ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۴

حوجرە و مزگەت و مەدرەسەی بەرزنجە

حوجرە و مزگەت و مەدرەسەی بەرزنجە
مامۆستا مەلا ساڵحی بەرزنجی

 
دیداری:هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
مامۆستا مەلا ساڵحی بەرزنجی،ناوی تەواوی (شێخ ساڵح كوڕی عەلی كوڕی مارفی بەرزنجی) یە و،لە ساڵی (1945ز) لە شارۆچكەی (بەرزنجە) لە دایك بووە و،بە (مەلا ساڵح) ناسراوەو،ناوبانگی دەركردووەو،پێی دەناسرێتەوە.
لە دووانیوەڕۆی ڕۆژێكی هەینی دا سەردانمان كرد و،لە ماڵەكەی خۆییدا گفتوگۆیەكی كورتمان ئەنجام دا،تا لێرە دا بڵاوی بكەینەوە،سەرەتا لەبارەی ژیانی فەقێیەتی و تەدریسەوە لێمان پرسی و،ئەویش لەوەڵام دا وتی : (لای مامۆستایانی ناسراو و،گەورەزانایانی قوتابخانە و مەدرەسەی (بەرزنجە) بەهرەم وەرگرتووەو،زانستە شەرعییەكانم لایان خوێندووە،وەكو مامۆستا (شێخ موحەمەدی بەرزنجی) و (سەیید غەفور)  و(شێخ تۆفیق) و....پلەكانی فەقێیەتیم لایان خوێندووە) و وەكو خۆی ئاماژەی پێدا ئیجازەی مەلایەتیشی لای مامۆستا (مەلا فایەقی كانیسانان) وەرگرتووەو،لەگەڵ مامۆستایان (شێخ عەبدوڵڵای موحەمەدی گوڵێ‌ ی بەرزنجی وشێخ موحەمەدی مەحمودی بەرزنجی) ی قورئان خوێنی و سەڵاوات و پێش نوێژی كردووە.)
پاشان لەبارەی حوجرە و مەدرەسەی (بەرزنجە) وە بۆمان دوواو، وتی: (زۆربەی ئەوانەی لە مزگەوتی (بەرزنجە) دا لەگەڵ مندا خوێندوویانە خەڵكی كوردستانی ئێران بوون و،وەكو فەقێكان دەگەڕاین و خواردنی فەقێیەتیمان كۆدەكردەوە كە هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانە بوو كە لەوكاتەدا هەبوو،وە گەشت و گەڕان و شەڕەئاومان ئەنجام دەدا لەگەڵ هاوڕێكانماندا،بەتایبەت لەگەڵ مامۆستا مەلا جەلال و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا).
لە درێژەی قسەكانی دا زیاتر لەبارەی (بەرزنجە) وە دواو،باسی ئەوەی بۆكردین،كە (مامۆستا شێخ تۆفیق ،تاوەگۆزی بووەو،دوو هۆدەی هەبووە كردوویەتی بەخەستەخانە بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی بەرزنجە) و ئاماژەشی بەوەدا ،كە (مامۆستا چوار كوڕی هەبووە بەناوەكانی (عوسمان – عومەر – بەكر و عەلی) و،پاشان باسی خوێندنی قوتابخانەی بۆ كردین و، وتی: ( ئەوەندەی من لەبیرم بێت لەوكاتەدا (ئەحمەدە فەنی) مودیری مەكتەب بوو،كە كابرایەكی مەسیحی بوو،ژنەكەی (مامە عەلە غەفور)ی مارەكردبۆوە)، و هاوكات لە (بەرزنجە) دا دكتۆرەیەكی لێبوو بەناوی (ڤیكتۆریا) و،زێوەری شاعیریش دەرسی بەكاكەم و شێخ موحەمەدی برام وتووەو،قانعیش هاتە بەرزنجە و بۆ ماوەی (14) ڕۆژ لە ماڵی (مەلا ئەحمەد) مایەوەو،كەس نەیوتبوو وەرە شێعرێكم بۆ بنووسە،هەتاوەكو ئێستا وەكو دەستنوسێكی بەنرخی  شێعری قانع بخرایەتەڕوو و بمان وتایە قانیع ئەو شێعرەی لەبەرزنجە بە دەستخەتی خۆی نووسیوە.)
ئیدی ژیانی تایبەتی خۆیمان بە جێهێشتوو و،حەزمان كرد لەبارەی پیشەوەر و،وەستاو شارەزایانی سەردەمی خۆیەوە قسەمان بۆ بكات و،بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەمان لە باوكی خۆیەوە دەستی پێكرد و ،وتی: ( باوكم خادەم بوو،ئەوەندەی لە بیرم بێت ،شێخ موحەمەد كوێخا بوو،ئەحمەد بانەیی وەستای دروستكردنی دەرگا و ئیرەق و سەوی و باگردێن و ...بوو،مارفە قوجیل جەراح بوو*،مامە سەعی و مامە عەلی جۆڵابوون،مچە زەكی قەسابی و كەبابچێتی دەكرد،حەمەسور و عەلەڕەش نانەوابوون بەڵام عەلەڕەش (بەرزنجەیی) نەبوو،حەمەڕەمزی یەكەم سەیارەبوو هات بۆ (بەرزنجە) و پاسێكی تەختەی
پێبوو ،پاشان عەبەی سایەق پیكابێكی پێبوو ،حەسەنی سایەقیش**پاسێكی تەختەی پێبوو،هاتو چۆی (بەرزنجە) یان دەكرد.)
لەدوای تەواو بوونی قسەكانمان ویستمان ماڵئاوای بكەین ،بەڵام بە میوەخواردن و قسەی خۆش كە تۆمارم نەكردن ،ماوەیەكی دیكەمان  بەڕێكرد و،لەناو ئەوقسانەدا وتنی پارچە شێعرێك بوو ،كە دوواتر پێمدووبارە كردەوەو،لەدەفتەری سەرنجەكانمدا نووسیم ،و لێرەدا دەیكەمە دیاری و دوا قسەی مەلا ساڵح:
بـا لەلاتـان بێ وێـنەی شێواوم
خەڵكی بەرزنجەم،نەمردوم،ماوم
تێفكرە زۆر جوان ڕوونە مەبەستم
بۆ ڕیـای نـییە عەلاقـە و قەستم
بەشكم بێ بەهۆی ڕەنگەكەی زەردم
هـەر شێـعر ببـێ بـەدەواو دەردم
*دیارە مەلا ساڵح زۆر كەسی لەبیر چوو باسیان بكات لەوانە(وەستا حەمەڕەش و حەمەساڵحی قەساب و مەلا مەحموود و حەلاوە خان و......تاد)بەڵام ئێمە نەماویست دەستكاری قسەكانی بكەین و بۆی زیاد بكەین.
*باوكی بەڕێز كاك (فوئادی شێخ حەسەنە).

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر