ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۱/۱/۴

شێخ ئیبراهیمی كوڕی شێخ مەحمودی بەرزنجی (كابل)

شێخ ئیبراهیمی كوڕی شێخ مەحمودی بەرزنجی
(كابل)
ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
شێخ ئیبراهیم كوڕی شێخ مەحموود كوڕی شێخ عەبدولكەریمی قوتبی بەرزنجی كوڕی شێخ عیسای نوربەخشی بەرزنجی كوڕی باباعەلی هەمەدانی یە.ئامۆزای شێخ حسەینی كوڕی شێخ عەبدولكەریمە،كە زۆربەی بەرزنجییەكان لە نەوەی ئەم شێخ حسێنەن.
شێخ ئیبراهیم بە (كابل) ناسراوەو،مودەڕیسی ئەمیر (حەمزەی بابان) لە (بەرقەڵای مەریوان)دا،بووەو،مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس (بەڕەحمەتبێت) لەبارەی نازناوی (كابل)ەوە دەنووسێت:(كابل:یانی كاكەبلە ،واتە :كاكە ئیبراهیم)،بەڵام (ئەبولعەلای كازرۆنی) كە یەكێك بووە لە قوتابیەكانی شێخ ئیبراهیم،لە پەڕاوێزی كتیبی (چیا‌و الكلوم) دا وتویەتی :(كابل علی وزن فاعل بمعنی الگود الشامخ،و به لقب شیخنا ابراهیم البرزنجی،لرسوخە العلم به رسوخە الجبال) واتە:(كابل،هاوسەنگی فاعیلە و،بەمانای شاخی بەرزە،لەقەبی مامۆستامان شێخ ئیراهیمی بەرزنجەییە،بۆیە وای پێ وتراوە.چونكە زانست لە مێشكیا وەك شاخ ڕەنگ و ریشەی داكوتاوە.).
ئێمەش پێمان وایە كە شێخی كازرۆنی لێكدانەوەیەكی هەڵەی بۆ نازناوی (كابل) كردووەو،راستەكەی بەم شێوەیەیە:كابل ---كابلە --- كاكە بلە --- كاكە ئیبراهیم)ە،بەڵام لەوانەشە بۆچوونی ئێمە و مامۆستای مودەڕیس هەڵەبێت و،شێخی كازرۆنی بۆچونەكەی ڕاست و دروست بێت،بەڵام ئێمە بۆچوونی خۆمانمان پێڕاستترە بۆیە لێرەدا تۆمارمان كرد.والله اعلم.
شێخ ئیبراهیمی بەرزنجی لە حوجرە و مەدرەسەی بەرزنجە و،لەلای زۆربەی زانایانی بەرزنجی خوێندوویەتی و،بۆ تەواوكردنی خوێندن و كۆكردنەوەی زانست و زانیاری زیاتر ،چووە بۆ وڵاتی (میسڕ) و،پاشان لە ڕێگەی (ئەفغانستان)ەوە،گەڕاوەتەوەو،چۆتەوە بۆ مەریوان و،تاماوەیەكی زۆر لە مزگەوتی (سور) تەدریسی كردووەو،دەرسی وتۆتەوە.
مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس (ڕەزاو ڕەحمەتی خودای لیبێت)لە بارەی مزگەوتی سور  و لەبارەی بابان و ناودارانیانەوە، لەو سەردەم و كاتەدا دەنووسێت:(ئەم بابانە لەپێش بابانی عێراقدا بوون و،لە مێژووی (600ك) بەرەو ژوور ناویان هەیە و،زۆربەیان لەوڵاتی عەجەمدا فەرمان ڕەوا بوون و،ناوی میر عەبدولكەریم و میر ئەحمەد خان و،میر سەعدوڵڵا و میر حەمزەی بابان لەناو باسی سەیدەكان و زانایانی وڵات دا دێن،ئەم میر حەمزەیە زۆر خاوەن هێزو دەسەڵات بووەو،كتیبی (تژكرە الاجناد،فی محاربە  الاتراك و الاكراد) ئەم ناوانەش دەردەبڕێت.
میر حەمزە لە ساڵی (800ك)دا،شەڕی لەگەڵ توركی (جەلایری)دا بووەو،گەلێك وڵاتی داگیر كردووە،ئەم میر حەمزەیە سوپاكەی خۆی لە شانی كێوی (بەرقەڵا) ی (مەریوان)دا،گرد كردۆتەوەو،شورایەكی بەدەوردا كێشاون و،لەتەنیشتی شوراكەوە مزگەوت و خوێندنگەیەكی زۆرچاك و لەباری دروست كردووەو،سەیید ئیبراهیمی بە (كابل) ناسراوی كردووە،بە مامۆستای ئەو خوێندنگە و،(شێخ ئەحمەدی نەعێمی) ناسراو بە (ابن الانبار) ی پێشنوێژی مزگەوتەكە بووەو،مزگەوتەكەش بە (مسجد السور) ناسراوە.
میر حەمزە سوپایەكی باش پێكەوە دەنێت و،لەگەڵ توركەكاندا بەشەڕ دێت و،لە ئەنجامدا لە شاری (بەعقوبە) بە دەرمان خوارد كراوی كۆچی دووای دەكات).
(سەید عەبدولسەمەدی توداری) لە كتیبی :(نور الانوار)دا،دەنووسێت:(دووای كابل بە 114 ساڵ،مەلا ئەبوبەكری موسەنیف ،ماوەی 18 ساڵ لەوێ‌ (واتە:مزگەوتی سور) مامۆستا بووەو،پەند و ئامۆژگاری خەڵكی كردووەو،زۆربەی كتیبەكانی لەوێ‌ داناوەو،لەسەردەمی مەلا ئەبوبەكری موسەنیف دا،باباخانی ئەردەڵان كە یەكێك بووە لە موریدەكانی ،مزگەوتی سوری ئاوەدان كردۆتەوەو،پاش ئەو 18 ساڵە مەلا ئەبوبەكر دێی (موشڵە)*ی دەستگیربووەو،چۆتە ئەوێ‌،پاش ئەوەش بە ساڵێك دێی (چۆڕ)یان داوەتێ‌ و،ماڵی بردۆتە ئەوێ‌ و لەوێ‌ كۆچی دووای كردووەو،لەوێش نێژراوە.).
وەك لە دەستنووس و سەرچاوەكاندا هاتووە،ئەم شێخ ئیبراهیمە چەندین پارچە زەوی و،دێی گەورەی پێ بەخشراوەو،دێی (نەوڵوو/نووڵوو) لەنێوان (دەرەتفێ‌) و(كانی سانان) و (نەی)دا،لەگەڵ دێی (دۆڵاش) موڵكی ئەون و،قازی فەتحوڵا دەڵێت:(ئەم زاتە ئەم دوو موڵكەی كردووە بە 6 پارچەوەو،وەقفی كردوون،بەشێكی وەقفی مزگەوت و بەشێ بۆ میوان و،بەشێكیش بۆ قوتابی عیلم و،3 بەشەكەی تر بۆ نەوەی نێرینەی خۆی).
شێخ ئیبراهیم ژیانی لە دەرسوتنەوەدا بەسەر بردووەو،خزمەتی ئاینی پڕبەخشش و پیرۆزی ئیسلامی كردووەو،گەلێك موریدی بووەو،زۆرێك لە زانایانی ئەو سەردەمە لەلای شێخ ئیبراهیم خوێندوویانە و،لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتوون،لەوانە شێخ سەفائەدین **ی ناسراو بە (پیر سەفا) كە گۆرەكەی لەنزیك گوندێكدایە بەناوی (پیر سەفا)وەو،هاوكات (ئەبوعەلای كازرۆنی)یش یەكێك بووە لە قوتابییەكانی و،هەردووكیان لەسەردەستی شێخ ئیبراهیم دا،خوێندنیان تەواو كردووە.
عەلامەی كازرۆنی لە لاواندنەوەی شێخ ئیبراهیمی مامۆستایدا،دەڵێت:(مامۆستام ئەگەرچی شافیعی مەزهەب بوو،بەڵام لەشەرعی حەنەفی دا،ئەبوو یوسفی دووەم،بوو).
هەموو بەرزنجییەكانی (نمان)***كە ئێستا پێی دەڵێن :(سەڵوات ئاوا)لەنەوەی مەلا ئیبراهیمن و،لەگەڵ بەرزنجییەكان دا،لە پشتێكن.
لەبارەی كۆچی دووای (شێخ ئیبراهیم)ەوە،عەلامە(ئەبوعەلای كازرۆنی)لە پەراوێزی كتیبی (چیا‌و الكلوم) دا،دەڵێت:(توفی لیلە الجمعە غرە ژی حجە الحرام عام پلاپە وعشرین وپمانیە من هجرە خیر الانام).
بەم پێیە بێت لەشەوی جومعەی سەرەتای مانگی قوربانی ساڵی (823ك) كۆچی دووای كردووە،بەڵام شێخ عیسای بەرزنجی باپیرە گەورەی ،مێژووی ژیانی (666ك-754ك)وبەم پێیەبێت دەبێت شێخ ئیبراهیم دووای ئەوە مردبێت،چونكە عەبدولكەریمی باپیری لە دووای ساڵی(696ك) لە دایك بووە،چونكە ئەو كاتە شێخ عیسای باپیری ژنی هێناوە.
بەو شێوەیە پیری زاهید و،خواناس ،مەلا ئیبراهیمی بەرزنجی ،ناسراو بە (كابل) دووای بەسەر بردنی تەمەنێكی پڕ خزمەت ،كۆچی دووای كردو،گەڕایەوە بۆ لای پەروەردگاری مەزن.
پەڕاوێز و سەرچاوەكان:
*دێی (موشڵە)لە ئێستا دا پێی دەوترێت (وشكێن).
**مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس (بەڕەحمەتبێت) لە جیاتی (سەفا ئەدین)دەنووسێت (پیر مستەفا)كە ناسراو بووە بە پیر سەفا.
***نمان:وشەیەكە بەنای شیوی تەنگ و،كەوە شاخە،ئەم دێیە و،هەر هەشت قشڵاخەكەی موڵكی خۆیانە و،مەلا ئیبراهیم وەقفی كردووە لەسەریان.
1-چمكێكی مێژووی هەورامان و مەریوان،موحەمەدی مەلا كەریم وەریگێڕاوەتە سەر كوردی ،1970،بەغداد،چاپخانەی (سلمان الاعچمی).
2- بنەماڵەی زانیاران،نووسینی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی موددەڕیس (خودا لێی خۆشببێت) ،بەغداد،1984.
3- علمانا فی خدمە علم والدین، نووسینی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی موددەڕیس (خودا لێی خۆشببێت) ،بەغداد،1983،الگبعە الاولی،دار الحریە للگباعە.
4- سادات البرزنجە،بقلم:عبدالقادر محمد البرزنجی،1375ه -1956م،مگبعە الترقی- كركوك.
5- شارۆچكەی بەرزنجە،نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی،گۆڤاری سلێمانی،ژمارە90،ساڵی 2008،ل35-38.
6- سوڵتانی حەقیقەت،كاكەیی لەنێوان ناڕۆشنی ڕێ و ڕچەكەیان و شیعەگەریدا،نووسینی:هێمن مەلا كەریم بەرزنجی،گۆڤاری هەڵەبجە،ژمارە13،زستانی 2007،ل24-35.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر