ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۲

عەلامە حاجی مەلا عیسای بەرزنجی

عەلامە حاجی مەلا عیسای بەرزنجی
 (شێخ عیسای بەرزنجی666-754 كۆچی)
ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی

 
عەلامە حاجی مەلا عیسای بەرزنجی ،ناوی تەواوی (شێخ عیسای نووربەخشی بەرزنجی كوڕی ئەمیر بابا عەلی هەمەدانی كوڕی شەهابەدین(1) ی هەمەدانی ناسراو بە بابا یوسفی هەمەدانی كوڕی مەنسوڕی هەمەدانی)یە،نازناوی (نووربەخشی)بووە و بە (شێخ عیسێ)ناوبانگی دەركردووەو،زانای ئاینی و شاعیر و پیری تەریقەتی (نووربەخشی) (2) بووە لە ناوچەكەدا.
حاجی مەلا عیسای بەرزنجی لە ساڵی (666ك) لە(هەمەدان) لە دایك بووەو،دووای خوێندنی كتێبە وردەڵەئاینی یەكان،لای (بابا عەلی هەمەدانی ) باوكی ،چۆتە لای زانای ناودار (خواجە ئیسحاقی خەتڵاتن) ی و،(شێخ مەحمودی مەزدەقانی) و (موحەمەد نوربەخشی) برای،كە دامەزرێنەری تەریقەتی (نووربەخشی) یەو تاوەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی و خەرقەپۆشی تەریقەت لایان ماوەتەوەو پلەكانی فەقێیەتی (سوختە و موستەعید) ی لای ئەو سێ زانا گەورەیە تەواو كردووەو خەرقەی تەریقەتی (نووربەخشی) شی لەلایەن (موحەمەدی نووربەخشی هەراتی) برایەوە كراوەتە بەر و بۆ كۆكردنەوەی زانستی زیاتر و خوێندنی زیاتری زانستە شەرعییەكان گەلێك شوێنی وەكو (میسڕو عێراق و مەدینە و حیجاز و ئێران و شارەزوو و .....) گەڕاوەو بەمەش پلەی زانستی زیاتر بەرزبوویەوە.
پاشان لەگەڵ (عەلامە حاجی مەلا موسای بەرزنجی) برای دا، هاتووە بۆ شارۆچكەی( بەرزنجە) ی ئێستا و قەرەبالغتر و ئاوەدان تریان كردۆتەوە(3) و ئەم هاتنە ڕێكەوتی ساڵی (686ك) بووە ،كە هاوكات و لەو ساڵەشدا (مزگەوت و حوجرەو مەدرەسەی بەرزنجە) یان بەهاوكاری و پاڵپشتی بنەماڵەی (خالیدی نەرگسی كاژاوی) دروست كردووە،و وانەیان تێدا وتۆتەوەو تەدریسیان تێدا كردووە.
دوواتر (فاتیمە خانی كچی حاجی مەلا خالیدی (4) كاژاوی  ) كە براژنی خۆی بووە(5)،لە دووای مردنی مامۆستا (مەلا مووسای نووربەخشی بەرزنجی)  برای دەخوازێت وسێ كوڕی لێیدەبێت،دوواتریش (دایرەك خاتوونی كچی حسەین بەگی جەڵد) دەهێنێ‌ و لەمیش نۆ كوڕی دەبێت و،چەند كچێكیشی لەهەردوو ژنەكەی دەبێت ،كە بەداخەوە ناوو ژمارەیان نازانین،بەڵام مامۆستای عەلامە (مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس) (بەڕەحمەت بێت) لە كتێبی (بنەماڵەی زانیاران) دا و لەباسی نەوەكانی (شێخ عیسای بەرزنجی ) دا بە پێچەوانەی ئێمەوە ئاماژە بەوە دەكات ،كە (حاجی مەلا عیسای بەرزنجی) دووانزە كوڕی لە (فاتیمە خانی كچی حاجی خالیدی كاژاوی ) بووە و لەم بارەیەوە دەنووسێت: (ئەم زاتە – وەك مەشهورە – دووانزە كوڕی لە فاتمەخانی خێزانی بووە،كە هەریەكێك لەوانە وەكو چرایەك وابوون بۆ مسوڵمانان)،كەچی (سیسیل جۆن ئیدمۆنز) لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا بەناوی (كورد – تورك – عەرەب) كە (حامید گەوهەری) كردویەتی بە كوردی ،لە (ل 228 ) دا ،دەڵێت: ( شێخ عیسا كە كوڕی باباعەلی هەمەدانی بوو ....یەكەم ژنی لە هۆزی (كاژاو) هێناو لەو ژنە سێ كوڕی بەناوەكانی (عەبدولستار ، عەبدولكەریم، عەبدولقادر) بووە.
ئەمە جگە لە زۆرێ لەو دەستنووس و سەرچاوانەی كاتایبەتن ،بە (كاكەیی) و دەست ئێمە كەوتوون و هەموویان جەخت لە ڕاستێتی ئەو بابەتە دەكەنەوەو،لە چەند دەستنووسێكی دیكەشدا كە تایبەتە بە بە (بەرزنجە) بەهەمان شێوە باسكراوە،وەلێ‌ بەهەر حاڵ و هەرچۆنێك بێت،(حاجی مەلا عیسای بەرزنجی)  لە دووای خۆی (12) كوڕ و چەند كچێكی لێبەجێماوەو ئەوەش قسە و بۆچونی سەرجەم پەرتووك و دەستنووسەكانی بەحرلئەنسابەكانە كە تا هەنووكە من بینیومن و وێنەیانم لەلا هەیە و بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەناو و ناوی دانەرەكانیان بكەم،بەم شێوەیە:
1-كتێبی :( بنەماڵەی زانیاران) ،دانراوی مامۆستا (مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس.)
2- الرسالە المنجیە فی مناقب السادە ابرزنجیە،دانراوی ( شێخ مارفی ریشەڵانی.)
3-كتاب بحر الانساب بشمول الاجداد،دانراوی (شێخ مارفی نۆدێی بەرزنجی) ،كە دەستنووسە و بەزمانی فارسییە.
4-كتێبی (باخچەی سەیدان)، دانراوی : (موحەمەد عەبدولكەریم شێخانی بەرزنجی).
5-كتێبی (بحر الانساب و رسالە سادات البرزنجە)،دانراوی (عەبدولقادر موحەمەد بەرزنجی)،ساڵی 1956ز.
6-كتیبی (بنەماڵەی پاكان یان بحر الانساب (الاحمدی) )،دانراوی (حاجی مەحموود ئەحمەدی.)
7-كتێبی (علماْ  نا فی خدمە العلم والدین) ،دانراوی مامۆستا (مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس) (بەڕەحمەت بێت) .
8-الرسالە الاشرافیە،دانراوی : (شێخ مەحمودی قوتب،كەركوكی گڵەزەردەیی بەرزنجی) ،كەپەرتوكێكی دەستنووسە و بەزمانی فارسییە.
ئەمە جگە لە چەندان دەستنووس و پەرتووكی دیكە ،كە بەداخەوە وێنەیانم لانییە و،هیوا خوازم لە ئایندەدا وێنەیانم دەست بكەوێت،بۆ ئەوەی ئەگەر زانیارییەكی نوێی تێدابێ و من نەم بیستبێت،بیخەمە پاڵ ئەم باسە و بۆی زیاد بكەم،یان هەر گۆرانكارییەك پێویست بووبە ئەنجامی بگەیەنم،دیارە بە پشت بەستن بەو سەرچاوانەی نەمبینیون،یان تەنها جارێك بینیومن و وێنەیانم لەلانییە.
هەرچۆنێك بێت وای بەباش دەزانم ئاماژەیەكی كورت بە  كوڕەكانی (حاجی مەلا عیسای بەرزنجی) بدەم و،هەوڵیشدەدەم بە تەواوی لەسەر ئەو كوڕانەی بنووسم كە زانیاری لەبارەیانەوە لەبەر دەست دایە،و كورەكانی (شێخ عیسا ی بەرزنجی) وەك ئاماژەمان پێدا،دووانزە كوڕن بەم شێوەیە:
یەكەم:عەبدولكەریم،كوڕەگەورەی (حاجی مەلا عیسای بەرزنجی) بووەو ،لە شارۆچكەی (بەرزنجە) دا ژیاوە،هەتاوەكو كۆتای تەمەنی،بەپێچەوانەی هەندێك لە براكانی دیكەی كە (بەرزنجە) یان جێهێشتووە،ئەم لە جێگەی باوكی دانیشتووەو ،سەرقاڵی ڕێنوێنی و تەدریس و وانە وتنەوە بووە.
دووەم:سادق،ئەم كوڕەیانی (بەرزنجە) ی جێهێشتووە و،بەرەو (شارەزوور) ڕۆیشتووەو ،لە شوێنێكی بەرز و دیار و ناسراو بەناوی خۆیەوە نێژراوە،ئەم كوڕەیانی لە هەندێك سەرچاوە و دەستنووس دا بە (موحەمەد سادق) ناوی هاتووە و جێگەی ئاماژەیە قەزای( سەیسایەق) كە لە ڕاستی دا (سەیید سادق) ە ،بەناوی ئەمەوە ناونراوە.
سێهەم:مەولانا موحەمەدی ڕۆخانە،لە دێیەك لە ( چەمی سیروان ) لە كۆتایی خاكی (نەوڕۆڵی پارچە) لە باشوری خۆر ئاوای (هەڵەبجە) دا ،دانیشتووە،هەر لەو شوێنەشدا دونیای بە جێهێشتووەو، لە گۆڕستانی ئەو دێیەدا بە خاك سپێر دراوەو،لە ساڵی (1380ك) لە ترسی بە ژێرەوە بوونی گۆرەكەی بە ئاوی دەریاچەی (دەربەندیخان) ،تەرمەكەی گوێزرایەوە.
چوارەم:سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی بەرزنجی،ئەم كوڕەیانی بە نوێكەرەوە،یان دامەزرێنەری ئاین یان ئاینزای (كاكەیی) دادەنرێت،دیارە بە پشت بەستن بەو سەرچاوە و دەستنووسە  گرنگ و پڕبایەخ و زانستییانەی كە  بینیومن ئەم قسەیە دەكەین،ئەگەرچی مامۆستا (مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس) (گۆڕی پڕنووربێت) بە پێچەوانەی زۆربەی سەرچاوەكانەوە دەنووسێت : (هەندێك لە مەنسوبە نەزان و نەفامەكانی گەلێك خورافات و شتی پڕو پوچ و بیر و باوەڕی ناڕەواو نادروستیان خستەسەر ڕێباز و یاسای تەریقەتەكەی،كە ئەو زۆر لەوشتانە دووربووە و پیاو چاك و مسوڵمان بووە.) .باسی تەوای ژیان و بەرهەمی (سوڵتان ئیسحاق)  هەڵدەگرین بۆ كات و شوێنی خۆی و،لێرەدا تەنها ئاماژەیەكی كورتمان پێدا،سوڵتان بە (سان سەهاكی بەرزنجی) یان (سوڵتانی حەقیقەت)،یان (سەیید ئیسحاق) یش ناوی دەهێنرێت،ئەم كەسایەتییە ناسراوە لە گوندی (شێخان) ی گوێ‌ چەمی (سیروان) لە خۆرهەڵاتی دێی (نەوسوود)  لە خاكی (لهۆن)نێژراوە.
پێنجەم: ویساڵ،كە بە ویساڵەدین – یش ناودەبرێت،لەگەڵ جەمال (جەمالەدین) و كەمال (كەمالەدین)،كە گوندی (بەرزنجە)یان بە جێهێشتووە و،هەندێك دەڵێن: (ئەم سێ كوڕە لە دێی (ئالیاوا) ی (شارباژێڕ) باخاك سپێردراون) كەچی هەندێكی دیكە دەڵێن : (لە خوار دێی (گڵەزەردە)وە نێژراون).
شەشەم:عەباس،ئەم كوڕەیانی (بەرزنجە) ی جێهێشتووەو ،لە گوندی (وڵوبە) ی (6) باشوری (سلێمانی) كۆچی دووای كردووەو ، هەر لەوێ‌ نێژراوە.
حەوتەم:حەسەن و حسێن،وەك لەسەرجەمی سەرچاوەو دەستنووسەكاندا هاتووە،ئەم دوو كوڕەشی لە شارۆچكەی (بەرزنجە) دا ژیاون وهەر لەویشَ نەوەیان لێكەوتۆتەوەو خزمەتیان كردووە،هەتاوەكو ئەو كاتەی كۆچی دوواییان كردووەو ،لە (بەرزنجە) بە خاك سپێردراون،بەڵام بەداخەوە بەهۆی ونبوونی ڕشتەی نەسەبی هەندێك لە بنەماڵەكانی (بەرزنجە) و دەوروبەری نازانرێت نەوەكانیان كێن.
هەشتەم:بابا یادگار،یان (موحەمەد یادگار) كەلەناوچەی (زەهاو) بووەو،وەك زانراوە بەشێكی (كاكەی) یەكان خۆیان بەنەوەی ئەم زاتە دەزانن.
نۆهەم: بایزی یان (بایەزید)،كە بەداخەوە هیچ زانیارییەك لە بارەی ئەم كوڕەیەوە نییەو نازانیین،كە ئایا (بەرزنجە) ی جێهێشتووە یان نا؟،نازانین چۆن و كەی و لەكوێ‌ مردووە؟.
ئەم كوڕانەی ( شێخ حاجی مەلا عیسای بەرزنجی) كە ناویانمان تۆماركرد ،وەكو باوكیان زاناو شاعیر بوون،بەڵام هەموویان بەرهەمییان لێبەجێنەماوە،یان ڕاستتر بڵێین بەرهەمەكانیان دەست ئێمەنەكەوتوون  و،هەندێكیان بەرهەمەكانیان فەوتاوە و ،هەندێكیشیان بەرهەمەكانیان ماوە.
حاجی مەلا( عیسا) ی زاناو شاعیر و مامۆستای ئاینی،مامۆستای چەندین كەسایەتی و پێشەوای ئاینی و سۆفیگەری و شێخی ئیرشاد و تەریقەت بووە،لەو سەردەمانەی تێیدا ژیاوەو،هەندێكیانی پێگەیاندووە،واتە هەموو پلە زانستییەكانی خوێندنیان لای ئەم بووەوهەندێكیشیان بۆ ماوەیەك لای ئەم زانا و شاعیرە خوێندوویانە و،لای زانایانی دیكە خوێندنەكەیان تەواو كردووە،ئەمانەی لای خوارەوە ناوی بەشێكی تەلەبە و شاگردەكانێتی:
- سوڵتان ئیساقی كاكەیی بەرزنجی.
- شێخ ئەبوو سعودی بەغدادی.
- مەلا حەسەنی بەرزنجی.
- مەلا حوسەینی بەرزنجی.
- مەولانا شێخ عەبدولكەریمی قوتب،بەرزنجی.
- شێخ مەحموودی شەبستەری شەرحكەری گوڵشەنی ڕاز.
- شێخ داودی دانەری نامیلكە هۆنراوەی (بیا داود) ،كە تێیدا دەڵێت:
بیا داود بە كوردستان گزركن
مقامی خود ببین عزم سفر كن
ئەو تەلەبە بەوەفایانەی (حاجی مەلا عیسای بەرزنجی ) كارێكی گەورەو پڕبایەخ و زۆر بەسودیان بۆ ئێمە ئەنجام داوە،هەندێك زانیارییان لەبارەی ژیان نامە و،هەڵسوكوتی مامۆستاكەیانەوە تۆمار كردووە،كە كەم تا زۆر دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت و،بكرێتە بەشێك لە ژیاننامەی ئەم شاعیر و زانا ناودارەو،بەپێویستی دەزانین لێرەدا بەشێكی ئەو گێڕانەوانە تۆماربكەین.
شێخ داود گێڕاویەتییەوە و ،دەڵێت: (حەوت ساڵ لە خزمەتی مامۆستاكەم دا بووم،گەلێك جار ئەمبینی كە (شێخ عیسا ) پاش نوێژی عیشا هەتا بەرەبەیان،خەریكی خوودا پەرستی دەبوو،نوێژی سبەینێی بە دەستنوێژی عیشاوە دەكرد،زۆرلە خووداترس و دنیانەویست بووە،هەموو كاتێك هانی داوون بۆ داوای لێخۆشبوون و دەیفەرموو،لەگەڵ ئەوەدا كە خوودا بە پێغەمبەری  (د.خ) فەرمووە: (لیغفرلك ماتقدم من ژنبك و ماتاخره) كەچی پێغەمبەر (د.خ) حەفتا جار داوای لێخۆشبوونی كردووە.).
هەر ئەم (مەلا داود) ە باسێكی دیكەمان لەبارەی مامۆستاكەیەوە بۆ دەگێڕێتەوەو،دەڵێت : (ڕۆژێك لە خزمەتییدا بووم بەسەفەر چووین بۆ شارەزوور چوینە دێیەك لەوكاتەدا خەڵكەكەی خەریكی زەماوەند بوون و بەڕەشبەڵەك هەڵدەپەڕین،عەرزم كرد قوربان دووعایەك بكە لەم كۆمەڵە هەواپەرستە تاخوودا لەناویان بەرێ‌،لەوەڵامدا فەرمووی :نا،بەڵكوخوودا باشیان بكات و ڕەفتاریان بگۆڕێت.).
شێخ( هیدایەتی سنەیی) (حەسەن ئاوان) یش لە بارەی مامۆستاكەیەوە دەڵێت: ( ڕۆژێك دیم ئەم زاتە هەندێك ئاردی گرتبووە كۆڵەوەو بردیەوە بۆ ماڵی پیرێژنێكی نەخۆش و دای پێی،هەروەها چەند جار چیلكەی لە دەشتەوە كۆكردۆتەوەو بە كۆمەڵ ئەیبرد بۆ هەژاران و نەخۆشان و هەتیووان.).
ئەم شاعیر و كەسایەتییە ئاینییە،زانا بووە بە زانستی ئاینی و،یاسای وابووە هەموو ڕۆژێك لە دووای نیوەڕۆدا دەرسی وتۆتەوەو ئامۆژگاری مسوڵمانانی كردووە و پاش عەسرانیش قورئانی خوێندووە،لەشەوەكانیش دا خەریكی زیكر و وێرد خوێندن و بەندەی كردن بۆ خوودا بووەو تەمەنی بەم جۆرە بەسەر بردووەو،هیچ كاتێك لە خوودا بێئاگا نەبووە.
ئەم شاعیر و مامۆستا ئاینییە،وەكو لەو سەردەمەدا باو بووە،پێشەوایەكی تەریقەی دەروێشی بووەو،لەناو خەڵكیدا بە (شێخ عیسا) ناوی هێنراوەو،یەكەم جار تەریقەتی لە (خواجە ئیسحاقی خەتڵانی ) ی مامۆستای وەرگرتووەو پاشانیش تەرقەتی (نووربەخشی) لە (موحەمەدی نووربەخشی)برای،كە دامەزرێنەری تەریقەتەكە بوو،وەرگرت و،بەمەش تەریقەتی نووربەخشی بۆیەكەم جار هاتە ئەم بەشەی كوردستان و،لە (بەرزنجە) وە بڵاوبووەو،هەموو( شارەزوور) و (شارباژێر)ِ و دەوروبەری گرتەوە.
ئەگەر چی هەندێك هۆنراوەی ئەم شاعیرەمان لەبەر دەست دایە ،بەڵام ژمارەیان كەمەو زۆربەی شێعرەكانی فەوتاون و لەوانەشە ڕۆژێك بێت بكەونەوە بەر دەست ،وەلێ‌ ئەوەی لەبەر دەست دایە بەسە بۆ ئەوەی وەكو بەڵگەی شاعیرێتی ئەم مەلا و پێشەوا ئاینییە بەكار بهێنرێت و لێرەدا چەند نموونەیەكی هۆنراوەكانی دەنووسین:
                                     نموونەی هۆنراوەی كوردی :
پێمە شوكرانە،پێمە شوكرانە
واچن سەرو ماڵ بدەیم بەرانە
چون دەستمانە تەحقیق یەگانە
ویسڵگا لوا یم جە ویساڵ یانە.
دكتۆر سدیق بۆرەكەیی (سەفی زادە) لە لاپەرە (158) ی (بەرگی یەكەمی مێژووی وێژەی كوردی) دا،ئەم شێعرەی بەم جۆرە لێك داوەتەوە: (واتە: ئێمە دەبێت هەموودەم سوپاسی خوای مەزن بكەین،و سەر و سامان و داراییمان لەڕێی ئەودا ببەخشین .چونكە ئەو خوایەكی تاك و تەنیایە و،ئێمە ئەگەیەنێتە ماڵی ئاوات و نیاز.).
                               نوونەی هۆنراوەی فارسی:
كائنات است جسم ماجانیم
واصلات را دلیل و بورهانیم
خاتمی اولیای دور قمر
وارت فقر شاه مردانیم
گرچە مرغان عشق بسیار ند
هەم چو عنقا امیر ایشانیم
میهر جامعیم جملە كون
هەرچە بود است هست ما انیم
گەرچە در ملك عیشق عالم فقر
برسرید شهود سلگانیم
نوربخشیم بر همە عالم
بر سپهر كمال تابانیم
هركە بینا است دیدە است كە من
عیسی مریم ال عمرانیم
                           نموونەیەكی دیكەی شێعری كوردی:
حاجم چەرانە، حاجم چەرانە
حاجیان حاجم ،حاجم چەرانە
حاجمی كەردەن پایەی خودانە
هەركەس وێشمەجمۆگا وێش خەتانە.
سەفی زادەی بۆرەكەیی لە لێكدانەوەی ئەم شێعرەدا نووسیویەتی: ( ئەی حاجییەكان بانگتان دەكەن بۆ كۆبوونەوە،بانگهێشتن بۆ كۆبوونەوە پلە و پایەی نوێنەری خوایەتی هەیە،هەركەسێك بەبێ بانگهێشتن لە خۆی جموو جۆڵێك  پیشان بدات،بەهەڵە ڕۆیشتووەو لە ڕێی ڕاست خلیسكاوە.).
حاجی (مەلا عیسای بەرزنجی) شاعیر و زانا و پێشەوا و پیری تەریقەت ،هەر بەناوی (شێخ عیسا) وە ناسراوە،بەڵام لە هەندێك سەرچاوەدا لە پاڵ ناوی خۆییدا،ناوی (نورەدین) نووسراوە،كە پێدەچێت نازناو بێت.(7).
حاجی مەلا عیسای شاعیر و زانا جگە لە هۆنراوەكانی چەندان وتەی جوان و،پڕبایەخیشی لێبەجێماوەو،لێرەدا نموونەی وتەكانی دەنووسین:
*هەموو گوناهێك ئەگەرچی بچووكیش بێت بەگەورە بزانە،چاكەش هەرچەندە زۆربێت بەكەم بزانن.
*دەتوانن فێری زانست ببن.چونكە بنیادەم هەر بە زانست بەرز دەمێنێتەوە.
*كەسێك كەبە بیری خۆشی جیهانەوە بێت ،هەموو دەم كزی و پەرێشانی ڕووی  تێدەكات .
*هەركەسێك خەریكی دونیابێت زەلیل ئەبێت.
*هەركەسێك خۆی جوان بكات بەبەتاڵییەوە ئەوە مەغرورە.
*لەهەموو عیلمێ‌ باشتر زانینی عیبادەتی خودایە.
*لەگەڵ كیبریا ڕەوشتی حەزرەت بەجێنایەت.
*ئیمام ئەو كەسە نییە لە سنووری خوودا لابدات ،هەرچەندە شوێن كەوتووی زۆربن ،ئەوە ستەم گەرەو ستەم گەر نابێت بە ئیمام و پێشەوا.
*یەكەم شتێك كە ئادەمیزاد پێی بەرزببێتەوە زانیارییە و دەستكەوتەكەی كردەوەی باشە.
*هەركەسێك خۆی لەتاوان لابدا و لە نافەرمانی خوودا دووربكەوێتەوە و خۆی بگرێت لەسەر ئەو دەردوو بەڵایەی كە دووچاری دەبێت ،ئەوە پێشڕەوە هەرچەند شوێن كەوتووشی كەم بێت.
لە ساڵی (754ك) دا ،حاجی شێخ (عیسای نووربەخشی بەرزنجی ) لەتەمەنی (88) ساڵیداكۆچی دووای كردوو لە گۆڕستانی (بەرزنجە) و لەتەنیشت براگەورەكەیەوە  كە (حاجی مەلا مووسای بەرزنجی) یە،بە خاك سپێردرا ، و شاعیر بۆ كۆچی دووای ئەم زانا گەورەیەی كورد دەنووسێت:
هو دلیل و مرشید الشریعە
وهو الهادی لاهل الگریقە
هەروەها (موحەمەد مارفی نۆدێی بەرزنجی)  زانا و خواناس لە ستایشی (حاجی مەلا عیسا) ی گەورە زانا دا چەند شێعرێكی بە زمانی عەرەبی نووسیوەو لێرە دا تۆماریان دەكەین:
الشیخ عیسی قطب اهل عصره
و واحدی  وقـــــتە  و دهــــره
اول مـــن اقام فـــی برزنجە
یرشــــــد بالحجــــــە للمحـجە
پەڕاوێزە و سەرچاوەكان:
1-الرسالە المنجیە فی مناقب السادە ابرزنجیە،دانراوی (شێخ مارفی ریشەڵانی)،ل89.بەڵام عەلامە مامۆستا مەلا (عەبدولكەریمی مودەڕیسی بیارەیی مەریوانی) ،لە كتێبی (علماْ  نا فی خدمە العلم والدین)دا و لە لاپەڕە (42) دا،باپیری (حاجی مەلا عیسای بەرزنجی) بە(ئەبی یەعقوب یووسف) ناودەهێنێت،نەك( شەهابەدین ئەبا یووسف) ،یان (بابا یوسفی هەمەدانی).
2-نووربەخشی،تەریقەتێكی تەسەوفی دەرویشی خواپەرستی بووە و،لەلایەن (موحەمەدی نووربەخشی هەمەدانی) ی برای (شێخ عیسا و شێخ موسای بەرزنجی) یەوە دامەزراوەو بڵاوكراوەتەوەو،خودی دامەزرێنەری تەریقەتەكە چەند جارێك هاتۆتە  ئەم بەشەی كوردستان ،كە لە ئێستا بە كوردستانی عێراق(باشوری كوردستانی گەورە) ناودەبرێت،ئەمە جگەلەوەی (موحەمەدی نووربەخشی) خەرقەی تەریقەتی (نووربەخشی) لەبەر براكانی كردووەو ،بەمەش پێش هاتنی (موحەمەدی نووربەخشی) بۆ شارەزوور و شارباژێڕو دەورو بەری،تەریقەتی نووربەخشی هاتۆتە ئەم بەشەی كوردستان،ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم دوو خاڵەدا دەیان خەینە ڕوو:
یەكەم:لەبەرئەوەی باپیرە گەورەی (موحەمەدی نووربەخشی هەراتی هەمەدانی)،پشتی تایەفەیەكی (نەقشبەندی) یە و بنەماڵەیەكی تەسەوفن و لەبارودۆخێكی دەروێشی و تەسەوفییدا ژیاون ،بۆیە كاریگەری تەسەوف لەسەر هەرسێ براكە (عیسا – مووسا – موحەمەد) هەبووە.
دووەم:لەسەرەتادا (نووربەخشی)  وەكو تەریقەیەكی دەروێشی تەسەوفی دامەزرێنرا لەلایەن (موحەمەدی نووربەخشی) یەوە،بەڵام لەلایەن (شاه قاسمی نووربەخشی كوڕی موحەمەدی نووربەخشی) و خەڵكانی ترەوە ،كرا بە (ئاینزای (شیعی) و بەبڕوای من هۆكاری ئەم گۆڕانە ئەوە بووە كە (موحەمەدی نووربەخشی) جێگەیەكی زۆر و فراوانی بۆ (ئیمامی عەلی /رەزای خوای لیبێت) دانا بوو،لە كتیبە بەناو بانگەكەیدا بەناوی (الفقه الاْحوگ) ئەمە جگە لە بیرو باوەڕی (دۆنای دۆن /گیان گۆڕكێ‌) كە لە تەریقەتی (نووربەخشی) دا ڕەنگی داوەتەوە.
3-بۆیە دەڵێین قەرەباڵغتر و ئاوەدانتر .چونكە بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست ئێمە كەوتووە ،پێشتر بە شێكی بنەماڵەی (خالیدی ) ی لە (بەرزنجە) ی ئێستا و دەوروبەریدا ژیاوە،واتە (حاجی خالیدی كاژاوی) و كورەكانی و كورەزاكانی و بەهاتنی ئەم دوو كەسایەتییە (عیسا و موسا) ئاینییە و دروستكردنی حوجرەو مزگەوت ناوچەكە زیاتر قەرەباڵغتر و ئاوەدان بۆتەوە.
4-حاجی مەلا (خالیدی كاژاوی) لەناو خەڵكی (بەرزنجە) و (كاژاو) و دەوروبەریدا ،بە (حاجی خاڵی كاژاو) ناسراوەو،لە ئێستاشدا لەلایەن بە شێك لە خەڵكی ناوچەكەوە بە (كاژاو) دەوترێت (كارژاو).
5-لەهەندێك دەستنووس و سەرچاوەدا بەهەڵە ناوی (فاتمەخانی كچی حاجی مەلا خالیدی كاژاوی) هاتووەو بە (مەریەم خان)  ناوی هێنراوەو ئەمەش هەڵەیە و،بەشێوەیەكی گشتی ئەو كتێبانەی بەهەڵە ناوی (فاتمەخان) یان هێناوە،ئەم كتێبانەن:
*باخچەی سەیدان،ل99،دانراوی (موحەمەد عەبدولكەریم شێخانی بەرزنجی)،ئیمام و خەتیبی مزگەوتی عوریان لە قەڵای كەركووك.
* الرسالە المنجیە فی مناقب السادە ابرزنجیە،(دانراوی شێخ مارفی ریشەڵانی)،ل93.
*حەوتەوانە،ل107،دانراوی:(حەسیبی قازی)،سلێمانی،بەهاری 2008.
*ئەوەندەی لەبیرم بێت چەند دانە سەرچاوەی تریشمان هەیە ،كە ئەم هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕیبێت،بەڵام بەهۆی ناساغی و نەبوونی كاتەوە نەمتووانی بەهەموو سەرچاوەو دەستنووس و بەڵگەنامەكان دا بگەڕێم و دووبارە بیان خوێنمەوە ،بەهەر حاڵ ڕاستەكەی (فاتیمەخانی كچی حاجی مەلا خالیدی كاژاوی) یە ،وەكو لای خەڵكی (بەرزنجە) و دەوروبەری ئاشكراوو ڕوونە.
6-لەئیستادا (وڵوبە) گەڕەكێكە لە شاری (سلێمانی) و لە ڕابوردوو دا گوند بووە.
7-بنەماڵەی پاكان یان بەحرلئەنسابی ئەحمەدی،دانراوی :(حاجی مەحموود ئەحمەدی.)
تێبینی:ئەم بابەتە بەشێكە لە (ئینسایكلۆپیدیای بەرزنجە- بەرگی سێهەم).كەلەنووسینی (هێمن مەلا كەریم بەرزنجی) یە ولە (8-10) بەرگ پێك دێت

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر