ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

دیوانە شێعری تەنهایی








تەنهایی
هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
hemnymela@yahoo.com
dr.hemn@yahoo.com
بێدەنگی لە چەنەبازەوەفێربووم ...و هەوڵدان لەتەمەڵەوە ...و هێمنی لە لوت بەرزەوە ،زۆر سەیرە من ڕێزی ئەم مامۆستایانەم ناگرم .............!!
جۆزێف جۆبێر
ئەم بەرهەمە پێشكەشەبە:
*دایكم و...باوكم ...و هەردوو براكەم.
*هەموو ئەوانەی بوونەتە بەشێك لە یادگاری  و بیرەوەرییەكانم.
*هەموو هاوڕێكانم.
* ئەو مرڤەی پڕبەدڵ   خۆشم دەوێت و هەموو ڕۆژێ‌ بەنیگایەكی شەرمنانە ئەو خۆشەویستییەی بۆ دەردەبڕم.
*شادە ڕەش ،ئەو مرۆڤەی لە ڕابردوو دا خۆشمویست ،كەچی سەفەر و  دوورە وڵاتی لەیەكی جیاكردینەوە، ئەوی بەرەو ئامریكا برد و منیشی لەكوردستان هێشتەوە.
*مامۆستایانی مێژوو ،و زمانی كوردیم لە باخچەی ساوایانەوە تا زانكۆ.
*ئەو دكتۆرە بەڕێزەی پێی وتم بەلەدەستدانی خۆشەویستەكەت هەموو شتێك مەدۆڕێنە.چونكە خۆشەویستی درۆیەكی گەورەیە،وازی لیبهێنە با فێری درۆنەبی.
ناسنامەی كتێب
دیوانە شێعری:تەنهایی
هۆنراوەی:هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
پیتچنین و نەخشە سازی:شاعیر
ساڵی چاپ و بڵاوكردنەوە:2010
شوێنی چاپ:كوردستان – سلێمانی
نۆبەتی چاپ:یەكەم
دیوانی:دووەمی شاعیر و نووسەر
بەناوی خودای بەخشندە ی میهرەبان
لە جیاتی پێشەكی:
ئەوەی لە نێو ئەم دیوانە شێعرەدا دەیخوێنیتەوە،كە دیوانە شێعری دووەمی شاعیر و نووسەرەوسیهەمین كتیبێتی،هەمووشێعرەكانی بەشێكن لە ژیانی شاعیر و لە خەیاڵەوە سەرچاوەیان نەگرتووەو،بوونی هەست و سۆزێكی ئەویندارانە بۆتە ئیلهامی شێعرەكان،وەلێ‌ مەرج نییە لەهەموو بارەكان دا عاشقبوونی لێكەوتبێتەوە.چونكە هەندێك جار تەنها بەڕوكەشی كەسێك موعجیب بووم و،كاتێك ناوەڕۆكیم زانیووە ئەو موعجیب بوونەم لە بیركردووە،ئەگەرچی هیچ كاتێك پەشیمان نەبووم لەو شێعرانەی كە بۆ ئەو كەسانەم نووسیوەو،زۆر جارانیش شێعرەكانم بەدیاری بۆ ناردوون و،پێشموتون،كە ئەم شێعرانە بۆ ئەوان نووسراوە،بۆ ئەوەی بیخوێننەوەو،ئەگەر ویستیان بۆ یادگاری لای خۆیان هەڵیبگرن.
لەلای من شێعر،خەیاڵكردن نییە،وشەڕیزكردن نییە بۆ شتێك كە بوونی نەبێت و خۆمان ،لە بیرو ئەندێشەی خۆماندا وێنەیەكمان بۆ كێشابێ،ئەگەرچی ئەم قسەیە مانای ئەوەنییە كە هیچ كاتێك شێعرەكان لە خەیاڵەوە سەرچاوە ناگرن،چونكە خەیاڵ هەمیشە تێكەڵاو بە بیركردنەوە دەبێت،یان ڕاستتر بڵێین بیركردنەوە تێكەڵاو بەخەیاڵ دەبێت و،ناكرێت دوور لە دونیای خەیاڵات بژین،بەجۆرێك هەندێك جار خەیاڵ ڕاستییەكانمان بۆ پێكدێنی ودەبێتە ئیلهامی شێعرێك،چیرۆكێك، پەخشانێك،هەندێك جار دەبێتە هۆكاری داهێنان و سەركەوتنی مرۆڤێك.چونكە زۆربەی داهێنانەكان لە سەرەتادا خەیاَلبوون و دوواتر بوونە واقیع،بۆیە لای خۆمەوە هەمیشە سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە بوونەتە ئیلهامی شێعرێك،یان بوونەتە پاڵنەربۆ نووسینی كتێبێك،هەندێكجاریش هۆكاربوون بۆ خوێندنی كۆرسێكی نێودەوڵەتی یان بڕوانامەیەك و كۆلێژێكی نوێ‌،كەئەمەش وایكردووە ببینە خاوەنی چەندین بڕوانامە و،ببینە نووسەری زیاتر لە 30 كتێب و دەیان شێعر و چیرۆكی جوان بنووسین،كە زۆربەیان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا،بڵاوكراونەتەوەو،دوواتریش بە چاپ گەیشتوون،یان لە ئایندەدا بە چاپیان دەگەیەنین.
شێعر،لای من هەڵڕشتنی ئازارەكانی ناخی مرۆڤە،بۆسەر ڕووپەڕی لاپەڕە و ڕۆژنامە وگۆڤارەكان،كە بەهۆیەوە دەروونی مرۆڤ لەو سوتانەی تێیدا دەژی، ڕزگار دەبێت و ئاسودەیی بۆ دەگەڕێتەوە،یان كەمێك لە سوتانەكەی كەم دەكاتەوە.بەبڕوای من مرۆڤ تابەئاگری شتێك نەسوتێت ناتوانێت هیچی لەبارەوە بڵێت،جا ئاگری ئەوین و خۆشەویستی بێت،یان دابڕان و دووركەوتنەوە لەنیشتیمان،یان مردنی ئازیزێك،و سەدان و هەزاران یانی دیكە.
بەهەر حاڵ،هیوا دارم لەهەڵە وكەم و كورتییەكانمان ببورن،چ لەم كتیبەدا بێت،یان لەهەر كتێبێكی دیكەی شاعیر و نووسەردا،چونكە باوەڕو وەهایە كە بەرهەمی مرۆڤ كەم و كوڕی تێدایە و،تەنها ئەوانەی كە خەدا دروستی كردوون بێكەم و كوڕین.
هێمن كوڕی حاجی شێخ عەبدولكەریم شێخولئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی كوڕی سەیید ئەحمەد شێخولئیسلامی مودەڕیسی بەرزنجی
هەواڵ
بۆچی نامەم بۆ نانێری ... ؟؟
بۆچی هەواڵم ناپرسی .... ؟؟
لەو ساتەوەی لە تۆ دوورم
بێ كەسترم، لە بێ كەسی .
وێنەی بەرلە ماڵئاوایی ...
بەبەر چاوما دێت و دەچێ .
مەگەر هەرمەرگ بتوانێ‌
واملێ بكات تۆم لەبیرچێ .
ئێستا دڵم لەسەر پشتە
بۆعەشقی تۆ نازدارەكەم .
ڕۆژی سەدجار بەساقەتبێ‌
دڵە شێتە غەمبارەكەم .
یاد
بكەی یادم، دەكەم یادت هەمیشە
لەبیرم كەی،لەبیرم چووی هەمیشە
ئەمن وادەو بەڵێنی خۆمم داوە ....
ئەتۆ بێوەفای دەكەی بە پیشە .....؟!
13/7/2009
چاوەڕوانی
هەرچەند دەكەم خەومنایە
دڵم ئەڵێ‌ ....
ئێستا ئەویش وەك تۆ وایە .
ئەویش وەك تۆ ...
ئەستێرەكان ئەژمارەكا .
ئەویش وەك تۆ ...
لەگەڵ خۆی گفتوگۆ ئەكا.
بڵێی وابێ ...
یاخود دڵم درۆ ئەكا .
نا ... نا ... ئەویش وەك من وایە .
ئەویش وەك من ...
لەناو خەمی چاوەڕوانی موبتەلایە .
ئەویش وەك من ...
بەمانگ ئەڵێ : زوو تێپەڕێ‌ و ...
ڕۆژەكانی كورت كاتەوە .
ئەو ئەزانێ‌ چركە چركی چاوەڕوانی ...
لە عومرم كەم ئەكاتەوە .
11/7/2009
تەنهایی
بەیانی یە و ...
گوڵم، دڵم غەرقی غەم و تەنیاییە .
باڵای بەرز و ...
چاوی جوان  و ...
قژی لولی ...
سەرچاوەی ئاشوبی دڵە و ...
غەمێكی بێكۆتاییە .
زۆر ئەترسم ئەوینی ئەو ...
كۆتای بە عومرم بێنێ‌ .
زۆر ئەترسم ئاشوبی دڵ ...
گوڵی ژینم بژاكێنێ‌ .
ئاخر گیانە ...
هێندەی دووری زەوی و ...
ئاسمان ...
خۆشم دەوێت .
چاو و ...
دڵ و ...
هەست و ڕۆحم ...
بێ ئەوینی ئەو ناسرەوێت .
11/7/2009
تیشكی خۆر
ئەزانم تۆ وەكو خۆری ...
منیش وەكو ئەستێرە .
تیشكی چاوت بۆلام دێت ...
بەس خۆت نایەیتە ئێرە .
شەو و ... ڕۆژ
مانگ و ... خۆر
كوا لەگەڵ یەك گونجاون ...
دڵم هێندە غەمی خوارد ...
چاوم لێڵایی پیاهات ....
هێندە بۆ تۆ گریاون .
7/7/2009
غەمی دووری
بۆ ئەو مرۆڤەی ئەوەندەی قسە شیرینەكانی باوكم خۆشم دەوێ‌
لە ئێستاوە ...
چركە چركی ڕۆژگاری شوم دەژمێرم .
تا تێپەڕێ‌ و ...
بەتاسەوە ...
تەنیای بە خاك بسپێرم .
بەڵام ،گوڵم ...
زۆر ئەترسم بۆ هەمیشە نەتبینمەوە .
وەك ئاواتی لەمەو پێشم ...
تۆش هەورێ‌ بی و بڕەوییەوە .
نا ... نا ... گوڵم ...
من ئەزانم دڵی تۆش وەك دڵم وایە .
كاروان سەرای غەمی دووریم  ...
چیرۆكێكی بێكۆتایە .
دەزانم تۆش لە ئێستاوە ...
چركە چركی سێ مانگ دووری ئەژمارەكەی .
تۆش بە خوێندنەوەی شێعر و ...
نامە نوسین خۆت ژیرەكەی .
ئومێد
بۆ – ئەو - *
ئومێدم وەك سورێن بەرزە
ئیرادەشم وەك پۆڵایە .
گەر ئەوینی ئەوم هەبێ ...
ژیانم بە چۆكا نایە .
23/6/2009
*ئەم پارچە شێعرە، لەوەڵامی نامەی هاوڕێیەكی بەڕێزمدا نووسراوە بەناوی (كاك عەبدولڕەحمان)كە فێرخوازی كۆلێژی (یاسا)بوو،كاتێك لە نامەكەی دا داوای لێكردم بێ ئومێد نەبم و ئاساییە و چەند جارێك بە – ......... – بڵێم كە خۆشم دەوێت ... منیش لە وەڵامدا ئەم شێعرەم بۆ نووسی و بەنامەیەك بۆم نارد .
نامەی ئەوین
نامەیەكت بۆ دەنووسم ...
بەڕەنگی خۆڵە مێشی كاڵ .
بەمەرەكەبی پاشماوەی ...
دڵەی سوتاوی پڕ زووخاڵ .
بەڵام توخوا ....
لەگەڵ گوڵێك و دیارییەك ...
بیدە بەو كەسەی كەتوانی .
دڵەی شەیدام داگیربكات ...
بە ئاسانی .
پێشی بڵێ : خۆشم دەوێ‌ ...
هێندەی بەهار  ...
هێندەی كانی ...
هێندەی جوانی سلێمانی .
یەكەم نیگا
لە بیرت دێ‌ ..... ؟؟
بەیەكەم نیگا پێت وتم :
خۆشم ئەوێی .
دەست لەسەر دڵت دانا ...
وەكو بڵێی :
دڵی شێتم بۆ ناسرەوێی .
منیش بە نیگا پێموتی :
زیاتر لە خۆت، خۆشم دەوێی .
ئەوەندەم خۆش ئەوێی ئەڵێی ...
من(مەم)-م و ... تۆش(خاتوزین)
من(فەرهاد)-م و ... تۆش (شیرین)
تكا دەكەم با هەوڵبەین ...
تاژین مابێت بۆ یەك بژین .
13/8/2009
نامە
نامەیەكت بۆ دەنووسم ...
ڕەنگی لە ڕەنگی ئاسمان بێ .
پیت بە پیتی وشەكانی ...
وەكو ناوەكەت ئاسان بێ .
پیتی یەكەم – تا ئاخیری ناوەكەی تۆ   ....
بە خوێنی دڵم نەخشابێ .
23/6/2009
نیگا
بە نیگای ئەو گرفتارە دڵی شێت
هەزاران دڵ بە قوربانی نیگای بێت !
نیگای چاوی وەكو سیحری بەیانە ...
دڵی بردم ... دڵی بردم .... دڵی شێت ... !!
20/6/2009
تەكیەی چاوەكانت
لەناو تەكیەی چاوەكانتا ...
موریدێكی كزو .....
ماتم .
وەك چۆن دەروێش چاوەڕوانی یاشێخێتی ...
چاوەڕوانی یەك نیگاتم .
14/6/2009
ماڵئاوایی
من پێت دەڵێم ماڵئاوابێ
قەیـــنا بادڵـم تەنیـابێ .
بڕۆ و هەرگیز مەیەرەوە
خۆ ئەوینداری وانابێ .
لە دوورەوە لێم بڕوانی و ...
هەنگاوێك لێم نەیەیتە پێش .
خۆتم لێبكەی بەخانەقا و ...
دڵی شێتی من بە دەروێش .
قەینا گوڵم ...
تۆ یاشێخی دڵی منی و ...
منیش موریدی چاوی تۆ .
من لە خەما گینگڵ دەدەم ...
تۆش بۆ كەیف و سەفا بڕۆ .
ئەوە یاسای تەریقەتە ...
هەر مورید بۆ لای شێخ چووە .
كچێ‌  نەڵێی عاشقت نیم ...
دڵم لای تۆ جێهێشتووە .
17/7/2009
*ئەم شێعرە لە گۆڤاری (بەرزنجە)،ژمارە(1)،دا بڵاو كراوەتەوە .
نامەی عەشق
ئیتر نامەت بۆ نانووسم ...
ئیتر هەواڵت ناپرســـم .
ئیـتر ناڵێـم ئـازیـزەكەم
خۆشم ئەوێی هەموو كەسم .
گرنگ نییە باتەنیابم
تەنیایی لە تۆ باشترە .
تەنیای وەكو تۆ نییە ...
میوانێكی شیرینترە .
بێ ئەوەی پێشوازی بكەم
ئەو میوانی ماڵی دڵە .
فەرشی سوری بۆ ڕاناخەم ...
دیاری گریانی بەكوڵە .
بەڵام، گوڵم  ...
فەرشی ڕۆحم بۆ تۆ ڕاخست
تا جوانترین پێشوازی بێ .
تا چاوەڕوانی دڵی شێت  ...
بە هاتنت كۆتای بێ .
كەچی،  گیانە ....
من ساڵێكە چاوەڕوانم ...
تۆش هەرنایەی
لە دوورەوە لێم دەڕوانی
دڵنیابە عەشق دەمرێ ...
لە ناو دەریای چاوەڕوانی .
16/7/2009
*ئەم شێعرە لە گۆڤاری (بەرزنجە)، ژمارە(1)،دا بڵاو كراوەتەوە
نامەیەكی ئاسمانی
نامەیەكت بۆ دەنووسم ...
وەكو خۆت قەشەنگ و ...
جوان بێ .
نامەیەكت بۆ دەنووسم ....
ڕەنگی لە ڕەنگی ئاسمان بێ .
پیت بە پیتی وشەكانی ...
وەكو ناوەكەت ئاسان بێ .
بەڵام، توخوا ...
مەیفەوتێنە و ...
لە مۆزەخانەی دڵتدا هەڵی بگرە .
ئەگەر جار بەجارێ گریا ...
چاوە كزەكانی بسڕە .
با فرمێسك و ...
ژانی دووری ...
بەرەو مەرگی نەباتەوە .
تەنها پێكێ‌ عومرم ماوە ...
با ئەویش مەرگ نەیخواتەوە .
من ئەزانم ...
 ئەوەندەی من تۆم خشەوێ‌
منیش خۆشەویستم لە لات .
بۆیە بەرلە بەیەكگەشتن ...
نامەی خۆشەویستیم بۆت نارد .
دڵ
من دەمێكە بێ دڵ ئەژیم
دڵم بەئەو سپاردووە .
ئەویش هێندە دڵی ڕەقە
هیچ غەمی بۆم نەخواردووە .
عەشق
كە من هێندە تۆم خۆشەوێ
دەتۆش تۆزێ‌ منت بوێ‌
ئەگەر عەشق نێوانمان بێ .... !!
نەكفرە بێ و ...
نە ئاسمانیش دائەكەوێ‌ .
ترپەی دڵ
هەرچیت هەیە بیدركێنە و ...
لە ناو دڵتا مەیهێڵەوە .
بەڵام، گوڵم بە نیگا نا ...
بە عەشقێكی پڕچرپەوە .
من ئەزانم نیگای چاو و ...
قسەی دڵت وەك یەك وایە .
من ئەزانم شەرمنی تۆش ...
وەكو شەرمنی من وایە .
دەنا، گوڵم ...
دەزانم تۆش منت دەوێ‌ ...
دەزانم كە دڵی شێتت ...
بێ ترپەی دڵم ناسرەوێ .
بێدەنگی
ماوەیەكە دەنگت نییە ...
لێت نابوورم،  بۆ وائەكەی ... ؟!!
ئەی نازانی كە دەنگت دێ‌ ... !!
كۆرپەی دڵی من ژیرەكەی .
20/8/2009
ماچ
هەموو شەوێ‌ لێوەكانم ...
چاوەڕوانی لێوت دەكەن .
دەستە كانم ئەبنە شانە و ...
پرچەكانت شانە دەكەن .
هەموو شەوێ‌ چاوەڕوانم  ...
بێیت و ...
لە ئامێزت بگرم .
بەهێمنی ماچت بكەم ...
بەهەستەوە گوێت بۆ بگرم .
27/8/2009
ڕازی دڵ
ئیتر نامەت بۆ نانێرم ...
تەلە فۆنیشت بۆ ناكەم .
تۆ كەسێكی شایستە نیت ...
بۆیە ئیتر بیرت ناكەم .
ژمارەكەت لەناو هاند و ...
لە سیمكارت و ...
لەناو دڵیشا دەردێنم .
ڕوو لە دڵی كەسێكی تر...
ڕازەكانم ئەدركێنم .
لێمببورە دڵی شێتم لەبەر خۆیەوە ئەمەی وت .
27/8/2009
دڵ ناسك
هێندە دڵت ناسك نەبێ
بەرگەی سەختی ژیان ناگری .
هێندە بۆ ژین خەفەت مەخۆ ...
خەفەت ئەتخوا هەتا ئەمری .
28/8/2009
ماچ و  ...  دڵ
نیوە شەوە و ...
دڵم ئەڵێ‌: ماچم ئەوێ‌ .
دڵم ئەڵێ‌ ...
بێ ماچ خەوم لێناكەوێ‌ .
تۆی دڵ ڕەقیش باڵندەی لێوت نانێری ...
تا لێو بنێ‌ بە لێو مەوە .
تا سەرمەستی خۆشیم بكا و ...
غەمی دنیام بیر چێتەوە.
هەر دڵم ، نا...
دەستیشم گلەی ئەكا .
بە خەیاڵی سنگ و مەمكت ...
یاری بەتەنهایی ئەكا .
ئەوە ساڵێكە پێت ئەڵێم :
كەچی ماچێكت نەدا پێم.
24/8/2009
دڵی شێت
كە لێو دەنێم بە لێوتەوە و ...
ماچت ئەكەم .
دڵی شێتم ئارام ئەگرێ‌ و ...
ترپەكانی وەك جارانی لێدێتەوە .
ئەو كاتانەی لە تۆ دوورم ...
وەكو بەفری دەمە و بەهار ...
هێور هێور ئەتوێتەوە .
28/8/2009
لێبوردن نامە
لیمببورە ...
من نەك دەریا و ئۆقیانووسنیم ...
لەگەڵ ئاویشدا ناكۆكم.
بۆ – شادە– ی یاشێخی دڵم ...
وەكو دەروێش لەسەرچۆكم .
31/8/2009
خۆشم ناوێی
من پێموتی خۆشم ناوێی ...
چونكە عەشقی كەسێ ترم .
لە دووای ئەو تازە ناتوانم ...
ئەوین بۆ هیچ كەس دەربڕم .
تازە دڵم وێرانەیە ...
لەگەڵ كەس گفتوگۆ ناكا .
ئەگەر بڵێم تۆم خۆشەوێ‌
گوڵم، دڵم درۆ دەكا .
31/8/2009
ئەوین و ... دڵ
لێم ببورە گوڵی دڵم ...
تازە دڵم بەئەو داوە .
تازە دڵم دێرۆ بردی و ...
لەگەڵ خوێنم تێكەڵاوە.
بەشەو و ... ڕۆژ
لەگشت شوێنێ‌
وێنەی ئەوم لەبەر چاوە.
جەژنانە
لە ئێستاوە چاوەڕوانم ...
جەژن بێت و ماچت بكەم .
جەژن بێت و ...
لە ئامێزتا پشوو بدەم .
سەرم لەسەر سنگت دانێم ...
هەتاوەك خەو ئەمباتەوە .
گەرچی گەرمی لەشی نەرمت ...
ئاگرێ‌ تر ئەكاتەوە.
عەشق و مردن،  نا … مردن و عەشق
عاشق دەبی
خۆشت دەوێ‌
خۆشی دەوێی
پاشماوەیەك مردن دێت و دەیبا.
عاشق دەبی
خۆشی ناوێی
دڵت دەدزێ‌ و ناتداتەوە .
پاشماوەیەك مردن دێت و
دەتبا.
عاشق دەبێ
خۆشت ناوێ‌
هێندەت دووعا لێدەكات
ئاهووهەناسەی دەگاتە لای خوا.
ئای لەعەشق  !!
چەند بەئازارە
چەند بەسوێیە
لەهەر چوار لاوە مرۆڤ دەكوژێ‌.
ئاخ لە مردن چلۆن لەگەڵ عەشق دەستیان گرێداوە.
ئای لەمن!!!!
چەند دەكەم لەنهێنی نێوان عەشق و
 مردن ناگەم.
هەست دەكەم ، عەشق مردنە و
مردنیش عەشقە.
كەواتە بابمرم
پێش ئەوەی عاشق ببم !!
ئای كە گەمژەم
خەریكە مردن هەڵدەبژێرم
نا … نا
سەرەتا عاشق دەبم
خۆعەشق لەگەڵ مردن دا جیاوازییەكیان نییە
ئاخر هەركامیان بێت
سەرئەنجام هەر دەبێت بڕۆم
بەڵێ‌ …!! دەبێ بڕۆم !!!
بڕۆم بۆ سەفەرێك 
كەنازانم بەرەوكوێیە و
كەی دێمەوە …؟؟!!!
ئای لە زیندەگی
چلۆن بۆتە سیحرێكی شەیتان ئاسا
بۆتە سنوری نێوان مردن و
عەشق
ئەو دووانەیەی كە یەكێكن و
سنوریان نییە
كەواتە زیندەگی و .
 مردن و
 عەشق یەكسانن!!
4/7/2009