ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۴

زانا كوردەكانی مەدینەی مونەوەرە

زانا كوردەكانی مەدینەی مونەوەرە
بەشی دووەم

 
هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
زەینەلعابدین
شێخ زەینەلعابدین كوڕی موحەمەدی مەدەنی بەرزنجی كوڕی باباڕەسوڵی گەورەی بەرزنجی یە،و یەكێكە لە زاناو ئەدیب و،ناسراوە كوردەكانی مەدینەی مونەوەرەو،بە داخەوە زانیاری تەواو لەبارەی ژیاننامەكەیەوە نازانین.
خاوەنی چەندین دانراوبووە،لەوانە:
كشف الحجب و الستور عما وقع لاهل المدینە مع امیر مكە سرور-خ.
ئەم زانایەمان لە ساڵی (1195ك) ئەم بەرهەمەی داناوەو،لەساڵی (1214ك) كۆچی دوای كردووەو،بۆلای خودای گەورە گەڕاوەتەوە.
عەلی بەرزنجی
عەلی بەرزنجی یەكێكە لە ئەدیب و،زاناو،كوردە ناسراو و،دیارەكانی مەدینەی مونەوەرەو،ناوی تەواوی:(عەلی كوڕی سەیید حەسەنی شافعی مەدەنی)یە و،بە(بەرزنجی)ناسراوە،لە ساڵی (1133ك) لە (مەدینەی مونەوەرە)لەدایك بووەو،لەسەردەستی (سەیید جەعفەری بەرزنجی)برایدا،پێگەیشتووەو،زانستەكانی ئەو سەردەمەی خوێندووەو،هاوكات سودی لە زانستی (شێخ عەتا)و(شەهاب ئەحمەد ئەسبولی) و،خەڵكانی تریش وەرگرتووەو،لێیانەوە سوود مەند بووە.
ئەم زاناو ئەدیبەمان خاوەنی چەندین پارچە شێعری جوان و ناسكە و،ئەمەی خوارەوەش نموونەی شێعری شاعیرە:
ایا كوثر العرفان یاخیر مرسل
ویا مورد الضمان والعارف الولی
وسلفی حمیا الحب من حضرە العلی
ا اظما وانت العذب فی كل منهل
واظلم فی الدنیا وانت نصیری
حبیب بك الرحمن فی الحجر اقسما
وخصك بالتصریف فی الارض و السما
اغثنی اذا ما الضیم بالسهم قدرمی
وعار علی راعی الحمی وهو فی الحمی
اذا ضاع فی البید عقال بعیر
ئەم شاعیر و ئەدیب و زانایەمان لە (مەدینەی مونەەرە) و،لە ساڵی (1197ك) كۆچی دووای كرد و،گەڕایەوە بۆلای خودای گەورە.
ئیبراهیم بەرزنجی
ئیبراهیم بەرزنجی كوڕی سەیید موحەمەدی مەدەنی بەرزنجی كوڕی باباڕەسوڵی گەورەی بەرزنجی)یە و،موفتی( مەدینەی مونەوەرە)بووەو،هەرلە (مەدینە)ش لە دایك بووە.
ئەم موفتی و زانا گەورەیەی كورد لای باوكی زانستە شەرعییەكانی خوێندووەو،لە زانست و زانیاری زانایانی ئەو كاتەی مەدینەی مونەوەرەش سودی وەرگرتووە و بەهرەمەند بووە،تایبەتمەندێتی لە زانستی فەرمودە و،گێڕانەوەی فەرمودەدا وەرگرتووە،بەجۆرێك ناسراوبووە،كە فەرمودە ناسانی سەردەمی خۆی دانیان بە زانای ئەم زانا كوردەدا ناوە.
دووای ئەوەی بۆ ماوەیەك لە (مەدینەی مونەوەرە)مایەوە،گەڕایەوە بۆ زێدی باوكی و،هاتەوە بۆ كوردستان و،سەردانی حوجرە و،مەدرەسەكانی گوندی (بەرزنجە)ی كرد،كە لەو كاتەدا چەندین حوجرە و،مەدرەسە لە (بەرزنجە)داهەبوون،وەكو حوجرە و مەدرەسەی (بابا ڕەسوڵی گەورە) و حوجرەو مەدرەسەی (شێخولئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی) و،حوجرە و مەدرەسەی (مەولانائەبوبەكری غەزائی)،چەندین حوجرەو مەدرەسەی تر ،پاشان پاشای (بابان)ەكان،مەدرەسەیەكی بۆ دروست كردو،تیایدا دەستی بە تەدریس و وانە وتنەوە كرد،تا كۆچی دووای كرد.
ئەم زانا گەورەیەی كورد لە دووای خۆی پێنج كوڕی بەناوەكانی (موحەمەد،ئەبوبەكر،عومەر، عوسمان،عەلی)لە دووا بەجێماوەو،دوو كچیش بەناوەكانی (فاتیمە)و(بەڵقیس).
ئەم نەوانەی ئیبراهیمی بەرزنجی،ژمایەكی زۆر نەوەیان لێكەوتۆتەوە،كە بە كوردستان دا بڵاوبوونەوەو،بەرزنجییەكانی گوندی (بەردە زەرد)لەنەوەی (موحەمەد)ی كوڕی ئەم زانایەی كوردن،وەك باس دەكرێت ئیبراهیمی بەرزنجی خاوەنی چەندین دانراوەو،یەكێك لە دانراوەكانی تایبەت بووە بە ژیاننامە و،زانیاری لەبارەی (بابا ڕەسوڵی گەورەی بەرزنجی)ی باپیرەی.
سەیید موحەمەد موزەفەری بەرزنجی
 سەیید موحەمەد موزەفەری بەرزنجی،بە (شێخ مەكی)ناسراوەو،یەكێكە لە زانا ناسراو دیارەكانی كورد،كە لە سەدەی دەهەمی هیجری دا،ژیاوەو،دوواییەكانی تەمەنی لە (مەكەی موكەڕەمە) بەسەر بردووە.
ئەم زانایەی كورد،خاوەنی چەندین دانراوە،لەوانە:
الجانب الغربی فی حل مشكلات ابن العربی
بەش بەحاڵی خۆم،پێموایە ئەم زانایەی كورد،هەمان (موحەمەدی مەدەنی بەرزنجی كوڕی باباڕەسوڵی گەورەی بەرزنجی)بێت،كە بە (موحەمەد شەریفی مەدەنی)و زۆر ناو ونازناوی دیكەش ناسراوە،بەڵام لەبەر ئەوەی دڵنیانەبووین،لێرەدا وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ تۆمارمانكرد،بەڵام لەگەڵ دەست كەوتنی بچوكترین بەڵگەدا،ژیان نامەكە دەخەینە پاڵ ژیاننامەی (موحەمەدی مەدەنی بەرزنجی)والله اعلم.
سەرچاوەكان:
1-الاعلام.:/65.
2-هدیە العارفین:1/770.
3-معجم المۆلفین:7/61.
4-سلك الدرر:3/213.
5-علمانا.
6-تاریخ مشاهر كرد.
7-علمانا.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر