش تێپەڕبوونی نیوەی شەو ...
هاوڕێَََكانم لەئاهەنگ دەگەڕێنەوە .
بەدەستێك تۆزی سەر شان و
بەدەستێك جێماچی یاریان دەسڕنەوە .


2
بۆیە ئەمشەو ، بەڵێ ئەمشەو ... !!
غەمەكانم دەنوسمەوە بەچەند دێڕێ‌ .
هەروەكو چۆن ژین و
شێعرم،هەردەم غەمیان لێدەچۆڕێ .
حەسرەت و ...
غەم هێندە زۆرەتەواو نابێ .
وەلێ‌ ،من لەم سڕڕەناگەم ...
بۆچی هاوڕێم هەموو شادن ... !!
غەم هەر میوانی من دەبێ.
1/1/2004


ئەوینی تۆ


بەمەلی نیگات بڵێ‌ ...
ئەوەندە لەسەر بانیژەی شێعرم هەڵنەنیشێ‌ .
هەمووشتەكان ڕەنگی تۆیان گرتووە ،
هەموو شتەكان لەتۆدەچن .
هەمووڕێگەكان لەخاڵێكدا یەكدەگرنەوە  ...
ئەویش: ئەوینی_ تۆیە .
*لە گەڵ پارچەشێعری (بەپەڕەموچی-با-ویستم) لە 7/7/2003لەماڵپەری (كوردستان نێت) دا بڵاوكراوەتەوە .


بەپەڕەمووچی _با ،ویستم..


ئەو دەمەی لە كوپی قاوەگرەوەیەكدا خۆمم بینی ...
وامزانی ئەوڕۆژەیە ،
كەبەپەڕەمووچی باویستم :-
تا بلۆی بەختەوەری لەنێودڵتدا بكێشم .
من هەڵەبووم ...
نەدەبوو ئەوەندە شێتانە وەدووت كەوم ،
ئەم ئێستا دەبێت باجی هەڵەكەمبدەم .
لەچەقی دەریادا حەیرانم ...
نازانم گەردەلولی دەریادێ‌ و ...
دەمبا.
یان شەپۆلەكان بەرەو بنی دەریا ڕاپێچم دەكەن ...
هەركامیانبێت هەربەرەو فەوتان دەڕۆم،
ئاخیری دەبێت باجی هەڵە كەمبدەم .
30/5/2003
*لە7/7/2003 لەماڵپەری (كوردستان نێت) دابڵاوكراوەتەوە .




زستانی پار
كچێ ئازیز ,
لەبیرت دێ زستانی پار ....
بەفرێكی زۆر زۆر باریبوو .
جیابوینەوە، دەستە دەستە و ...
كۆمەڵ كۆمەڵ .
بۆ چاوشاركێ و
شەڕە تۆپەڵ .
من و
تۆ دژبەیەكتربوین ...
بۆ ئەوەنا ڕقمان لەیەكتر بێتەوە .
چاوەڕوانی فرسەتێك بووین ...
ڕۆحمان بەماچ حەوێتەوە .
وەلێ‌, ئەمسا ڵ  لە غوربەتی بێتۆیدا ....
نازانم چۆن دەستەكانم تۆپەڵبگرێ‌ .
ئەگەر دەستەكانم تەزێن ...
ئەی كێ‌ فرمێسكم بۆ بسڕێ‌ .

كچێ‌,شادە ...
بڕیارێكە و ...
داومەتەواو:
(لەدوای تۆ كەسم خۆشناوێ‌ .
دل َسەبوری بەكەسنایە
هەزار نەفرەت لە ڕابووردووم
بریا تۆشم نەناسیایە.)
 ئیدی لەگەڵ پێكی مەیدا ژووانەكەم ...
پێممەڵێن بۆ ... !!؟
متمانەم بەهیچ كەس نییە و ...
ڕۆحی ماندووم ئەوینی كەس ناگرێتە خۆ .
لە دووای كۆچت بەگومانم لە گشت كەسێ‌
بەچاوی من لەیەك دەچن ...
پلە پەنجەكانی دەسێ‌.

كوردستان-سڵمانی
زستانی / 2004ز

سێ‌ پەیام و
نیگایەك..
ئەوساتانەی تۆدەبینم  ...
واهەستدەكەم ڕۆژی نوێیە .
واهەستدەكەم قاسیدێكی و
پەیامی ئەوینت پێیە .

دەستەو نەزەر ڕادەوەستم ،
چاوەڕوانی پەیامتم .
وەك كۆرپەی لەشیر بڕاوە ...
عاشقی گۆی مەمانتم .

جانازانم ئەوساتانەی كەدەمبینی ...
بۆچی زمانت لاڵەبێ‌ ... !!
یان حەزدەكەیت تێرلەباوەشت بگرم و
سەرەتای پەیامت ماچبێ‌ .

ڕەنگەوابێ‌، لەوڕۆژەوەی تۆم ناسیوە ،
قسەیەكم لێنەبیستوی ...
هەر بەنیگای چاوەكانت ،
خۆشم ویستوی .

*ڕۆژی نوێ‌:- مەبەست نەورۆزە .


ئەوین و گریان

-1-
لەو ڕۆژەوەی نیگای چاوم
ئاوێزانــــی چاوت بــــــــووە .
خۆزگەی بەیەكتر گەیشتن،
لەنێو دڵما ســـەوزبـــــــــووە .
-2-
تائەوكاتەی تۆم خۆشنەویست
نەمدەزانی گریان چی یە .
بەڵام ،كۆچت فێری كردم ...
كەدابڕان تاڵاو ێكە وێنەی نی یە .
-3-
ڕوبارێكی سەرشێت مەبە
بەبەردەڵانی خاكی دڵمدا ڕۆمەچۆ .
تازە دڵــم پــڕە لەخەم ...
ئەوینی كەس ناگرێتە خۆ .



لێت دەڕوانم!!

چۆن بتوانم ... !!؟
دیمەنی ئەو سەرنجانەتبسڕمەوە .
زۆر بەوردی لێتدەڕوانیم ،
كەلەخوێندن دەهاتمەوە .

چۆن بتوانم ... !!؟
ئیشارەتی ئەوڕۆژانەت بیربەرمەوە .
كەبەدەم خەندە و ...
نازەوە.
جووابی ئیشارەتی منت دەدایەوە .

چۆن بتوانم ... !!؟
شەڕە تۆپەڵی ئەوڕۆژەبیربەمەوە .
كەلەڕێگەی قوتابخانەدەستمان پێكرد ...
تاماڵەوە .

بەرلەوەی بگەینەمڵێ‌ ...
خۆمانتەكاند .
دەستمانكردە ملی یەك و ...
خۆزگەیەكی زلمان دركاند .

وتمان:
خۆزگە بۆیەكدەبووین .
من بەوم گوت :
گەربێوەفای نەنوێنی .
ئەوپێمی گوت :
گەربێوەفای نەنوێنی.
بۆیەكدەبین .

چۆن بتوانم ... !!
ئەو دیاری و
وێنەو نامانەت ...
كەلەلامن بسوتێنم .

چۆن بتوانم  ... !!
هەموو ئەوڕۆژەخۆشانە ...
لەدڵدەركەم .
عەڵقەی ئەمڕۆی مارەبڕی و
سبەی حەفلەی گواستنەوەت لێپیرۆزكەم .
*ساڵی 2003لەماڵپەری (نوسەری كورد)  بڵاوبۆتەوە .
كۆچ

چۆن دڵتدێ‌ جێمبهێڵی ... !!؟
كەمن دڵم لەلای تۆیە ..
ئەی نازانی عاشق كاتێ‌ دوورە لەیار !!؟
هەمووژینی ڕەنجەڕۆیە .

وەرە و مەڕۆ ...
نەباڕەنگی پایزبگرم .
نەبا لەدووریتا بمرم .

دەترسێم پەپولەی ڕۆحم بژاكێنی و
بۆئەم كۆچەلەناكاوەت ..
وەك پەروانە، بۆهەمیشە ئۆقرەنەگرم.




 



بۆ نەهاتیت..!!؟


1
گلەیت لێبێت گوڵەكەم ...
بۆ نەهاتیت ... !!؟

2
بڕوات هەبێ ...
لەوساتەوەی چومە نێو هۆڵ ...
تائەو ساتەی هاتمەدەرێ‌ .
مێشكم لای شوێنەكەی تۆبوو .
دەفتەرێك و
سەدرییەیەك لەجێی تۆبوو .
دڵی چەندین هاوڕێی ئازیز ...
لەسەر چۆڵی شوێنەكەتۆ لێم زویربوو .
هەركەس دەیگوت:- (بادانیشم)
دەمگوت:- ببورە گیراوە .
شانۆ گەریكەش تەواو بوو ...
بێئەوەی بزانم باسی چیكراوە .


3
گلەیت لێبێت گوڵەكەم ...
بۆ نەهاتیت ... !!؟

4
كەڕۆشتمەوە ،بۆماڵەوە ...
دایكم فەرمووی:- (كوا سەدرییەكەت بۆتبشۆرم)
ئینجا وەبیرم كەوتەوەلە هۆڵەكەلێمجێماوە .
تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری هۆڵكردو وتم:-
(برا، تادواڕۆژی شانۆییەكە ئەو جێگەیە هەرگیراوە).
بۆیە گوڵم هەر ڕۆژێك چویت ...
دەبینی دڵ و
سەدرییەو
دەفتەرێكی ئەنەتۆمی ...
لەسەر كورسییەكی چۆڵی نێو هۆڵەكە بەبێنازی بەجێماوە .
تكادەكەم، ئەگەرچویت و ...
گەڕایتەوە، لانی كەمدڵم هەڵبگرەو
بیگێڕەوە بۆ شوێنی خۆی .
هەر دوێ‌ شەو بەماڵەوەم وت:-
(ئەگەر مردم بزانن هۆكارەكەی تۆی).
2/4/2004
هەینی
كوردستان – سلێمانی.
 


لێت دەڕوانم!!
چۆن بتوانم ... !!؟
دیمەنی ئەو سەرنجانەتبسڕمەوە .
زۆر بەوردی لێتدەڕوانیم ،
كەلەخوێندن دەهاتمەوە .
چۆن بتوانم ... !!؟
ئیشارەتی ئەوڕۆژانەت بیربەرمەوە .
كەبەدەم خەندە و ...
نازەوە.
جووابی ئیشارەتی منت دەدایەوە .
چۆن بتوانم ... !!؟
شەڕە تۆپەڵی ئەوڕۆژەبیربەمەوە .
كەلەڕێگەی قوتابخانەدەستمان پێكرد ...
تاماڵەوە .
بەرلەوەی بگەینەمڵێ‌ ...
خۆمانتەكاند .
دەستمانكردە ملی یەك و ...
خۆزگەیەكی زلمان دركاند .
وتمان:
خۆزگە بۆیەكدەبووین .
من بەوم گوت :
گەربێوەفای نەنوێنی .
ئەوپێمی گوت :
گەربێوەفای نەنوێنی.
بۆیەكدەبین .
چۆن بتوانم ... !!
ئەو دیاری و
وێنەو نامانەت ...
كەلەلامن بسوتێنم .
چۆن بتوانم  ... !!
هەموو ئەوڕۆژەخۆشانە ...
لەدڵدەركەم .
عەڵقەی ئەمڕۆی مارەبڕی و
سبەی حەفلەی گواستنەوەت لێپیرۆزكەم .
*ساڵی 2003لەماڵپەری (نوسەری كورد)  بڵاوبۆتەوە .

خۆشم دەوێــــــــــــــــی..
كەتۆ دێی ڕەنگی ڕەشی فیراق  ...
نیشتیمانم جێدەهێڵێ‌ .
كەتۆ دێی شنەبای سۆز هەڵدەكا و ...
باخچەكان پڕدەبن لەبۆنی بەرائەت .
ئـــــــای !! لەو ساتانەی كەتۆ دێی !!!
هەستدەكەم لەپیری موغانەوە  ...
دەبمەوە بەكوڕێكی چواردەساڵ .
هەستدەكەم لەنوێ‌ دروست دەبمەوە .
هەستدكەم لەئاویلكەی تەمەنەوە ...
دەچمەوەنێو نۆبەهاری ژین .
بەخێربێی پەری ئەوینم ...
ئای لە یەكەمین بەیانی پێموتی:-
خۆشم دەوێی ...
تۆوتت:-
نا .
مردم و
زیندوبومەوە .
مردم بۆئەوەی ،وتت:-نا.
زیندوو بوومەوە بۆئەوەی
جارێكی دیكەش پێت بڵێم :-
خۆشم دەوێی .
20-4-2004
الفراق: البین: الغربە لێرەدا بەمانایالنوی:البعدبەكار هاتووە.
تەشریح و ...
                ئەوین
دكتۆری تەشریح پێی وتم:-
خێرا هەستە و
وەرە پێشێ‌ .
وتم :دكتۆر گیان ببورە ... !!
هەستەكەم هێزێكی نادیار ڕامەكێشێ‌ .
بەتوڕەییەوەوتی:-
پێمبڵێ‌ ئەوهێزە چییە .
وتم:-ئەوین ...
وتی :ئەوین شتێكە هیچ مانای نییە .
وتم:- دكتۆرگیان ببورە ...
بڕوات هەبێ‌ ...
سەعاتێكە من نازانم چیباسەكەی .
بمبوورە دكتۆر ئەزانم ... !!
لە دڵی ئەویندار ناگەی .
لەبیرم دێ‌ ئەو دكتۆرە ڕۆژێ وتی:-
(ئەخسائی) مانای خەساندن ...
گەر نەخەسێی نابیە دكتۆر ...
من وامزانی بەڕاستێتی و
خۆی خەساوە .
هاوڕێكانم وتیان:-بەڵێ ...
پارئەم كاتە پێمانەوت دكتۆری بوخچە نەكراوە .
كەچی لەكۆتای ساڵاخوێندكارێی سەركەوت و
جوانی هەڵبژارد،هەتاوەك ببێ‌ بە زاوا .

خۆری نیگات
بۆ (دیلمانی حاجی شێخ جەماڵی) هاوڕێم دەكرد.
كە بەیانیان دێمە دەر و ...
بۆ زانستگە هەنگاو دەنێم .
بەبینینی چاوەكانت ...
واهەستەكەم كەسێكی نوێم .
وەلێ‌، كچێ‌ ...
تا ئەوكاتەی تۆ نەبینم
خۆرهەڵنایە .
چونكە خۆریش وەك تۆ وایە .
تا تۆنەیەی ...
ئەویش نایە .
وەك چۆن مانگیش ...
بەبینینی ڕوخساری تۆ ، شەرم دەیگرێ‌ و
قەت هەڵنایە .
16/17-1-2004
6,20دەقیقە
زوبانی گوڵ و..
                زوبانی پەپولە
ئەزانن..!!
كە پەپوولە گوڵە بینێ‌..
بزە دەگرێ‌.
كەگوڵ پەپولە دەبینێ‌ ...
تێر دەبزوێ‌ .
بەزوبانە مناڵ ئاساكەیان ...
ناز دەكەن و،
بەچاوان و،
بەلێوان و ...
بەهەردوو دەست ...
بەلەنجەو لار،
ئیشارەت بۆ یەكتر دەكەن .
ئەوین
ئەمشەو ...
لەگەڵ دوواین وشەكانی ماڵاوایت توامەوە .
هێندە مەست بووم بۆ دیدارت ...
لە قیبلەگەی چاوەكانتا گیرسامەوە .
وامدەزانی ئەمە قسەی فاڵچی یەكەیە و ...
بۆ باوەشی پڕلەسۆزت گەڕاومەوە .
سوتانی ڤینۆس..
عیشق ئەوپەپوولەباڵ سوتاوەیە
بەشوێن گوڵێكدا ڕادەكا و ...
پێی دەخزێ‌ ،
لەناو شەرابی لەززەتدا نغرۆدەبێ‌ .
لەكوێن ئەودەستەڕەشانەی ... ؟!!
گوڵی عومری ئەوخاتوزینانەیان ...
لەئێوارەیەكی پایزیداهەڵپڕوچقاند !!..
لەكوێن ئەوكوندەپەپووانەی ... ؟؟؟
نامەی كوشتنی ئەوگوڵە مینایانەیان ،
لەژێرباڵیاندا هەڵگرتبوو .
وەلی دێت و ...
شەم سنگی دەكات بەگوڵدان .
مەرگەوەڕ دێ‌ و
نامەكانی خەونی خۆش نودی دەپێچێتەوە .
مانگ درزی برد،
سێوی لەزەتی لێكەوتەخوار .
خۆرزاوپرچی تۆی لێبوو .
پرچی تۆزا و
 تەزوی لەزەتێكی لێبوو.
لەززەت بووبەكوانوی گر ِو ...
جەستەی ڤینۆسێكی سوتان .
*لەژمارە25ی 27/1/2001ی هەفتەنامەی (ڕۆژی گەل) دابڵاوكراوەتەوە.
ئەی هاوڕێگیان
پێشكەشە بەوهاوڕێ خۆشەویستەم،بەو خاڵۆزا ئەزیزەم ،كەپاش تێكەڵاوبوون لەگەڵ سیاسەتدا تیرۆریان كرد ،بێئەوەی هۆكاری شەهیدكردنەكەی  بزانرێ‌ ، وەلێ‌ بەداخەوە بكوژانیشی دەستگیرنەكران و حیزبیش بەشەهیدی سەركردە ناوی دەهێنێ‌ و هەموو ساڵێك ساڵ یادی بۆ دەكات،كەچی  لە ئاست تیرۆریستان و بكوژانیشی دا بێدەنگە...ئای لە حیزب چەند بێوەفایە،دوورنییە هەر خۆشیان تیرۆریان نەكردبێ....!!!
لێمببورە تائەم ساتەهیچم بۆتۆنەوتووە ...
لەسەر وەسیەتەكەی باوكم ...
زارم لەجنێو كەوتووە .
ئەگینا قەحبەنە ئەوانەی بەناغافڵ  ...
تۆی تازەلاویان كوشتووە .
قەحبەیەكی ئاسای، نا ... !!
ئەو قەحبانەی شەوی سوری بەرپرسانیان ...
 ڕێكخستووە .
یانی: دەڵاڵ ...
ئەودەڵاڵەی بەناوگەڵی پارێزگار 1و
ئەوانی دی مەست كردووە .
ئەگینا بۆ ... ؟!! تائەمساتە ...
هیچ كەسێكیان نەگرتووە .
یان ئەم شارە  ... 2
شارێكی بێحاكم بووە .
یان وەك كوردەواری دەڵێ‌ :-
ئەم ماستەمووی بەرپرسانی تێكەوتووە .
ئەی هاورێ‌ گیان ...
گیانت شادو و
بەهەشتی بەرین جێگەتە .
من دەزانم لەوەدنیاش  ...
دڵخۆشكردنی مناڵان هەر خۆزگەت .
زۆر بەجوانی بیرم نایە !!
كەمناڵ بووم شۆخیت لەگەڵدا دەكردم .
تێر تێر دەتنام بەسنگتەوە و
بەرەو لای وەزڵیت 3دەبردم .
ئاخ ... !! مناڵی  ...
شەلڵا، گەورەنەبومایە .
هەتاوەكو جگە لەچاوشاركێ و  ... 
جۆجۆ ...
هیچی ترم نەزانیایە .
من دەزانم  ...
ئێستا گلەیم لێدەكەیت ...
دەڵێی بۆهێندە بێدەنگی !!
بەڵام ،چیبكەم ئازیزەكەم ؟
ڕەخنەو جنێو بۆتەلەنگی ... !!
ئەمە ئەگەر لەپێناویا تیرۆرنەكرێی
بەرەو زیندانی تاریكی حیزب نەبرێی .
1-مەبەست لەبەرپرسانە كەبەشێوەیەكی گشتی ئەركی پارێزگاری هاوڵاتیانیاندەكەوێتەئەستۆ، نەك مەبەست محافز بێت.
2-یەكێكە لەشارەكانی كوردستانی گەورە .
3-كانییەكە دەكەوێتەپشت ماڵەكانی (گوندی بەرزنجە ) و خەڵكی ئێواران بۆكات بەسەربردن ڕویتێدەكەن.
سەرنج:- لەبەر نەبوونی ئازادی تەواو نەمتوانی پەراوێزەكان بەڕونی و تەواوی بنوسم..
سلێمانی 26/8/2004
*ئەم شێعرە لە 31/8/2004ز دا لەماڵپەری (كوردستان نێت) دا بڵاو كراوەتەوە ،هەروەها لە( نوسەری كورد)یشدا.
هەڵەبجە..!!
بۆ : باوكم  .. بۆ: دایكم ..ئەو دوو مرۆڤەی نۆجار جەرگیان سوتاوە و هەموو كارەساتێك كە بەسەر كوورد دا هاتووە ڕۆڵەیەكی لێسەندوون
من دەزانم سلێمانی دەبێتەهێرۆشیما و
هەڵەبجەش بیردەچێتەوە .
ئەفسوس ،ئەمیش ...
وەك ئەنفال و
كۆرەوەكە  ...
دەچێتە نێو بیرەوەری و
مێژووەوە .
وەلێ‌،قەینا ...
چونكە فێرین زوو ڕابردوو لەبیرەكەین .
ئایندەش ناخوێنینەوە .
2
وەسیەتێكە و
لەدوانامەی بەرلەمەرگما بۆتدەنوسم .
نەبا ئیدی نامەی منت نەگاتەدەست
ئەگەر مردم ،بەپێنوسم ...
لەسەر گۆڕەكەم بنوسە (عومەری خاوەر)
بامەرگی من مەرگی عومەری خاوەربێ‌ .
چونكە پاش چەند ڕۆژێكی دی ..
سلێمانیش وەك هەڵەبجە لەیادەكرێ‌ .
19/3/2003
ئەم شێعرە لەماڵپەری (كوردستان نێت) دابڵاوكراوەتەوە.
خیانەت..!!
1
ئەوان هاتن ...
گریان لەباخچەكان بەردا و
كانیاوەكانیان تینوكرد .
ئەوان هاتن ...
شۆستەكانیان پێچایەوە و
عەردی خوایان لەئێمەی مرۆڤ حەرامكرد .
ئەوان هاتن ...
مەمكی ژنەكانیان بڕی  ...
ئەو ژنانەی بەقەدەری خودا.
لەدوای مەرگیش ...
 شیری كۆرپەكانیان دەدا .
2
ئەوان دێن  ...
زارمان ببەستن و
بمانكەنە قەرەجێكی پێپەتی .
كەچی ئێمەدەچین و
دەیانكەینە فریاد ڕەس .
3
ئەوان دەڕۆن ...
دەترسن قینی جەماوەر بیانكوژێ‌  .
كەچی ئێمەدەیانهێنین ...
لەژێر یەك پێخەفدا،
دەگەڵ ژنەكانمان دەیاننوێنین .
25/3/2003
*لەماڵپەری (كوردستان نێت) دا بڵاوكراوەتەوە .

نیشتیمان
ئێمەنیشتیمانێكمان هەبوو لەبەفر،
پرشنگی خۆر بێرەحمانە تاوی سەندوو
وەرزی گەرماش گەرایەوە.
بەرلەوەی بچینە ناوی ...
نیشتیمانمان توایەوە .
ئێمەنیشتیمانێكمان هەبوو ...
لەڕەژوو،
دڵۆپەنەوتی تاوان كار ...
خۆی ڕژاندە سەرجەستەی و
شەمچەیەكی بێویژدانیش ...
خۆی داگیرسان .
خۆی فڕێدایە سەرنیشتیمانی ئێمە و
هەموو سوتان .
ئێمەنیشتیمانێكمان هەبوو لەخۆڵمێش
ڕەشەبایەك خۆی هەڵسوران .
نەی هێشت تیابحەوێینەوە و
هەمووی فڕان .
ئێمە نیشتیمانێكمان هەبوو ..
پێی دەوترا كودستان .
زۆر لەلاوان، لەپێناویا خوێنیان ڕژا .
زۆرمان ئازارو مەینەت چەشت ،
هەتاوەكو ئازادكرا .
بەڵام ،سەدداخ !! هێندەی نەبرد .
شەڕی ناوخۆ هەڵایساو
ئازادیمان وەفاتی كرد.
*ئەم شێعرەلە ئابی 2000ز دا لەبڵاوكراوەی (بێداری) ی  (یەكبوونی قوتابیانی ئیسلامی ) دا بڵاوكراوەتەوە .
ئەوین و...
                   مەسیح
لێم ببورە ...
تائەو ساتەی پێیان وتم:-
تۆ مەسیحی و ...
منیش ئیسلام .
ئێجگار خۆشەویست بووی لەلام .
گەرچی ئێستاش خۆشم دەوێی ...
وەلێ‌،ئەفسوس ...
كەنامەوێی .
چونكە ناتوانم تەریقەت لەیادكەم و ...
لەئیسلام پاشگەز ببمەوە .
وەلێ‌،گەر تۆ دەبیە ئیسلام ...
لەبەر پێتا دەتوێمەوە .
وەسیەتی باوكمە كچێ‌
هەتا مابم ..
تەریقەتم * لەبیر نەچێ‌ .
بۆیە دەڵێم لێمببورە ...
گەرچی ناخم بۆت قوڵپەدا و ...
ئەوینی من بێسنورە .
دیسان دەڵێم :-
لیمببورە.
شەممە10/1/2004
*مەبەست تەریقەتی قادرییە.
-ئەم شێعرە بۆ كچە مەسیحییەك نووسراوە،كە لە ڕێگەی خوێندن دا دەمبینی و عاشقی بووم و ...خۆشم ویست ،وەلێ‌ نە ئەو ڕازی نەدەبوو كوڕە مسوڵمانێكی خۆشبووێت، نەمن دەمتوانی پێی بڵێم كە خۆشم دەوێت.چونكە بیركردنەوەی ئاینی  ڕێگری ئەو خۆشەویستییەبوو. بۆیە  ئەو ئەوینە لە سنووری چاوبڕكێ‌ و لەیەكتر ڕوانین تێنەپەڕی.
بزەی لێو
نا ،گیانەكەم..
سەفەرمەكە بەرەو مەملەكەتی سەراب..
بۆ نازانی ..؟!!
دوای دابڕان..
ژیان پڕدەبێ‌ لەخەراب.
******
ئەی یارەكەم..
چاوە مەخمورییەكانی تۆ.
لەو ڕۆژەوەی لەمن ڕامان..
دڵی منیان هێنایە گۆ.
******
كە بزەی لێوتم بینی..
وامزانی هومایەكەو
لەسەر دڵم هەڵدەنیشێ‌.
وامزانی كۆتای بەشەوی یەڵدای ..
تەمەن دێنێ‌.
دابڕان
تا ئەكاتەی تۆم نەناسی ..
نەمدەزانی گریان چییە.
بەڵام ،كۆچت فێری كردم..
كەدابڕان تاڵاوێكە وێنەی نییە.
***
ئێستا ناوێرم وەك جاران.
سەبری وێنەكانت بكەم.
دەترسم لەدەریای ئەشكا ..
بەرەو مردن گینگڵبدەم.
عیساو...
                   مەریەم و ...
                          خاچ. .
من ڕقم لەپاكیزەی مەریەم و ...
خاچەكەی عیساش دەبێتەوە .
چونكە مەریەم هەموو پاكیزەی برد بۆخۆی و
عیساش میراتییەكەی هەر خاچێك بوو .
تا جەلادەكان لەخاچمان بدەنپێی ...
نا ، من مەریەمم خۆشدەوێ‌ ...
گەر وانەبوایە هەموو مرۆڤەكان پاكیزەدەبوون .
بەڵام ، هەر ڕقم لەعیسایە ...
گەر عیسانەبوایە ئێمە خاچمان نەدەناسی.
جەلادەكان شتێكیان شكنەدەبرد ..
هەتا ڕۆحمانی پێبژاكێنن .
كەواتە دەبێت عیساشم خۆش بوێت.
چونكە گەر مردن نەبووایە ،
ژیان بەردەوام نەدەبوو .
1ی 5ی 1983
قەرزارم ...
بەڵێ !! قەرزارم ...
ئەمسالیش ،ساڵیادی تەمەنم تێپەڕی و
مۆمێكی تەمەنم نەكوژانەوە .
حەزدەكەم كاتژمێرەكەی دەستم بوەستێنم.
تازەمەن تێنەپەڕێت ...
حەزدەكەم 1ی5 لەڕەگەوەهەڵبكەنم ...
ئای چەند خۆشە لەساڵیادتدا مەستبیت ... !!
قەرزارم ...
قەرزاریخۆم ...
لە1ی5ی83وەتائەمڕۆ  ...
لەمانای (ژیان) دووڕدۆنگم ...
بۆ باوكم..!!
بمبوورە باوكەگیان ..
كەنەمتوانی شوێن پێكانت هەڵبگرم و
تەریقەتت نوێكەمەوە .
كەنەمتوانی لە فەرمانت دەرنەچم و
بەرەو لای ئەو نەعلەتییە*نەڕۆمەوە .
ئاخ !! نەعلەتی ..
كۆنە یارت لێزیزكردم،
كەچی بۆتەنیاساتێكیش ئاوڕت لێنەدامەوە .
بمبورە ،شادە گیان ...
بەرلەباوكم ،
دڵی ناسكی تۆمیەشان .
من دەزانم ...
 تۆی مێینەئێجگار دڵت فراوانە .
 لێمببورە !! ..
تومەرقەدی ئەو یاشێخەی ،كەباپیرە گەورەمانە.
ئەو هەورامییەی خۆشم ویست،
بەس شێت و شەیدای سامانە.
ئەی یار..
ئەی هۆی عەزابی ڕۆ حی من..
گیانە یەكەم حەرفی شێعرم بۆتۆ نوسی ...
كەچی وائەمڕۆ خەریكە لەبیرخۆمت دەبەمەوە .
واخەریكە بۆئەوڕۆژە دەڕۆمەوە  ...
كەبەرلەتۆ، شادەی  بێوەفام ناسی.
نا ... نا ... ئەوبێوەفانەبوو ...
قەدەر پڕبوو لەكەساسی .
دەنا ، خۆشادە پێی وتم:-
هێمنەكەم ، وەرە ئەوێ‌ *...
هەتاوەكو بەیەكبگەین .
هەتاوەكو لێرە یەكتر مارەبكەین .
ئاخ!! نەداری ،چلۆن نەتهێشت ...
بەشادە ی تاقەیارو
هاودەم بگەم .
ئاواش نەتهێشت ...
بەیاری دووای یارم بگەم .
بڵێی لەدووای ئەم دوویارە  ... !!؟
یارێكی دیكەبگرم و
هەرپێی نەگەم.
ڕەنگەوابێ‌..
چونكە بەرلە شادەی دڵم ....
هاوەم  خۆشویست ...
وەلێ‌،زەمەن ڕێگەی نەدام ،كەپێی بگەم .
*مەبەست لە وڵاتی ئامریكایە.


دوو ڕونكردنەوەی پێویست:
1-ئەو شێعرانەی لێرەدا بڵاوكراونەتەوە،هەمان ئەو شێعرانەن كە كاتی خۆی لە دووای نووسینیان بە ماوەیەكی كەم،لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت بڵاوكراونەتەوە،و لێرەشدا و لەم دیوانە شێعرەدا بێ هیچ دەستكارییەك و بەبۆن و بەرامەی كاتی خۆیەوە،دووبارە بڵاوكراونەتەوەو،بە باشم نەزانی هیچ دەستكارییەكیان بكەم و بۆیان زیابكەم یان لێیان كەم بكەمەوەو بیان گۆڕم.
2-نووسەر و شاعیر لە ساڵی( 2000ز)یەوە كە تەمەنی حەڤدە ساڵ بووەو ،دەستی بە نووسین كردووە،بە چەند ناوێكەوە بابەتی بڵاو كردۆتەوە،كە پاش چەند ساڵێك بڕیاری دا هەموو ئەو  ناوانە فەرامۆش بكات و بەناوی ئێستایەوە بابەتەكانی بڵاوبكاتەوە،ئەمەش ناوەكانی ڕابردووە: (هێمن بەرزنجی ، هێمن كەریم ،هێمن كەریم ئەحمەد، چاوان چاوڕەش ،ڕۆزا زەبیحی ، ڕاز عەبدولكەریم،زانیار هەورامانی،بێستان،شادە ڕەش،هێمن مەلا كەریم،)بۆیە لەمە بەدووا جگە لەناوی خۆم بەهیچ ناوێكی دیكەوە بابەت بڵاوناكەمەوەو،هەموو ئەو بابەتانەشی بەناوەكانی سەرەوە بڵاوكراونەتەوە هی منن و مافی كەسیان بەسەرەوە نییە.
هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
25-9-2009
كوردستان – سلێمانی -مامەیارە