ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۴

پیرمیكایلی دەودانی

پیرمیكایلی دەودانی  كوڕی شێخ موسای نوربەخشی بەرزنجی
  (سەدەی هەشتەمی كۆچی )

 
ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
بەپێی پەرتووكی (سەرئەنجام)،كە یەكێكە لە پەرتووك و،سەرچاوە پیرۆزەكانی ئاین،یان ئاینزای (كاكەیی)،پیر میكایڵی دەودانی كوڕی عەلامە حاجی شێخ موسای نوربەخشی بەرزنجی كوڕی  بابا عەلی هەمەدانی كوڕی بابا یوسفی هەمەدانی یە و،ئامۆزای سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی بەرزنجی یە.
ئەوەندەی ئێمە لە بارەی مێژووی (بەرزنجە) و مێژووی ئاین یان ئاینزای (كاكەیی)مان كۆڵیبێتەوە،و بە دووادا چونمان بۆ كردبێت،ڕاستتر وایە بڵێن پیر میكائیل لە سەدەی حەوتەم و هەشتەمی كۆچی دا ژیاوە.چونكە عەلامە حاجی مەلا موسای بەرزنجی باوكی ،لە ساڵی( 656ك) لە هەمەدان لەدایك بووەو،لە (بەرزنجە) و لە ساڵی (686ك) ژنی هێناوەو،لە ساڵی (696ك) كۆچی دووای كردووە،و لە گۆڕستانی (بەرزنجە) بە خاك سپێردراوە.
دكتۆر (سدیق بۆرەكەیی /سەفی زادە) لەلاپەڕە (213 و 214) ی پەرتووكی (مێژووی وێژەی كوردی) ی (بەرگی یەكەم) دا،دەنووسێت:
ئەم هۆنەرەمان كە لە سەدەی هەشتەمی كۆچی دا ژیاوە،بەپێی یاداشتی قەرەندی لە ساڵی( 658ك) لە دێی (دەودان) لە دایك بووە،وەكو دەڵێن خاوەنی زەوی و زارێكی زۆر بووەو،ئەندامانی بنەماڵەكەی زۆربەیان زاناو خوێنەواربوون و،پیرمیكائیل هەرلەسەردەمی مناڵی دا،لەلای باوكی قورئانی پیرۆز و،ڕێزمانی عەرەبی خوێندووەو،ئەوسا چۆتە حوجرەی فەقێیان و،لەپاشان بۆ خوێندن هەموو هەورامان گەڕاوەو،كاتێك سوڵتان ئیسحاق لە دێی (شێخان) سەری هەڵداوە،ئەو بۆتە مێمڵی،بەڵام پاشان ڕێ و ڕچەكەی وەرگرتووەو،ماوەیەكیش لەلای ماوەتەوە تا خەرقەی لێوەرگرتووەو،پاشان بۆ پەرەپێدانی ڕێ و ڕچەی یاری بەزۆربەی شوێنەكان و ناوچەكانی كوردستاندا گەڕاوەو،سەرئەنجام لە ساڵی (736ك) لە دێی قەرەدەرەی كوردستان دا كۆچی دووای كردووەو،لەسەر تەپۆڵكەیەكدا بە خاك سپێردراوە.)(1).وەلێ‌ بۆ ساڵی لە دایك بوون و مردنی پیرمیكایل،لەگەڵ بۆرەكەیی دا یەكناگرینەوە،وەكو لە پێشەوە ئاماژەمان پێكرد.
جگە لەم قسانەی بۆرەكەیی،چەند سەرچاوەیەكی دیكەمان لەبەر دەست دایە،كە باس لەوە دەكەن پیرمیكائیل ئامۆزای سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی بەرزنجی كوڕی شێخ عیسا یە و،كوڕی عەلامە (حاجی شێخ موسای بەرزنجی) برای حاجی مەلا عیسایە و،هاوكات دایك براشە لەگەڵ سوڵتاندا،چونكەفاتیمەخانی  ژنەكەی شێخ موسای نوربەخشی بەرزنجی ،لە دووای مردنی هاوسەرەكەی شوی بە شێخ عیسای نوربەخشی بەرزنجی  برای شێخ مووسای بەرزنجی كردەوە.
بەنموونە(دكتۆر مارف خەزنەدار)لە پەرتووكی (مێژووی ئەدەبی كوردی)ی (بەرگی یەكەم) دا،دەنووسێت:(پیرمیكایڵی دەودانی ئامۆزای سوڵتان سەهاك بووە،پاش ئەوەی كە دەبێت بە یەكێك لە یارە هەرە نزیكەكانی سوڵتان ،سارێ‌=شارێ‌)ی كچی پێشكەش دەكات و،دەبێت بە كارەكەری)(2).
هەروەها بەڕێز مامۆستا (موحەمەد ئەمین هەورامانی)یش،هەمان بۆچوونی هەیە و،لەمبارەیەوە دەڵێت:(پاش ئەوەی سوڵتان و پیر میكایڵی دەودانی ،كە ئامۆزایەتی ئاشتی دەكەوێتە نێوانیانەوە و پیرمیكائیلیش كچەی خۆی (سارێ‌=شارێ‌) دەهێنێ‌ بۆ خزمەتی سوڵتان،بۆئەوەی خزمەتی بكات)(3)،هاوكات (ئەیووب ڕۆستەم)یش لە كتێبی (یارسان)دا ،دەنووسێت:(دەوترێت شێخ مووسای بەرزنجی،وەجاخ كوێربووەو،مناڵی نەبووە،كەچی لە هەندێك سەرچاوەشدا باس لەوە كراوە،كە پیر میكائیڵی دەودانی كوڕی ئەم زاتە بووە)(4).
كەواتە زیاتر لە سەرچاوەو،دەستنووسێكمان لەبەر دەست دایە،كە باس لەوە دەكەن پیرمیكایڵ ئامۆزای سوڵتان ئیسحاقە و،كوڕی عەلامە(حاجی شێخ موسای بەرزنجی) یە،بۆیە نەمان توانی ئەو سەرچاوەو دەستنووسانە فەرامۆش بكەین و،بەتەنها پشت ببەستین بەقسەی خەڵكی
(بەرزنجە)كە هەمیشە لە گێڕانەوەكانیان دا باس لەوە دەكەن ،كە گوایە (شێخ موسای بەرزنجی) كوڕی نەبووەو،وەجاخ كوێربووە.
لە پیرمیكائیلەوە گەلێك هۆنراوە بە یادگار ماوەتەوە،و زۆربەی هۆنراوەكانیش تایبەتن بە ئاین یان ئاینزای كاكەیی و،لێرەدا دوو پارچە لە هۆنراوەكانی دەنووسین كە لە بەرگی یەكەمی پەرتووكی مێژووی وێژەی كوردی،وەرمان گرتووە:
نۆزەر شای كەیان، نۆزەر شای كەیان
شام بێ نە ئەودەم، نۆزەر شای كەیان
شـام بنیـامین بێ چـەگـا نـەزەمـان
وێنـەی كـورد گـوردمەشی نەمەیـدان
سام خاوەند نام و تەدبیر بێ و نیشان
وەپەندش پادشام،دادش كەرعەیان
واتە:شام لەو سەردەمەدا نۆزەر شای كەیان بوو،پیربنیامین لەو دەمەدا،لە قاڵبی ساما بوو،و وەكو كوردێكی پاڵەوان چووە مەیدانی شەرووشۆڕ،سام كە خاوەن ناو و نیشان بوو،بەپەندی ئەو پادشایە خەریكی دادپەروەری بووە.
پیرمیكائیل،لە هۆنراوەیەكی دیكە دا،دەڵێت:
ئەو كۆی عەربەتی، ئەو كۆی عەربەتی
بارگەی شام ویستەن، ئەو كۆی عەربەتی
حرس و نەفس بــەردەن،ئیمــان قووەتی
ســاعـەت مـەلۆنـی وەبـەر نـۆبـەتی
سەردیەن گەرمی كەرۆ نابووتی
وەشا پاكەسە ئەو یار بۆ جووتی
واتە:بارگەی خوای تاك و تەنیا لە دێی (عەربەت)دا، دابەزی،تەما و نەوس هێزی بڕوا دەبا و،هەردەمێك كە تێدەپەڕێت،بڕووا كەم دەبێتەوە،ساردی گەرمی لەناو دەبا،خۆزگەم بەو كەسە، كە یارێك دەبێتە هاودەمی.
پەڕاوێز و سەرچاوەكان:
1-    دكتۆر (سدیق بۆرەكەیی /سەفی زادە) ،پەرتووكی (مێژووی وێژەی كوردی) ی (بەرگی یەكەم)،ل (213 و 214)،چاپی یەكەم، 1370،ناشر:انتشارات ناجی – بانە كردستان.
2-    دكتۆر( مارف خەزنەدار)، پەرتووكی (مێژووی ئەدەبی كوردی)، (بەرگی یەكەم)،دەزگای ئاراس.
3-    موحەمەد ئەمین هەورامانی،كاكەیی،لەسەر ئەركی عەلی بۆسكانی لەچاپ دراوە ،چاپخانەی حەوادس ،بەغداد،1984.
4-    ئەیوب ڕۆستەم، یارسان – لیكۆلینەوەیەكی مێژووی دینییە سەبارەت بەكاكەیی،چاپی دووەم،2006ز،لەبڵاوكراوەكانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان.
سەرنج:ئەم بابەتە،یەكێكە لە بابەتەكانی ئینسایكلۆپیدیای (بەرزنجە)،كە كتیبێكی (8بەرگ)ییە و،تائێستا(4بەرگ)ی ئامادەی چاپە و،چاوەڕوانی هاوكاری بەرپرسان و، دۆستانی مێژوو و،ئەدەب دۆستانە تا لە چاپ بدرێت.
*كوردستان – سلێمانی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر