ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۴

بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی و

بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی و
شێخ لئیسلام زەینەلعابدین بابا گەورەی مودەڕیسی بەرزنجی

ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
پیری زاهید و ڕێبەر و پێشەوای مسوڵمانان،ناوی تەواوی (مەلا زەینەلعابدین ی شێخلئیسلامی مودەڕیسی  بەرزنجی كوڕی مەلا عەزیزی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی  كوڕی مەلا عەبدولی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی) یەو ،یەكێكە لەزانایانی بنەماڵەی (شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) و بەهۆی لێهاتووی و شارەزای و زاناییەوە لە شەریعەتی ئیسلامی پیرۆز دا بە (شێخ لئیسلام زەینەلعابدین باباگەورەی مودەڕیسی بەرزنجی) ناوبانگی دەركردووە و،بەزۆریش لەناو خەڵكی (بەرزنجە) و دەوروبەریدا بە (بابا گەورە) ناوی هێنراوە،ئەمەش دەگەڕێتەوە  بۆ ڕێز و خۆشەویستی خەڵكی بەرامبەر بەم زاناگەورەیەی كورد و،وشەی (بابا یان باوە) ش  لەكۆنەوە بۆ پێشەوایان و زانایان و ڕێبەرانی تەریقەت بەكارهاتووەو،كۆچ كردوو (مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی)  لەم بارەیەوە دەنووسێت : (وشەی (بابا) یان (باوە) هەم بە باوكی باوك وتراوە،هەم بە باوكی دایك و،هەم بۆ پیری ڕچێكی ئاینی و،دەروێشی و،لەم ڕووەوە هاوتایە لەگەڵ وشەی (پیر) و بەلای زۆرەوە ئەم نازناوە لە هەرێمی گۆران نشینان دا باوبووەو بۆ جێیانی تری كوردستانیش پەرەی سەندووە.) (1)
زانای گەورە (مامۆستا عەلائەدین سەجادی)یش لە پەرتووكی (گەشتێك لە كوردستانا) لە بارەی نازناوی (باوە یان بابا) وە دەفەرمووێت : (ڕەوشی كوردەكان وایە كە بەپیاوی خاوەن پایەی دینی و لە بنەماڵەی دینی ئەڵێن:باوە.باوە:واتە (بابە) ئەمەش بۆ گەورەی و ئیعترافی دینییە،وەكو (باوە پڵاوە ) و (باوە مەحمود) لە بناری خانەقی ،(باوە كلیدی) و(باوەمەردە) و (باوە خۆشین)  و(باوە اسحق) لە وڵاتی هەورامان و سولەیمانی و كەركوك،(باوە سەیی) واتە(باوە سەیید) لە وڵاتی ئێران، وە یا (بابە شێخ) لە هەموو لایەك ،ئەمانە بەم جۆرە هەركە بەناوی خۆیانەوە ،وەیا بەناوی جنسەكەوە وتوویانە.) (2)
بەهەشتی (مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی) زیاتر لەمبارەیەوە بۆمان دەدوێت و نموونەی زیاتری ئەو پێشەواو پیرانەمان بۆ دەهێنێتەوەو ،دەفەرمووێت: (لە كوردستانی ئەم دیوو و ئەو دیوو دا سەدەها خوابگای پیرۆزی ئاینی ناسراو هەیە كە سەرەتای ناوەكەیان بە نازناوی (بابا)دەست پێئەكا ،وەكو بابا تاهیر لە هەمەدان و بابا گوڕگوڕ لە كەركوك و باوە محەمەد لە خانەقین و باوە شاسوار لە كفری ،بابا زەید لە مەولای لوڕستان،بابا بزورگ لە دلفای لوڕستان ...بابا چجك،باوە ئەلیاس، باوە قەتاڵ،باوە یادگار،....تاد.)(3)
 شێخلئیسلام زەینەلعابدین بابا گەورەی مودەڕیسی بەرزنجی لە ساڵی (1785زاینی) لە شارۆچكەی (بەرزنجە) ی زێدی عاریفان و پیاوانی ئاینی و ئەكادیمیستان و پێشەوایانی تەریقەت لە دایك بووەو لە پێنج شەش ساڵی تەمەنییەوە دەستی كردووە بە خوێندنی یەكەم قۆناغی فەقێیەتی كە قوتابێتییە،لە ماڵەكەی خۆیدا و لای (مەلا عەزیزی شێخلئیسلامی  موودەڕیسی بەرزنجی ) باوكی ئەم قۆناغەی تەواو كردووە وئەلف و بێی زمانی عەرەبی و قورئانی پیرۆزی تێدا  خوێندووە و پاشان پلەكانی سوختەو موستەعیدی فەقێیەتی لای مامۆستایانی (حوجرەو مەدرەسەی مەولانا ئەبوبەكری غەزائی و مەدرەسەی  شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە  بەرزنجە) تەواو كردووەو دووای وەرگرتنی ئیجازە دەستی كردووە بەكاری ئیرشاد و دەرسوتنەوەو لە  (حوجرەو مەدرەسەی  شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە بەرزنجە) دا خزمەتی كردووەو هاوكات سەرقاڵی هەندێك كاری دەست ڕەنگینی بووەو ئەوەندە سەركەوتووبووە تێیدا ،پێیان وتووە (ئوستاز)  ،وەك دەگێڕنەوەو بەگوێرەی ئەو بەڵگانەش كە لەبەر دەستماندایە ئەم زانا گەورەیەی كورد چەند برایەكی هەبووە،بەڵام جگەلە (مەلا موحەمەدی  شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی)برای كە بە(میرزا) ناسراوە  و بانگ كراوە،زانیاری دیكە لەبارەی براكانی دیكەی و وەچەیان و شوێنیان نەزانراوە ،بەو هیوایەی بتوانین زانیاری تەواو لە بارەی براكانییەوە و كار و بەرهەمیان بخەینە بەردەست ،ئەوەی جێگەی ئاماژەیە (مەلا موحەمەدی  شێخلئیسلامی مودەریسی بەرزنجی) ی  برای لقێكی گەورەی( بنەماڵەی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی) پێك دەهێنێ‌ وئەم باسە هەڵدەگرین بۆ كات و شوێنێكی دیكە.
بابا گەورە لە دووای خۆی دوو كوڕی بەناوەكانی مەلا مەحموودی شێخلئیسلامی  و مەلا حەمە ساڵح شێخلئیسلامی بەجێهێشتووە و،ئەم دوو كوڕەش بوونەتە بناغەی لق لێبوونەوەی چەندین لقی گەورەی (بنەماڵەی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی) و لقەكانی (بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) بەهەموو كوردستاندا بڵاوبوونەتەوە  و ،بە شێوەیەكی گشتی لقەكانی (بنەماڵەی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی) لەم  شار و گوند و شارۆچكانەی كوردستانی گەورەدا هەن:
1.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (بەرزنجە)،لە وەچەكانی (زەینەلعابدین باباگەورەی مودەڕیسی بەرزنجی) ن و هەنووكەش لە شارۆچكەی (بەرزنجە) دادەنیشن.
2.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی لە (سلێمانی) ،ئەمانە وەچەكانی (زەینەلعابدین باباگەورەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) و (مەلا موحەمەدی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی ) وئامۆزا و  بن ئامۆزاكانیانن ،هەر لە(بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) ،كە لەزۆر بووار دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خزمەتكردنی شاری (سلێمانی) وەكو (جۆڵایی و دەرسوتنەوە و كاری ڕاگەیاندن و مامۆستایی و پزیشكی و  زۆر بواری دیكەشدا).
3.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی لە (هەولێر/كۆمەڵگەی مەلا هۆمەر)،لە ئێستا دا (مەلا بەكری شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی كوڕی  مامە عەلی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی ) و كوڕەكانی لەوێ‌ دادەنیشن.
4.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (كەركووك) ،ئەندازیار (بورهانی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی كوڕی شێخ ساڵحی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی)  و كوڕەكانی لەكەركوك و دەوروبەری نیشتەجێن.
5.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (چرچە قەڵا) ،(بابا عەبدولكەریمی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی چرچە قەڵایی) كە ئێستا لە (كەلار) دادەنیشێت ،لەگەڵ (مامە مستەفای  شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی چرچەقەڵایی)ی  باوكی ،كە كۆچی دووای كردووە .
6.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (قسڵان) ،لە ئێستادا (كاك شێخ ئەحمەدی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی)  و كوڕەكانی لەوێ‌ً دادەنیشن.
7.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (كەلار) ،(كاك ئارام و شێخ ئەركان و ئاری كوڕەكانی شێخ عەبدوڵڵای شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی كوڕی مامە عەبدوڵكەریمی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی چرچە قەڵایی) لە (كەلار) دادەنیشن.
8.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی لە (خانەقین).
9.    بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (ئێران)،كە زۆر بەداخەوە نایان ناسین و هاتو چۆمان نییە و زانیارییان لەبارەوە نازانین،تەنها ئەوەندە نەبێت كە دەزانین كاتی خۆی (مامە عەبدوڵڵای شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) و چەند كەسێكی دیكەی ئەم بنەماڵەیە بۆ كاری ئیرشاد و ڕێنوێنی كردنی مسوڵمانان و وەكو ڕێبەڕ و پێشەوای تەریقەتی قادری ، بەرەو ئەوێ‌ ڕۆیشتوون.
10.   بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی لە (بەغداد و مووسڵ)،زۆر بەداخەوە ئەمانیش ناناسین.
لەناو ئەو  لق و بنەماڵانەی سەرەوەدا ،بەسەدان  كەسی ئەكادیمیست و ڕۆژنامەوان و نووسەر و پزیشك و خاوەن بڕوانامەی ماستەر ودكتۆرا و مامۆستای ئاینی و كەسی خاوەن پیشەی ناوازەو دانسقەی وەكو جۆڵایی دەبینرێن و هەریەكەو لای خۆیەوە خزمەتێكی گەورەی میللەتەكەیان و شار و شارۆچكە و كۆمەڵگەكەیان   كردووە و ئەگەر سەرجەمی دانراوەكانی ئەم بنەماڵەیە ئەژماربكەین لە كۆنەوە تا ئەمڕۆ ئەوا بە سەدان پەرتووكی ناوازەمان دەكەوێتە بەرچاو لە هەموو بوارەكان دا و، بەتایبەت لە بواری ئاینی و ئەدەبیدا،دیارە مەبەستمان لەم قسەیە مێژووی كۆنی (بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) یە،ئەگەرنا بۆ نەوەی نوێ‌ ئەو قسەیە دروست نییە.چونكە بەرهەم و كتێبەكانی نەوەی نوێ‌ بەزۆری لە بواری تەكنەلۆژیای زانیارییەكان و پزیشكی و تەندروستی و تەندروستی دەروونی و مێژووی و زمانەوانی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی وبیرەوەری و یاداشت و زانستی یە ، كە بە پێویستی نازانم لێرەدا ناوی  ئەو هەموو  پەرتووكە تۆماربكەین.
زەینەلعابدینی باپیرە گەورەم ،هاوڕێ و هاوزانست و هاوتەمەنی (كاك ئەحمەدی شێخ) بووەو زۆر نێوانیان خۆش بووەو هات و چۆی یەكتریان كردووەو دۆستایەتییەكی پتەو لەنێوانیاندا بووەو زۆر ڕێزی یەكتریان گرتووەو لە زانستی یەكتری بەهرەیان وەرگرتووەو،(شێخ مارفی نۆدێی بەرزنجی)ش هەمیشە هیوای تەمەن درێژی و گەیشتن بە دوواپلەكانی زانست و زانیاری و زانایی بۆ خواستووەو هاوكات نامەگۆڕینەوە لە نێوان (بابا گەورە)و (كاك ئەحمەدی شێخ) دا هەبووە،بەڵام بەداخەوە ئەو نامانە فەوتاون و لەبەردەستی ئێمەدانین،هەربۆیە لێرەوە داوا دەكەم لەهەر كەسێك كە ئەو نامانەی لایە ،یان زانیاری لە بارەیانەوە هەیە ،كۆپی نامەكانمان پێشكەش بكات و،ئێمەش زۆر مەمنوونی دەبین و،بەمەش ڕۆحی ئەو گەورە زانایانە ئاسوودە دەبن.چونكە لە توێژینەوەیەك یان كتێبێك دا بڵاویان دەكەینەوە.(كاك ئەحمەدی شێخ) زۆر  ڕێزی (شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) گرتووە و زۆرجار بۆ ماوەیەكی زۆر لە (بەرزنجە) لای ماوەتەوەو لە یەكێك لە سەردانەكانی دا (گوللە بەند)ێكی بەدیاری بۆ بردووە،كە هەتاوەكو ئێستەش پارێزراوەو وەكو یادگارێك هەڵگیراوە لەلای (بنەمای شێخلئیسلامی
مودەڕیسی بەرزنجی) لە (سلێمانی).
(بابا گەورەی مودەڕیسی بەرزنجی)  لە دووای خۆی چەندان پەرتوك و دەستنوس و هۆنراوەو وتە و دەرسی بەجێهێشتووە و بە داخەوە زۆربەیان لەناو چوون و لای وەچەكانیان نەماون ,مەگەر لەو نامەخانە  و دەستنووسخانانە دا وێنەیان هەبێت كە لە (بەغدا وئەستەنبووڵ و تاران ودیمەشق و سعودیە و وڵاتانی دیكەدان)،یان نووسخەیان كەوتبێتە لای هەندێك كەس و بنەماڵەو تائێستاش مابن،بۆیە هیوادارین  نوسخەیان بكەونەوە بەردەست ،بۆئەوەی بیان خەینە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆ و بەزمانی شیرینی كوردی چاپیان بكەین،وەكو بیستراوە ئەم بەرهەمانەی  هەبووە:
    بەحرلئەنساب.
    مەلا عەزیزی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی ،ژیان و بەرهەمی.
    حاشیەی لەسەر چەندان كتێب هەبووە ،وەكو (تەسریفی زەنجانی و....).
    گوڵستانی مودەڕیس ،كەتێیدا هۆنراوەو وتەكانی باوكی و خۆی تێدا كۆكردۆتەوە.
بەهەرحاڵ،جگە لەو بەرهەمانەی ناومان هێنان،بەرهەمی دیكەی زۆر بووەو وەك دەگێڕنەوە بەشێكی ژیانی بۆ نووسینی پەرتووك تەرخان كردووە ،بەڵام بەداخەوە بەرهەمەكانی ون و نادیارن و،هیوا خوازین ڕۆژێك بێت بكەونە بەردەست و بڵاویان بكەینەوە .
باپیرە گەورەی (شێخلئیسلام بابا گەورەی مودەڕیسی بەرزنجی) ،كە ناوی (مەلا عەبدول) بووە،بە (شێخ لئیسلام مەلا عەبدولی مودەڕیس) ناسراوەو ،ئەم نازناوەشی لە باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە و حوجرەو مەدرەسەی باپیریشی بە (حوجرەو مەدرەسەی شێخ لئیسلام ) ناسراوەو ،لە بەرئەوەی زۆربەی وەچەكانیان موودەڕیس بوون پێیان وتوون (شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی).
زۆر زۆر بەداخەوە  تاهەنووكە لەوەندە زیاتر لە بارەی ژیاننامە و كار و بەرهەمەكانی ئەم زانایە نازانین و پشت بەخوا بەرهەمەكانی دەكەونەوە بەردەست و بەهەوڵ و هیمەتی دۆستان و مامۆستایانی پسپۆڕی مێژوویی و بوژێنەرەوەی مێژووی زانایانی كورد،ژیان و بەرهەمەكانی ساغ دەكرێنەوەو بڵاودەكرێنەوە.
ئەم زاناگەورەیەی كورد لەتەمەنی 107 ساڵی دا و لە شارۆچكەی (بەرزنجە)كۆچی دووای دەكات و  لە گۆڕستانی (بەرزنجە) بە خاكی دەسپێرن.
سەرچاوەو پەڕاوێزەكان:
1-وڵاتەكەت باشتر بناسە،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی،باسی بابان،لاپەڕە 46-47،بڵاوكراوەی ئاراس- ژمارە 350،چاپی یەكەم،هەولێر – 2005.
2-گەشتێك لە كوردستانا،عەلائەدین سەجادی،لاپەڕ 79-80،ساڵی 1956م/1375ه،چاپخانەی مەعاریف،بەغداد.
3-سەرچاوەی یەكەم.
4-بیرەوەری و ژیانی بابا عەبدولكەریمی شێخلئیسلامی  مودەڕیسی بەرزنجی،كە دەستنووسە و ژیاننامە و یاداشت و بیرەوەرییەكانی بابا عەبدولكەریمی بەرزنجی  تێدایە و  بە پشتوانی خوای گەورە لە دوو – سێ بەرگ دا لە چاپیان دەدەین .
5-بنەماڵەی شێخلئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی،ئەمیش پەرتوكێكی دەستنووسە و لە نووسینی بەندەیە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر