ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۱/۱/۴

عەلامە مەولانا شێخ موحەمەدی كوڕی شێخ عیسای نووربەخشی بەرزنجی

عەلامە مەولانا شێخ موحەمەدی كوڕی شێخ عیسای نووربەخشی بەرزنجی
سەدەی هەشتەمی كۆچی
ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
مەولانا موحەمەدی بەرزنجی كوڕی حاجی مەلا شێخ عیسای نووربەخشی بەرزنجی كوڕی بابا عەلی هەمەدانی  كوڕی بابا یوسفی هەمەدانی یە و،لە سەدەی هەشتەمی كۆچی دا ژیاوە.
مەولانا موحەمەدی بەرزنجی لە گوندی (بەرزنجە) و،لە(دایرەك خاتوونی كچی حسەین بەگی جەڵد)كە ژنی دووەمی (شێخ عیسای نووربەخشی بەرزنجی)بووە،لەدایك بووەو،لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەكی ئاینی و خوێنەوار بووە،هەرلەتەمەنی مناڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن و،سەرەتا لای عەلامە(مەلا عەبدولكەریمی بەرزنجی)برای،كتیبە وردەڵەكانی خوێندووەو،لای (حاجی مەلا عیسای نووربەخشی بەرزنجی)ی باوكی و،زانایانی شارەزوور و هەورامان و،بەغداد و،دینەوەر و،هەمەدانەوە خوێندنی تەواوكردووەو،پاشان دەستی كردووە بەكاری تەدریس و،وانە وتنەوەو،ئیرشاد و ڕێنوێنی خەڵك و،زۆربەی ژیانی لەو بوارانەدا بردۆتە سەر.
دكتۆر سدیق بۆرەكەیی لە بەرگی یەكەمی (مێژووی وێژەی كوردی)داو،لە لاپەڕە(188)دا،لەبارەی ئەم زاناو شاعیرەوە دەنووسێت:(لەپەرتووكی سەرئەنجامدا هاتووە،موحەمەدی گەورە سوار لەسەدەی هەشتەمی كۆچی دا ژیاوەو،بەیەكێك لە هەفتەوانە دێتە ئەژمار و،لەڕێ و ڕچەی یاری دا پلە و پایەیەكی بەرزی هەیە و،نازناوی گەورە سواری پێدراوە)،بەڵام من پێموایە بەڕێز بۆرەكەیی بەهەڵەدا چووەو،لە نووسینەكانی دا تێكەڵاوییەك لە نێوان (موحەمەدی گەورە سواری كوڕی سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجی كوڕی حاجی مەلا عیسای نوربەخشی بەرزنجی ) و،مەولانا شێخ موحەمەدی كوڕی حاجی مەلا شێخ عیسای نووربەخشی بەرزنجی)دا،درووستبووەو،ئەم بۆچونەشم لەوەوە بۆ دروست بووە،كە تاهەنووكە جگە لە قسەكانی دكتۆر سدیق بۆرەكەیی،لەهیچ سەرچاوەو،كتێب و،دەستنووسێك دا،بەرچاوم نەكەوتووە كە نازناوی هەردوو موحەمەد (گەورە سوار) بێت،واتە(موحەمەدی كوڕی شێخ عیسای بەرزنجی)بە(موحەمەدی گەورە سوار) ناسرابێت و،(موحەمەد ی كوڕی سوڵتان ئیسحاق)یش،هەمان نازناوی هەبێت،وەلێ‌ نابێت ئەوەمان لە بیربچێت كە زۆر ئاساییە چەند كەسێك یەك نازناویان هەبێت و،دووریش نییە هەردوو موحەمەد نازناوی (گەورە سوار)یان هەبێت و،نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت كە مەرج نییە ئەوەی ئێمە نەمان بیستبێت و،نەمان بینیبێت، بوونی نەبێت و،ناراست بێت،بەڵكو ئەوە تەنها سەرنج و،بۆچونێك بوو خستمانە ڕوو،دەشێت قسەكانی بۆرەكەی سەدا سەد ڕاست و،دروست بن.
مەولانا موحەمەدی بەرزنجی،جگە لە كاری ئیرشاد و ڕێنوێنی تەرقەتی (نووربەخشی)،كە باوكی خەرقەی ئەو تەریقەتەی لەبەر كردووە،هەندێك جار هۆنراوەشی نووسیوەو،هۆنراوەكانی زۆر تەڕو پاراون و،سادە و،ساكارن و،لێرەدا پارچە هۆنراوەیەكی دەخەینە بەردەست:
ئەزەڵ بتوونا، ئەزەڵ بتوونا
شەرت بنیامان جەسڕ بتوونا
پەی یانەی یاران بنیام ستوونا
بێ شەرت و ئادی یارێ‌ چەتوونا
چاكەشتی و گێژێ‌، چاكەشتی و گێژێ‌
شوكرش پەی تۆ وا چاكەشتی و گێژێ‌
پەی واڵاو كفرت ئیمانش وێژی
پەی كان مەیۆنی چا سەراو ڕێژی
یە بنیام دیمان، یە بنیام دیمان
راگەی شەرت و شوون، یە بنیام دیمان
ها بنیام بیا دارووی حەكیمان
پیر و شەرتمانا چا ئەزەڵ جیمان
بێ ئارامەنی،بێ ئارامەنی
ئازیز بێ بنیام،بێ ئارامەنی
بێ شرت و ئادێ‌ چە خارامەنی
چەنی دۆستانی،چا سارا مەنی
واتە:ئەو پەیمانەی كە بنیامین بەستوویەتی هەرلەڕۆژی بەرین پتەوبووەو،بینیامین كۆڵەكەی یارانەو،بەبێ پەیمان كەئەو ڕێ و ڕچەی یاری  زۆر سەخت و ،چەتوونە.خوا هەموو كەسێك لە كەشتی و گێژاوودا،هیواو ئومێدی بەتۆیە،بنیامین بەهێزی بڕوا،بێ خوای و،بێبڕوای لەناوبردووەو،لەكانی ئاو دینێتە سەرەوە،ئەوا ئێمە ڕێ وڕەوشت و،پەیمانی ڕاستیمان لە بنیامینەوە دیووەو،ئەو دەوای حەكیمانەو،هەر لە ڕۆژی بەرینەوە ئەو پیرمان بووە،ئەی ڕێبەری خۆشەویستم،ئێمە بەبێ‌ بنیامین بێ ئارامین و،پەیمانی ئەو بۆ ئێمە،وەكو بەردی خاراوایە و،بەبێ ئەو ناتوانین ژیان بەرینە سەر و،بەبێ ئەو لەدەشتی ڕۆژی پەسڵاندا كڵۆڵ و داماوین،جێگەی ئاماژە پێدانە،كە مەولانا (موحەمەدی بەرزنجی)، (بەرزنجە)ی جێهێًشتووەو،تا سەر لە (بەرزنجە) نەماوەتەوەو،وەكو باسكراوە لە دەورو بەری سیروان دا كۆچی دووای كردووەو،هەرلەوێش نێژراوە.
سەرچاوەكان:
1- محمد علی القرداغی ،فی رحاب اقلام و شخصیات كردیە،بنكەی ژین،2007.
2-عبدالقادر محمد البرزنجی،سادات البرزنجە،چاپخانەی تەرەقی،كەركوك،1956.
3-معروف الریشلانی ،الرسالە المنجیە فی مناقب السادە البرزنجیە،ترجمە:د.خریە دماك،ایلول 2002
4- دكتۆر (سدیق بۆرەكەیی /سەفی زادە) ،پەرتووكی (مێژووی وێژەی كوردی) ی (بەرگی یەكەم)،چاپی یەكەم، 1370،ناشر:انتشارات ناجی – بانە كردستان.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر