ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۴

عەلامە حاجی مەلا موسای بەرزنجی

عەلامە حاجی مەلا موسای بەرزنجی
(شێخ موسای بەرزنجی 656-696كۆچی)

ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
حاجی مەلا مووسای بەرزنجی ،ناوی تەواوی (موسای نوربەخشی بەرزنجی كوڕی باباعەلی هەمەدانی كوڕی بابا یوسفی هەمەدانی) یە و،یەكێكە لە زانا و كەسایەتییە ناسراوەكانی بوواری شەریعەت و وەكو مامۆستایەكی ئاینی ناسراوەو،بەكار و باری ڕێنوێنی مسوڵمانانەوە ژیانی بەسەر بردووەو،یەكێك بووە لە پیران و پێشەوایانی تەریقەتی (نووربەخشی) و،لەلایەن خودی (موحەمەد ی نوربەخشی) برایەوە،كە دامەزرێنەری تەریقەتەكەیە ،خەرقەی تەریقەتەكەی لەبەر كراوەو،بە (شێخ موسای بەرزنجی) یان(شێخ موسێ) یان  (شێخ موسەی بەرزنجی)ناوبانگی دەر كردووەو،ئەمەی دوواییان واتە (شێخ مووسە) زیاتر لەلایەن (كاكەیی) یەكانەوە بەكاردەبرێت و دەوترێت و،لە دەستنووس و بەڵگەنامەكانیان دا هاتووە.
ئەم زانا و مامۆستا ئاینییە لە ساڵی (656ك) لە (هەمەدان) لە دایك بووەو،لەناو بنەماڵەیەكی ئاینی و ناسراوی ناوچەكەدا،پەروەردە بووە،بۆیە هەر لە مناڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن و ،سەرەتا لای (بابا عەلی) باوكی قورئانی پیرۆز و كتێبە وردەڵەئاینییەكانی خوێندووە و،پاشان لە لای پیری زانا و زاهید (خواجە ئیسحاقی خەتڵانی) درێژەی بە خوێندن داوەو،لای ئەم زانا گەورەیە و،دوو زانای دیكە بەناوەكانی (موحەمەدی نووربەخشی هەراتی هەمەدانی) و (شێخ مەحمودی مەزدەقانی) خوێندنی تەواو كردووە.
پاشان بۆ زیارەتی حەج وەكو فەرزێكی گرنگ و پڕبایەخی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ،سەفەری كردووەو،(حاجی مەلا عیسا) ی براشی هاوسەفەری بووە،دوواتر بۆ كۆكردنەوەی زانست و زانیاری زیاتر ڕووی لە چەندین وڵات و شار و ناوچەی جیاواز كردووە،وەكو : (بەغداد – مەدینە – میسڕ – حیجاز – شام – شارەزوور و هەورامان).
(شێخ موسای بەرزنجی ) لە ساڵی (686ك) یەوە،كە حسابی ئەبجەدەكەی پیتەكانی وشەی (خوف)ە،لەگەڵ (حاجی مەلا عیسای نوربەخشی)ی برایدا،لە (بەرزنجە) ی ئێستا جێگیر بووەو،ماوەتەوەو،پاش ماوەیەك (حوجرە و مەدرەسەی بەرزنجە) یان دروست كردووە و،بەهاوكاری بنەماڵەی (خالیدی ) دەستیان بەكاری ئیرشاد و تەدریس و وانەوتنەوە و پێگەیاندنی خەڵكی كردووەو،پاش ماوەیەك (حاجی مەلا خالیدی كاژاوی) ی بەباشی زانی یەكێك لە كچەكانی خۆیی پێبدات،بۆئەوەی بەتەواوی جێگیرببن و بمێننەوە لەناوچەكەدا و،بیر لە ڕۆیشتن و گەڕانەوە نەكەنەوە بۆ (هەمەدان) ی زێدی خۆیان و،بۆ ئەم مەبەستەش (فاتیمەخانی) كچی پێبەخشی،كە وەك دەگێڕنەوە ئافرەتێكی لە خوواترس و خوێنەوار و شارەزا بووە بە زانستە شەرعییەكان و،وەك دەڵێن : قورئانی پیرۆزیشی لەبەر بووەو،بەشێكی ئەم زانیارییانە لە پەرتووكی (روچە الجنان) دا تۆمار كراوەو،بەم پێیەش لێرەوە ژن و ژن خوازی لە نێوان نەوەكانی (حاجی مەلا عیسا و حاجی مەلا موسا بەرزنجی ) و بنەماڵەی (خالیدی) دا دروست بووەو،بەتەواوی ئەم دوو بنەماڵەیە تێكەڵاو بوون.
بێگوومان تا ئەم دوواییە هیچ سەرچاوەیەكم نەكەوتبووە بەردەست كە باس لە وەچە و نەوەی ئەم زانا و مامۆستا ئاینییە بكات و،بە پێچەوانەوە هەمیشە باس لەوە دەكرا كە وەجاخ كوێربووەو،هیچ نەوەیەكی لە دووا بەجێنەماوە و،ئەم قسەیە لەناو خەڵكی (بەرزنجە) و دەوروبەریدا بڵاوەو،بەشێكی سەرچاوەكانیش ،بە دەستنووس و چاپكراوەكانیشەوە ئەم قسەیەی خەڵكی (بەرزنجە) یان وەكو خۆی تۆمار كردووە،بەڵام لەم دوواییەدا چەند سەرچاوەیەكم كەوتە بەرچاو كە پێچەوانەی ئەمە قسەدەكەن و،پێیان وایە (پیرمیكایەڵی دەودانی) كوڕی (حاجی مەلا موسای بەرزنجی) بووە،بۆیە بە پێویستی دەزانم ناوی ئەم سەرچاوانە و نووسەرەكانیان تۆماربكەم،بەم شێوەیە:
1-مێژووی ئەدەبی كوردی،بەرگی یەكەم،دانراوی: د.مارف خەزنەدار.
2- كاكەیی ،دانراوی موحەمەد ئەمین هەورامانی.
3- یارسان،نووسینی:ئەیوب ڕۆستەم،چاپی دووەم،2006،ل54،پەڕاوێزی 14.
جگە لەو سەرچاوانە لەسەرچاوەی دیكەشدا ئەوەم خوێندۆتەوە كە (پیر میكایل) كوڕی (حاجی مەلا موسای بەرزنجی) یە،بەڵام بەداخەوە ناوی سەرچاوەكانم لە بیر نەماوەو،لەكاتی خۆیشیدا زانیاریم لەم بارەیەوە تۆمار نەكردووە.
ئەم زانا گەورەیە شان بەشانی (حاجی مەلا عیسای نووربەخشی) برای،دەستی بەكاری ئیرشاد و وانە وتنەوە كردووەو،لە ماوەیەكی كەمدا ناسراون و،ناوبانگیان دەر كردووە،و لەم بارەیەوە لە پەرتووكی (روچە الجنان) ی ،(ئەبوو مەسعود ئەفەندی) دا تۆماركراوەو،نووسەر تێیدا دەڵێت: (دەنگ و باسی ئەم دوو زاناو گەورەیە (سەیید) ئەم وڵاتەی داگرت ،لە دوورو نزیكەوە لەو وڵاتە بۆ خزمەتیان دەهاتن ،تا عالەم بوون بە مەحسوبی ئەوان.).
دووای ماوەیەك دەرسوتنەوەو، پێگەیاندنی چەند كەسێك و،بەناوبانگ بوونی (حوجرە و مەدرەسەی بەرزنجە) دەرس وتنەوە جێدەهێلێ‌ بۆ براكەی و (حاجی خاڵی كاژاو) ی و ،خۆی بۆ ڕێنوێنی و ئیرشاد دەچێت بۆ( ئاغجەلەر ) و لەوێ‌ لە ساڵی (696ك) و لەتەمەنی (40) ساڵییدا بەدەستی چەند كەسێك دەكوژرێت و،براكەی و بنەماڵەی (خالیدی) تەرمەكەی ئەهێننەوە بۆ  (بەرزنجە) و لە گۆڕستانی (بەرزنجە) دا كە بەگۆڕستانی (اهل لا اله الا الله) ناسراوە بە خاكی دەسپێرن،وەلێ‌ لەبارەی شوێن و كاتی مردنییەوە فرە (ڕا) ی هەیە و،بەزۆریش دوو (ڕا) ی جیاواز باسكراوە، و لە پەرتووك و دەستنووسەكان دا تۆمار كراوە،ئەوانیش:
یەكەم: حاجی مەلا موسای بەرزنجی لە گوندی (بەرزنجە) و لەلایەن (نەسیری) یەكان،یان (كاكەیی)یەكان،یان(عەلیوڵای) یەكانەوە كوژراوە.
دووەم: شێخ موسا بۆ كاری ئیرشاد( بەرزنجە) ی جێهێشتووەولە (ئاغجەلەر) لەلایەن چەند كەسێكەوە كوژراوە.
بێگوومان ئەم دوو (ڕا) یە قسە زۆر هەڵدەگرن و،دەكرێت لێكۆڵینەوەی ورد و تایبەتیان لەبارەوە بكرێت،و بەبەراوردی مێژوویی لە نێوان مێژووی (بەرزنجە) و (كاكەیی) و (عەلیوڵڵای) و (نەسیری) یەكاندا و،ئەوەندەی من دیراسەم كردبێت، (ڕا) ی یەكەم هەڵەیە،چونكە ئەو كەسانەی ئەو بۆچونەیان هەیە مەبەستەكەیان زۆر ڕوون نییە و،تێكەڵاوییان لەنێوان (كاكەیی) و (عەلیوڵڵای) و (نەسیری)دا كردووەو،لەوانەشە هۆكارەكەی ئەوەبێت ،بیانەوێت (سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجی) لە ئاین یان ئاینزای (كاكەیی) داببڕن و ئەوە لەبیری خوێنەردا بچەسپێنن كە چۆن برازای كەسێك دەبێتە ڕێبەر و پێشەوای ئاین یان ئاینزایەك كە مامی ئەو كەسە لەلایەن ئەندامانی ئەو ئاین یان ئاینزایەوە كوژراوە،و بەمەش مەبەستەكەی خۆیان خستبێتە ڕوو  و پێكابێتیان،ڕەنگە هۆكارەكەشی نەزانی و نەشارەزایی بێت لە مێژووی ناوچەكەدا و،چییان لە زاری خەڵكییەوە بیستبێت ئەوەیان تۆمار كردبێت ،كە بە داخەوە ئەم حاڵەتە لە نووسینەوەی مێژووی (بەرزنجە) و ئەو بابەتانەی لەو بارەیەوە نووسراوە زۆر دووبارە بۆتەوە و بەبۆچوونی من تاوانبارانی سەرەكی ڕۆشنبیران و خوێنەواران و  مێژوونووسان و ئەكادیمیستەكانی (بەرزنجە) و ناوچەكەیە.
هەرچی (ڕا) و بۆچونی دووەمیشە ،بە بڕواو تێگەیشتنی من ڕاستترین بۆچونەكانە و،لانی كەم سەرچاوەیەكی كۆنی مێژویمان هەیە بەناوی (ترجمە الاشراف)  و مامۆستا (مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس) (بەڕەحمەت بێت) لە پەرتووكی (بنەماڵەی زانیاران) دا ،دەقی كتیبەكەی (ترجمە الاشراف) ی هێناوە كە تێیدا دەڵێت : ( شێخ موسای بەرزنجی بەدەستی تیرەی (نیل خاص)  كە لەناوچەی ئاغجەلەردابوون شەهید كراوە، و (حاجی مەلا عیسا) ی برای هاتووە تەرمەكەی بردۆتەوەو،لە (بەرزنجە) بە خاكی سپاردووە.).
بەهەرحاڵ ،وەكو ئاماژەمان پێدا بۆچوونی ئێمە لەگەڵ بۆچون و ڕای دووەمە و ،نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت كە دەشێت ئێمە هەڵەبین و نەمان پێكابێت و ڕاڤە و لێكدانەوەكەمان نادروست بێت،وەك چۆن دەشێت ڕایەكانیشم زۆر ڕاست و درووست بێت ،وەكو بە بۆچونی خۆم وەهایە.
ئەم مامۆستا ئاینی و شێخی ئیرشاد و تەریقەتە ،بە پێچەوانەی (حاجی مەلا عیسای نووربەخشی بەرزنجی) برایەوە،تا ئێستا هیچ پاشماوەیەكی شێعر و دەستنووس لەبارەیەوە نەدۆزراوەتەوەو نازانین كە شاعیر بووبێت یان نا؟
یاخود هیچ پەرتوكێكی ئاینی یان تەسەوفی یان هەر بوارێكی دیكەی دانابێت یان نا؟
وەلێ‌ هەندێك وتە ی جوان لەبەردەست دان ،كە گوایە لە وتەو فەرمایشتەكانی ئەون (والله اعلم) ،هەربۆیە بە پێویستی دەزانم وەك خۆیان تۆماریان بكەم بەم شێوەیە:
•     هەركەسێك لە ڕەوشتی پێغەمبەر (د.خ) سستی بكات دەكەوێتە بیدعەتەوە.
•     دەردی دڵ دەوای نییە ئیللا بە موحەبەتی خوانەبێت.
•     ئیشی خوا بە دڵە و ئیشی ڕیا بەبەدەنە.
•     هەركەسێك سودی بۆخۆی نەبێت،یەكێ‌ تر چۆن ئیستیفادەی لێدەكات.
•     لەهەموو خەڵك باشتر ئەوەیە،خەڵك لە (زەنی ) خراپەی دوربێت

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر