ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۰/۱۲/۲۴

سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی بەرزنجی

سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی بەرزنجی
سەدەی هەشتەمی كۆچی

 
ساغكردنەوە و نووسینی :هێمن مەلا كەریم بەرزنجی
سوڵتان ئیسحاق كوڕە بچوكی حاجی شێخ عیسای نوربەخشی بەرزنجی كوڕی باباعەلی هەمەدانی كوڕی بابایوسفی هەمەدانی یە و،لەسەرچاوەو،دەستنووسەكان دا بەچەندان شێوە ناوی هاتووەو، باسكراوە،كە بەشێوەیەكی گشتی ئەم ناوانەیە كە ئێمە لێرەدا ئاماژەیان پێدەكەین:
- سوڵتان ئیسحاق.
- سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی.
- سوڵتان ئیسحاقی كاكەیی بەرزنجی.
- سوڵتان ساقی بەرزنجی كاكەیی.
- سەیید ئیسحاق.
- سان سەهاكی بەرزنجی.
- سوڵتان.
- سوڵتانی حەقیقەت.
ئەم زاناو،شاعیر و پێشەوا ئاینی یە،لە ژنی دووەمی (شێخ عیسای بەرزنجی)یە،كە ناوی (دایرەك خاتوونی كچی حسەین بەگی جەڵد)بووەو،(شێخ عیسا)دووای ساڵی(700ك) ژنی دووەمی هێناوەو،نۆ(9) كوڕی لێی بووە.
هەرچی ساڵی لەدایك بوون و،مردن و،ماوەی ژیانی سوڵتانە،كە مناڵێكی بلیمەتبووەو،لە بنەماڵەیەكی ئاینی و،ڕەسەنی كوردەواری
بووە،جێگەی مشت و مڕەو،قسە زۆر هەڵدەگرێت و،لە مبارەیەوە قسەیەكی زۆریش كراوەو،هەریەكە و بەگوێرەی بۆچوونی خۆی،یان بە پێی ئەو بەڵگەو دەستنووسانەی لەبەردەستدا بووە،لێكی داوەتەوەو،ئێمەش هەوڵدەدەین،بەبەراوردی سەرچاوەو،دەستنووسەكان،بۆچوونی خۆمان دەرببڕین و،هەوڵیش بدەین هەڵەكان ڕاست بكەینەوە،بەم شێوەیە:
-      (حاجی نور عەلی) لەپەرتووكی(بوورهانی حەق)دا،بۆ ساڵی لەدایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق) سەدەی (حەوتەمی كۆچی) داناوەو،بۆ ساڵی مردنیشی سەدەی (هەشتەمی كۆچی).
-      (سیسیل جۆن ئیدمۆنز) لەپەرتووكی (كورد،تورك،عەرەب)دا،كە(حامید گەوهەری)كردوویەتی بەكوردی،ساڵی (671ك)بۆ لەدایك بوونی(سوڵتان)داناوەو،ئاماژەی بەوەكردووە،كە دووای (40ساڵ) و،لەساڵی(716ك)كاكەیی دامەزراوە.
-      (دكتۆر سدیق بۆرەكەیی/سەفی زادە) لەپەرتووكی (مەشاهیری ئەهلی حەق)دا،ئاماژەی بەچەند ساڵێك داوە،بەم شێوەیە:                                                                                                                                   
*بەگوێرەی دەستنووسێكی (كاكاڕەدائی)،كە نووسەرێكی ئاینی(كاكەیی)بووە،ساڵی (445ك) بۆ لەدایك بوون و،ساڵی (588ك) بۆ مردنی (سوڵتان ئیسحاق)دانراوە.
*بەگوێرەی دەستنووسێكی دیكە كەنووسەرەكەی دیارنییە،ساڵی(612ك) بۆ لەدایك بوونی دانراوەو،ساڵی مردنی سوڵتان نەنووسراوە.
*لە(شانامەی حەقیقەت)دا،ساڵی(612ك) بۆ لەدایك بوون و،ساڵی(912ك)یش بەساڵی مردنی (سوڵتان ئیسحاق)نووسراوە.
- (ماشائەڵڵاسوری)لە پەرتووكی(سرودەهای یارسان)دا،ساڵی (528ك) بۆ لەدایك بوونی (سان سەهاكی بەرزنجی) و ساڵی (628ك) بۆ مردنی (سان سەهاك) دانراوە.
- (دكتۆر سدیق بۆرەكەیی/سەفی زادە)لەپەرتووكی (وێژەی كوردی) ی، بەرگی یەكەم دا،دەنووسێت :(بەگوێرەی دەفتەرێكی سەرئەنجام ساڵی (528ك)ساڵی لە دایك بوونی (سان سەهاك)ە و،ساڵی (628ك) ساڵی مردنێتی.
- لەسەرچاوەكەی پێشوودا،(دكتۆر سدیق بۆرەكەیی/سەفی زادە)ئاماژە بەوە دەكات،كە لە پەراوی (كورتەی سەرئەنجام)دا،ساڵی (560ك) بۆ لەدایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق) تۆماركراوە.
- (دكتۆر مارف خەزنەدار)لەبەرگی یەكەمی(مێژووی ئەدەبی كوردی)یەكەی دا،ساڵی (671ك) بۆ لەدایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق) و،ساڵی (791ك) بۆ مردنی تۆمار دەكات.
- (هادی ڕەشید بەهمەنی) لە پەرتووكی (پەیامی هەورامان)دا،ساڵی (1287ز-1387ز)بۆ ساڵی لەدایك بوون و مردنی (سان سەهاك)تۆماردەكات.
- دووای ئەوەی چاوم بەهەموو ئەو سەرچاوە و دەستنووسانە داخشاند،كەلەبەردەست بوون و لەزانیارییەكانیان وردبوومەوە،گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە قسەكانی (د.موحەمەد موكری /1921-....)ی،كە (مێژوو نوسێكی ئاینی یە و،هاوكات زمانەوان و پرۆفیسۆر و مامۆستای لێكۆڵینەوەیە لە ناوەندی لێكۆڵینەوە زانستییەكانی فەڕەنسا CNRS  ولەتارانیش مامۆستای زمان و ئەدەبیات بووە)ڕاستترین و دروستترین ماوەیە بۆ ژیانی (سوڵتان ئیسحاق) كە لەبابەتی (مۆسیقای پیرۆز لای كوردەكانی ئەهلی حەق)دا و سەدەی (پانزە)ی بەماوەی ژیانی (سوڵتان سەهاك)دەست نیشان كردووەو،لەپەرتووكی (شانامەی حەقیقەت)یش دا،نووسیویەتی:(سوڵتان ئیسحاق كوڕی شێخ عیسا لەسەدەی هەشتەمی كۆچی دا ئەژیا) ونووسەری كاكەیش،بەڕێز(هەردەوێڵ كاكەیی) لە پەرتووكی (شاعیرە ناودارەكانی كاكەیی)دا،ساڵی (716ك) یان (718ك) بۆ لەدایك بوونی (سوڵتان)دەستنیشان كردووەو،بێگومان بۆ چوونی (موكری و كاكەیی)یش،ڕاستترین و دروستترینن و،هەندێك بۆ چوونی دیكەش لە بۆچوونەكانی (د.موحەمەد موكری و هەردەوێلكاكەیی)یەوە نزیكە.
لەبەرئەوەی (سوڵتان) لە ناو بنەماڵەیەكی ئاینی دا لە دایك بووە،هەرلەتەمەنی مناڵییەوە دەستی كردووە بە خوێندن و سەرەتای ئەم خوێندنەشی لای (حاجی مەلا عیسای نوربەخشی بەرزنجی)باوكی و،(مەلا عەبدولكەریمی بەرزنجی) برای و،(حاجی خاڵی كاژاوی) بووەو،سەرەتا دەستی بەلەبەركردنی قورئانی پیرۆز و ،خوێندنی كتیبە وردەڵەكان كردووەو،پاشان بۆ تەواو كردنی خوێندنەكەی چۆتە لای (مەلا ئیلیاسی شارەزووری) و،(نەح و سەرف و بەلاغە و تەجوید) ی لا خویندووەو،پاشان بۆ خوێندنی (فیقهی ئیسلامی) ڕۆیشتووە بۆ (قوتابخانەی نیزامییە) ی (بەغداد) و لەوێشەوە چۆتە (شام و مەكە و مەدینە) و زۆر شوێنی دیكەش گەراوە و،وەك باسكراوە توانیوویەتی هەموو قورئانی پیرۆز لەبەر بكات و،لە زانستی فەرموودەش دا ببێتە كەسێكی زانا و مامۆستا،پاشان حەجی كردووەو،گەراوەتەوە بۆ (بەرزنجە) وبە ڕێنووینی و ئیرشادەوە ژیانی گوزەراندووەو،خەرقەی (تەریقەتی نووربەخشی) ی پۆشیووەو،لە باوكییەوە ئەم تەریقەتەی وەرگرتووە.
دووای ئەوەی بەشێكی تەمەنی لە گوندی(بەرزنجە) دا،بەڕێكرد،ئەوێی بەجێهێشت و،ڕووی كردە (هەورامان) و،لە(پردیوەر)ی نزیك (دەودان)نیشتەجێ بوو،لەوێ‌،لەگەڵ كەسایەتییەكی ئاینی بەناوی (پیر میكائیلی دەودانی)ئاشنابوو،لەمبارەیەوە مامۆستا (موحەمەد ئەمین هەورامانی) لە پەرتووكی (كاكەیی)دا، دەنووسێت:(سوڵتان و پیرمیكائیلی ئامۆزای ئاشتیان دەبێتەوەو،بەم بۆنەیەوە،شارا(یان سارا)  ی كچی دێنێ‌ بۆ خزمەت (سوڵتان) بۆ ئەوەی ئەولای بێ‌ و خزمەتی بكات).
بەڵام بۆ هۆكاری كۆچەكەی بۆچوونی جیاواز و،فرە ڕایی لەبەردەست دایە و،ئەستەمە بتوانین بە بنبەست بگەین،وەلێ‌ بەپێویستی دەزانم هەندێك لەم بۆچونانە ئاماژە پێبدەم،بەنمونە(هادی بەهمەنی) لەم بارەیەوە دەڵێت:(خێزانی شێخ عیسا ناسراو بە خێزانێكی بە دینی ئەولیا،وە هەڵكەوتنی بیرێكی وەها لەناویان دا لەلایەن كوڕێكەوە ناباوبووە بۆ شان و شەوكەتی ئەو بنەماڵەیە و،ئەویش لەسەر ڕای خۆی وازی نەهێنابێت،لەوانەیە باوكی پێی وتبێت بڕۆ لە شوێنێكی دیكە ئەو بیر و ڕایەت بڵاوبكەرەوە)، بۆیە ئەویش كۆچی كردو،(جەمخانە – مزگەوت)ێكی دروستكرد و،كەوتە بڵاوكردنەوەی بیروڕاكانی.بەڵام (دكتۆر سدیق بۆرەكەیی)لەمبارەیەوە بۆچونێكی دیكە دەخاتە ڕوو،لەبەرگی یەكەمی مێژووی وێژەی كوردیدا،دەنوسێ :(لەبەرئەوەی لەگەڵ براكانیا ناحەزی بووە،ناچار ڕوی كردۆتە (هەورامان) و چۆتە دێی (شێخان) و،لەوێدا ڕێ و ڕچەیەكی بەناوی (یاری) دامەزراندووەو،پاشماوەی ژیانی بە ڕێنوێنی خەڵك بردۆتەسەر تا كۆچی دووای كردووە.)،بەڵام هەندێك كەسی تر پێیان وایە ،كە(براكانی بەغیلییان پێبردووە،كاتێك ئەم لەلایەن باوكییەوە زیاتر ڕێزی لێگیراوەو،گرنگی زیاتری پێدراوەو،ئەمەش لە چیرۆكی پێغەمبەر یوسف (د.خ)دەچێت).
دووای ئەوەی (سوڵتان) كۆچی كردوو بەیەكجاری لە (هەورامان)دا نیشتەجێ بوو،بڕیاری هاوسەر گیری دا و،لەگەڵ (بەشیرە خاتوونی كچی میر خەسرەوی لوڕستانی) چووە ژیانی هاوسەرییەوەو،حەوت كوڕی لێی بوو،كە ئەمەش ناوی كوڕەكانێتی:(ئەحمەد كە بەمیری سور ناسراوە،مستەفا،موحەمەدی گەورەسوار،عەبدولوەفا،شەهابەدین،حەبیب شا،بابا عیسا كە بە حاجی باوەیسێ یان حاجی باوەیسێ‌ ی عەلەمدار ناسراوە).
جێگەی ئاماژەیە كە هەریەكێك لە كوڕەكانی بە پێشەواو ڕێبەر و پیرێكی تەریقەتی یان ئاین یان ئاینزای (كاكەیی) دادەنرێت،و هەریەكەیان بوونەتە سەرلق و ڕشتەی دروستبوونی چەند بنەماڵەیەكی سەربەخۆ، بەم شێوەیە:
-      نەوەكانی (ئەحمەدی میری سوری) بە (میری)ناسراون.
-      نەوەكانی (مستەفا) بە (مستەفایی) ناویان دەركردووە.
-      نەوەكانی (بابا عیسا)بە (حاجی باوەیسێ‌) ناسراون.
-      نەوەكانی (موحەمەدی گەورەسوار) بەناوی (ئیبراهیمی كوڕی موحەمەد)ەوەناسراون بە (ئیبراهیمی).
-      نەوەكانی (عەبدولوەفا) ش  بەناوی (خامۆشی كوڕی عەبدولوەفا)وە ناسراون و،پێیان دەوترێت (خامۆشی).
لێرەوە پەیوەندی تەواو لەنێوان (كاكەیی) و(سان سەهاكی بەرزنجی) دا،دروست دەبێت و،هەندێك بە ڕێكخەرەوەی ڕێ و ڕچەی (یارسان)ناوی دەبەن و،هەندێكیش بە دامەزرێنەری ئەو ڕێ و ڕچەیەی دەزانن،وەك چۆن هەندێك نوسەر و لێكۆلیار و ئاینناسیش،(كاكەیی) بە ڕێ  و ڕچە یان ئاینزا(مەزهەب) نازانن و،بە ئاینێكی سەربەخۆ ناوی دەهێنن،بەڵام (سان سەهاك) دامەزرێنەربێت،یان نوێكەرەوە،كاریگەرییەكی زۆر گەورەی بۆ سەر (كاكەیی)هەبووە،هەر لەناونانی (كاكەیی)ەوە،بگرە هەتاوەكو ڕێكخستن و،دانانی بنەماڵەكانی ئەم ڕێ و ڕچەیە .بۆیە لێرەدا بەشێوەیەكی گشتی باس لە كارەكانی (سان سەهاك)دەكەین و، لەچەند خاڵێكدا ڕوونی دەكەینەوە:
یەكەم://بە بۆچونی (هادی ڕەشید بەهمەنی)،پیری كاكەیی(سان سەهاكی بەرزنجی)ئەم سێ كارە گرنگەی ئەنجامداوە:
1-    بوژانەوەو پەرەپێدانی سەرلەنوێی دینی یارسان.
2-    دروستكردنی جەمخانە و،كۆبوونەوەی هەفتانە لە وێدا بۆ خواپەرستی.
3-    دامەزراندن و ناونانی خانەدانانی یارسان.
دووە://بە بۆچونی (د.سدیق بۆرەكەیی) كەلە پەرتووكی (كاكەییەكان و ڕچەكەیان) دا،ئاماژەی پێداوە،(سوڵتان ئیسحاق) چەند كارێكی زۆر گرنگی ئەنجامداوە،كەلەچەند خاڵێكدا كورتیان دەكەینەوە:
1-(سان سەهاكی بەرزنجی) حەوت بنەماڵەی بەناوەكانی (شا ئیبراهیمی،یادگاری،خامۆشی،عالی قەلەندەری،میرە سوری،مستەفایی،حاجی باوەیسی)دامەزراند و ،لە پاش ئەو،لەسەدەكانی (11و12و13ك)دا،چواربنەماڵەی تریش بەناوەكانی (زەنوری،ئاتەشبەگی،شا هەیاسی،بابا حەیدەری)دەمەزرا و،ئێستا لە ڕێ و ڕچەی یاری دا یانزە (11) بنەماڵە هەیە.
2-یەكێك لە كارەكانی تری (سان سەهاك) گرتنی سێ (3) ڕۆژ ڕۆژووە،كەلەسەر هەر یارییەك پێویستە هەموو ساڵێك سێ(3) ڕۆژ ڕۆژوو بگرێت،كاتی گرتنی ئەم ڕۆژووە لە دووانزە هەمی مانگی ڕێبەندانەوە دەست پێدەكات ،تا چواردەهەمی ئەو مانگە.
3-پێكهێنانی جەم و كۆبونەوە لە جەمخانەدا.
4-سان سەهاك یاران ولایەنگرانی خۆی بە پانزە تاقم دابەش كردووەو،بۆ هەركامێكیان ئەركێكی تایبەتی داناوە،كە ئەمانە بەرلە بەدیهێنانی جیهان و مرۆ خوڵقێنراون و،ناوی ئەو تاقمانە بەم جۆرەیە:(چوار فریشتە،حەوت تەن،حەوتەوانە و یارانی قەوەڵتاس،حەفتاو دوو پیر،نەوەد و نۆ پیری شاهۆ،حەوت خەلیفە،حەوت مجێور،حەوت حەوتەوان،چل تەنان،چل چل تەنان،نەوەدو نۆ تەن،شەست و شەش غوڵامی كەمەر زێڕین،هەزار و یەك بەندە،بەیوەر هەزار بەندە،بێوەند بەندە).
5-ئەو پەرتووكانەی كە لە سەدەی هەشتەمی كۆچی دا،بەهۆی سان سەهاك و یارەكانییەوە دانراون بریتین لە:(دەورەی حەوتەوانە،بارگە بارگە،گڵێم وەكۆڵ،دەورەی چل تەن،دەورەی عابدین،وردە سەرئەنجام،كورتەی سەرئەنجام،دەفتەری پردیوەر،دەفتەری ساوا،دەفتەری دیوان گەورە،دەورەی دامیار،دامیار دامیار،زوڵاڵ زوڵاڵ)كە گرنگترین و بای دارترینی ئەو نووسراوانە پەرتووكی (سەرئەنجام)ە،كە بەڕاستی دەتوانین ئەو پەرتووكانە بە بناغەی وێژەی كوردی دابنێین.چونكە یارییەكان زمانی گۆرانی بەزمانی ئاینی دادەنێن،كە زمانی سان (سەهاكی بەرزنجی) بووە.
6-  پردیوەر ئەوپردەیە كە (سان سەهاكی بەرزنجی)و یارەكانی بەسەر (سیروان)دا لە ڕێی (شێخان) بەستوویانە و،یارییەكان لایان وایە،كە ئەو كەسەی گیانی (دۆنی)هەزار و یەك لەش بگەڕێ و،پاك بێ،لەدوای هەزار و یەك لەش بەسەر پردیوەردا تێدەپەڕێت و،هەمیشە نەمر دەبێت و،ئەڕواتە بەهەشت كەلە شارەزوور دایە،بەڵام گوناهكاران ناتوانن بەسەر ئەو پردەدا تێپەڕن.
سێهەم://بە بۆچونی (ئەیوب ڕۆستەم)یش،كەلاپەڕە (110-111) پەرتوكی (یارسان)دا ئاماژەی پێداوە،كارە گرنگەكانی (سان سەهاكی بەرزنجی)لە پێناو ڕێكخستنەوەی ڕێ و ڕچەی (یارسان) دا،ئەمانەن:
1-ڕازی یارێتی فێری خەڵك كردووە.
2-یاران و لایەنگرانی خۆی كردووە بە پانزە بەشەوەو،بۆهەربەشێكیان ئەركێكی تایبەتی دیاری كردووە.
3-پێكهێنانی (جەم)و،باوبرەوی گوێزشكاندنی ڕێكخستووە.گوێزشكاندن یەكێكە لە نەریتە دینییەكانی یارسان و،لەناویاندا پیرۆزییەكی گەورەی هەیە.
4-دیاری كردنی (سێ ڕۆژ) بۆ ڕۆژوو گرتن و،دیاری كردنی ڕێوڕەسمی جەژن.
5-دیاری كردنی سروتە دینییەكان و،خوێندنەوەی شێعر و،ژەنینی تەمبور لەكاتی سروتەكان دا،هەروەها بە فەرمانی ئەو تەواوی ڕەوشتە دینییەكانی یارسان وەك:(تەڵقینی مردوو،خۆشتن،قوربانی كردن،دەستگیربوون،....)بەشێعر هۆنرانەوە.
دیارە زۆر كاكەیی و كاكەیناس و،مێژوو نووس و،مێژووناس و،ئاینناسی دیكە،لەبارەی ڕۆڵی (سوڵتان ئیسحاق) و كاریگەرییەكانی و،كارە گرنگەكانی لە ئاینی (یارسان)دا،دوواوەو،بەپێویستی نازانم بۆچوون و،زانیارییەكانی هەموو ئەو كەسانە بهێنمەوە،چونكە باسەكەی ئێمە تایبەتە بە ژیاننامەی (سان سەهاكی بەرزنجی)،نەك ئاین یان ئانزاو،ڕێوڕچەی (كاكەیی)و،ئەو زانیارییەكەمانەش لە بارەی (سان سەهاك و كاكەیی) دەیخەینە ڕوو،هۆكارەكەی ئەوەیە كە بەشێكی گەورەوگرنگن لە ژیانی (سوڵتان ئیسحاق).
ئەگەر چاوێك بخشێنین بەو سەرچاوانەی لەبارەی ئاین یان ئاینزا و ڕێ و ڕچەی كاكەییەوە نوسراوە،بۆمان ڕوندەبێتەوە ،كەچەند ناوێكی ئەم ئاین یان ئاینزا و ڕێ و ڕچەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودی (سوڵتان ئیسحاق)ەوە هەیە و،ناتوانین فەرامۆشیان بكەین و،لەبارەیانەوە هیچ نەڵێین،چونكە بونەتە بەشێك لە ژیانی (سوڵتان) و،لێی جیانابنەوە،ئەو ناوانەش ئەمانەن:(كاكەیی،یاری،یارسان،یاری سان)كە هەریەكەیان قسەی زۆری لەبارەوە كراوەو،بۆچوونی جیاوازیش لە نێوان نوسەران و مێژوونوسان و،ڕۆشنبیرانی بوارەكە دا هەیەو،بەپێویستی دەزانم بە كورتی تیشك بخەمە سەریان:
یەكەم://كاكەیی،زۆربەی شارەزایانی بوارەكە باس لەوە دەكەن كە وشەی (كاكەیی) لە ڕازی درێژكردنی ئەو دارەوە هاتووە،كە لەكاتی دروستكردنی (مزگەوت و حوجرە و تەكییەی بەرزنجە)داڕووی داوەو،گوایە یەكێك لەودارانەی كە ویستراوە لە دارە ڕای (حوجرەو مزگەوت و تەكیەكە)دا بەكاربهێنرێت كورتبووەو، (سوڵتان)یش سەرێكی دارەكەی گرتووەو،سەرەكەی دیكەشی بەدەستی برایەكییەوە بووەو،بەبراكەی وتووە(كاكە،ڕایبكێشە) و،بەمەش دارەكە درێژبووەو،ئیدی لەمەوە ناوی (كاكەیی)پەیدابووە.
ئێمەش دەڵێین:(مزگەوتی (بەرزنجە)  لەساڵی (686ك)دا،دروستكراوەو،ئەوكاتە (سوڵتان ئیسحاق) هەر لەدایك نەبووە،وڕاستتر بڵێم:ئەوكاتە (شێخ عیسای بەرزنجی) باوكی (سوڵتان) هەرژنی نەهێناوە،ئیدی ئەم بۆچونە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە..؟!!نازانم و هیچم بۆ ڕوون نەبویەوە.
هەرچی ئەو بۆچەنەشە كە پێی وایە،ڕازی درێژبوونی دارەكە لەكاتی نوێكردنەوەی مزگەوت و تەكیەی (بەرزنجە)دا بووە،نەك لەكاتی دروستكردنی دا،بەمەش وشەو ناوی (كاكەیی) لەكاتی نوێكردنەوەی مزگەوتەكەوە دروستووە..!!وەلێ‌ بەش بەحاڵی خۆم باوەڕم بەو ئەفسانە گەورەیە نییەو،مامۆستا (موحەمەد ئەمین هەورامانی)یش لە لاپەڕە (68)ی پەرتووكی (كاكەیی)دا،زۆر بەوردی و بەجوانی و،بەشێوەیەكی زانستییانە وەڵامی ئەم بۆچونە دەداتەوەو،دەنووسێت:(بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ ئەو بیرو ڕایەدا نیم،چونكە بڕوام بە ئەفسانەی وەها نییە و،ئەگەر – بابڵێین – باوەڕیشم پێی هەبێت،دەبێت ئەو وەختە و،بەو پێ یە بەهەموو وەچەزاكانی (شێخ عیسێ و شێخ موسێ )یاخود هیچ نەبێت بەوانەی (شێخ عیسێ) بوترێت(كاكەیی)كە ئەمەش زۆر دوورە،چە لە ڕاستییەوەو،چە لە واقیعیشەوە.).
هەرچی بۆچوونی سێهەمیشە،وای دادەنێن كە وشەی (كاكەیی) لەبەرامبەر وشەی (الاخیە)ی عەرەبیدا دانراوەو،بەكارهاتووە،كە پێموابێت ئەم بۆچونە ناجۆر و نادروستە.چونكە هیچ هۆكارێكی ڕوون و ئاشكرا لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی كە (كاكەیی) لە جێگەی (الاخیە) بەكارهاتبێت.
بۆچونی چوارەم،كە بۆچوونی مامۆستا(بەهرۆز)ەو،لە بابەتی(سوڵتانی حەقیقەت)دا،لە گۆڤاری (هەڵەبجە)ی ژمارە(12)دا،بڵاوی كردۆتەوە،و كەسانێكی دیكەش ئەم بۆچونەیان هەیە،كە گوایە وشەی (كاكەیی) لەو ئایەتە پیرۆزەی قورئانەوە هاتووە،كە دەفەموێت:(انما المۆمنون اخوە) واتە:(هەموو ئیمانداران برای یەكن)،هەروەها لە ئایەتێكی تردا هاتووە:(كونو عبادالله الاخوانا).
لەناو هەموو بۆچونەكاندا،تەنها لەگەڵ بۆچوونی چوارەم دا یەكدەگرمەوە،لەبەرئەوەی (سوڵتان ئیسحاق)ی دامەزرێنەر یان نوێكەرەوەی (كاكەیی)،شارە زاییەكی زۆری لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا هەبووەو،وەك دەڵێن:(هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەر بووە.)وڕاڤەی فەرمودە و،بنەمای فیقهی ئیسلامیشی خوێندووەو،لە بنەماڵەیەكی ئاینی ناسراوی كوردستانیش بووە،وەلێ‌ بە گوێرەی تێگەیشتن لە مێژووی (بەرزنجە) و (كاكەیی)یەكانیش هیچ كام لەو سێ بۆچونەی یەكەم ڕاست نین و،ناوی كاكەیی لە هیچ كام لەو ڕووداوانەوە نەهاتووەو،زۆربەی سەرچاوەكان یان دروستتربلێم هەموو سەرچاوەكان بەهەڵەدا چوون،بەڵكو لەناوی تیرەی (كاكە)وە هاتووە،كە تیرەیەكی سەربەخۆن و،بەشێكن لە بنەماڵەی (بەرزنجی) ودەچنەوە سەر میرئەحمەدی میرەسور) و سەرەتا لە بەرزنجە دا دنیشتوون و،نەوەكانیان لە (بەرزنجە) دا بەبەرەی (كاكە)ناسراون و،بەهۆی ئەوەی ئەم (میرە ئەحمەدی میرە سورە) بە دووای (سوڵتان ئیسحاق)دا ڕۆیشتووەو،تەنها چەند نەوەیەكی لە (بەرزنجە) دا جێهێشتووە،ئیدی بووە بەهاوەڵی (سان سەهاك) و،(سوڵتان)یش وەكو ڕێزێك بە (كاكە)ناوی بردووەو،پێش ئەوەی (بەرزنجە)ش جێبهێڵن و،بڕۆنە (پردیوەر)و(شێخان)نازناوی خۆی (كاكەمیر) یان(میر كاكە)بووەو،نازناوی نەوەكانیشیان(كاكە)بووەو،وشەی (كاكە)لەناو ئەم بەرەوبنەماڵەیەی (بەرزنجە)دا باوبووەو،وشەی (كاكە)لە كۆتای ناوەكانیانەوەبووە،ئەوەی جێگەی ئاماژەیە،ئەوەیە كە هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدانییە بۆ ئەوەی كە ئاخۆ ئەو بەرەو بنەماڵەیەی (كاكە) كۆتاییان پێهاتووە،یان نا،یاخوود ئاخۆ ئەو بەرەو بنەماڵەیەی (كاكە)،كە ئێستالە (بەرزنجە)دا هەن،هەمان بنەماڵەن یان نا...!!!!.والله اعلم.
میر ئەحمەدی میرە سوور و هەندێك لەنەوەكانی چونە سەر ڕێ و ڕچەی كاكەیی و،هەندێكیشیان لەبەرزنجە و (میری سور) و دەوروبەریدا مانەوەو،نەچونە سەر ڕێ و ڕچەی (كاكەیی) و دوور لە ڕێ‌ و ڕچەی (یارسان)ی بوون.
كەواتە شیاوتر ئەوەیە بڵێین ،ناوی (كاكەیی) لەبەردەوام بەكارهێنانی وشەی (كاكە)وە هاتووە،كە ناوی بەرەیەكی (بەرزنجە)یە و،سەرلقی ئەم بەرەیەش كە (میرە سور)ە،بەرزنجەی جێهێشتووەو بووە بەهاوەڵ و پشتیوان و،یارمەتی دەر و بەرگری كەری (سوڵتان سەهاكی بەرزنجی) نوێكەرەوە یان دامەزرێنەری ڕێ و ڕچەی (كاكەیی).
بۆ ئەو بۆچونەی مامۆستا (بەهرۆز) یش كە هێنانەوەی دوو ئایەتی قورئانی پیرۆزەو،پێی وایە وشە و ناوی (كاكەیی) لەو ئایەتانە هەڵێنجراوە،بۆچونێكی دروستە و،بەلای منەوە،ئەگەری دووەمە،چونكە سوڵتان بەشێكی زۆری ژیانی بەدیراسەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە بەڕێكردووەو،وەك باس دەكرێت هەموو قورئانیشی لەبەر بووە،وەلێ‌ زیاتر بۆ ئەوە دەچم،كە لەناوی بنەماڵەو بەرەی (كاكە)وە هاتبێت.والله اعلم.
  لە (سان سەهاك)ەوە،دیوانە شێعرێكی بەرزوو بێوێنە ماوەتەوە،كە ژمارەیەكی زۆر هۆنراوەی جوان و بەنرخی تێدایە،كە خوێنەواری و گەورەی ئەم زانا و هۆنەر و پێشەوا ئاینی یە دەردەخەن و،زۆربەی هۆنراوەكانیشی تایبەتە بە  ڕێ‌ و ڕچەی (یارسان) ی و،بۆڕێكخستنەوەو دامەزراندنەوە و،دابەشكردنی ئەرك و كارەكانی ڕێ و ڕچەی (كاكەیی)وتوونی،وەلێ‌ جێگەی خۆیەتی وەكو بەشێك لە ژیانی سوڵتان،ئاماژە بەچەند پارچە شێعرێكی بكەین.
سوڵتان لە پارچە هەڵبەستێك دا،ڕوودەكاتە (داوود) ،كە یەكێكە لەیارەكانی و پێی دەڵێت:(ئەی (داوود) شێخ (عیسا) باوكمەو،شێخ و بەرزنجە لە جیاتی حەج و كەعبەی منەو،ئەمانەم گەلێك لەلا پیرۆزە،وەئێستاكە دوواین ڕۆڵەم پەیمانم لەگەڵدا دەبەستێت و،پیربنیامینیشم بۆ پیرێتی خەڵك تەرخان كردووەو،ئەو ئەتوانێ‌ لەلای من بۆ خەڵك تكا بكات).(1)،ئەمەش شێعرەكەیە:
عیــــسی باوەما،عیـسی باوەما
داوود تــۆ بزا،عیـــسی بـاوەما
شێخ و بەرزنجە،حاجی و كـاوەما
چێگا ئــاخر مۆر فــەرزەن لاوەمـا
ڕەجــاچـی بنیـام،چێـوەر هاوەما.
سان سەهاك لە هۆنراوەیەكی دیكە دا،ئاماژە بەوە دەكات،كە(هەركەسێك دەبێت با و ئاگر و خاك لەچەپەلی و پیسی ببپارێزێت و،كاری ئەمرۆ نەخاتە سبەی و،دزی نەكا و،خۆی لە داوێن پیسی دووربخاتەوەو،بەڵێن و پەیمانی لەبیرنەچێت و،هەتا ئەتوانێت چاكە بكات و،خۆی لە خراپە بپارێزێت،چونكە ڕێ‌ و ڕەوشتی یاری لەسەر پاكی و ڕاستی و ڕەوشت و بەخشش و لەناوبردنی فیز و هەوا دانراوە) و،ئەمەش شێعرەكەی سوڵتانە.(2).
یــاری چوارچشتەن بـاوەڕی وەجا
پـــاكی و ڕاستــی و نیستی و ڕەدا.
لەهۆنراوەیەكی دیكە دا،كە تایبەتە بە (سەرسپاردن) وبەسرودی سەرسپاردن ناسراوەو،ناوی دەهێنرێت، سوڵتانی حەقیقەت دەفەمووێت:
بێ گاوان گاوێ‌،بێ گاوان گاوێ‌
گاوی بێ گاوان،بێ گاوان گاوێ‌ً
تاسەر نەسپاردن كەردە و لاوێ‌
تاحەق نەشناسن دوونەگشت باوێ‌
هــەرسەرێ‌ نەلــۆ وەحزوور جەم
نەسەنجۆ وەدەست خەلیفە وخادەم
بێ‌ شك ئەو سەرە وەتۆمارنییەن
نەرۆژ حەسـاو وەشــمار نییەن
تۆمار پیرمووسی،قەڵەم باقییەن
جـــەم چـلانە بنـیام ساقییـەن
ڕەهبەر داودەن دەس دامانگیر
تەكبیرچی باتین بنیامین پیر
جــۆز نەگژنــێژ عـەرەق بنیـام
ئاوەردەن وەجەم پەرێ‌ سەرئەنجام
جام نەدڵی جۆز،جۆز نەدڵی جام
نیازم زات بی چوار كەس دەرهام
شەرت دام وەبنیام ،حەق دام وەرەزبار
دەفتـەر پیــرمووسی،ناز وەیـادگار
ڕەهبەر داودەن چل تەنیش وەشوون
پەڕچینش ئەڵماس حەق وە دونادوون
نەوا هاوڕازێ‌ ببۆ بەهامتام
بنیام مەغز جام،جام مەغز بنیام
زكر كەران نەجەم غوڵامان تەمام
نەرای مەغز دوور مەوی خاس و عام
نەوام عەتر جۆز،جۆز عەتر نەوام
غوڵامان گـردەن قەوا وە قــەوام
جۆزم شكەنا،سەریچم سپەرد
پۆسم پاچنا مەغزم بەراوەرد
واتە گای بێ گاوان،و بێشووان،هەموو دەم لەدەشت و كێوا ئاوارەو دەربەدەر دەبێت ،كەواتە ئێوەش تا سەرتان بە پیرێك نەسپێرن،ئاوارە و سەرگەردان دەبن و،تا خوانەناسن لە گشت ڕێ‌ و ڕەوشتێك بێبەرین،هەرسەرێك نەرواتە جەم،بەدەستی خەلیفە و،خادمەوە هەڵنەسەنگێ‌،بێشك ناوی ئەو سەرە بەچاكی لە دەفتەرا نانووسرێت،دەفتەر وابەدەستی پیر موسی،جەمیش هابەدەستی بنیامین و،داودیش ڕێ بەر و تكاكاری خەڵكە،گوێز دەهێنرێتە ناو جەم دەبێت بیشكێنن و،بەناو خەڵك دا بڵاوی بكەنەوە،ئەمن پەیمانی خەڵكم دا بە بنیامین و،راستیم دا بە ڕەمزبار و،دەفتەرم دا بە پیرموسی و،نازم دا بە بابا یادگار ،داوود ڕێبەرە و چل كەسی بە شوێنەوەیە و،وەكو پەرچینی ئەڵماس وایە،كەواتە نابێت كەسێك لە فەرمانی ئەوان سەرپێچی بكات،دڵی بنیامین پڕ لە خواناسییە و،خوڵامان و بەندەكان دەبێت لە جەم دا ستایشی خوابكەن و،هەر لە خوا بپارێنەوە،هەركەسێك لە ژیاندا دەبێت گوێزێك بشكێنێ‌ و،سەری خۆی بە پیرێك بسپێرێ‌ و،بڕووا بە گەورەی خوا بهێنێت.(3).
شیكردنەوەی ئەم شێعرەی سەرەوە لەلایەن (دكتۆر سدیق بۆرەكەیی/سەفی زادە)وە ئەنجام دراوە،لە پەرتووكی (مێژووی وێژەی كوردی )دا،وەلێ‌ پێموابێت بەڕێزیان لە مانای وشەی (گا)یان(گاو/گاوێ‌) دا بەهەڵەدا چوون و،مەبەستی (سوڵتان ئیسحاق) شتێكی ترە،كە ئەویش (گیان – ژیان) ەو،وشەكە ئاڤێستاییە و،لەكۆندا بەماناكانی (گیان و ژیان) بەكاربراوەو،پێدەچێت مەبەستی سوڵتانیش هەرهەمان ماناو مەبەست بێت و،مەبەستی سوڵتان (ژیان و گیانی بێ پێشەواو شوان و ڕێبەر ) بێت و،لەوانەشە ئێمە هەڵەبین و شیكردنەوەكەی بۆرەكەی ڕاست و دروست بێت...!!!.
سان سەهاك لە پارچە شیعرێكی دیكەدا،كە پڕە لە وێنە گەلی عیرفانی وفەلسەفی دەڵێت:
سیم نەجای تەڵا،سیم نەجای تەلا
سەراف نەگرتەن سیم نەجای تەڵا
تەڵانە جای سیم نەدانمان سەڵا
دووڕ نەجای سەدەف نەمیرۆ هەڵا
شـورنەجای بلـور نـەدانش جەڵا
سەنگیش نمەوۆ وە قوولوو قەڵا
هەركە نەجای وێش سەڵاش هەن جەڵا
هـــەنــقــام زیــایی مــاوەرۆ بەڵا
سان سەهاكی بەرزنجی،كە كەسایەتییەكی ئاینی ناسرا و،زانا و شاعیر و پێشەوای تەریقەت و،شێخی ئیرشادیش بووە،ماوەی (100 ساڵ) بۆ (135ساڵ) ژیانی گوزەراندووە و ،پاشان كۆچی دووای كردووەو، ئێستا گۆرەكەی بۆتە زیارەتگە و خەڵكانێكی زۆر سەردانی دەكەن.
پەراوێز و سەرچاوەكان:
1-    شیكردنەوەی ئەم پارچە شێعرە لە (162) ی ،بەرگی یەكەمی (مێژووی وێژەی كوردی) ی دكتۆر (سدیق بۆرەكەیی /سەفی زادە)،چاپی یەكەم،1370،ئینتیشاراتی ناجی – بانە كوردستان،وەرگیراوە.
2-    كاكەییەكان و ڕێ و ڕچەكەیان،ل20،دانراوی: سەدیق بۆرەكەیی،2001.
3-    ئەم شێعرە لە سەرچاوەكانی (كاكەیی/موحەمەد ئەمین هەورامانی،یارسان/ئەیووب ڕۆستەم،مێژووی وێژەی كوردی – بەرگی یەكەم /سدیق بۆرەكەیی،كاكەییەكان و ڕێ و ڕچەكەیان/سەدیق بۆرەكەیی و .....) تۆماركراوەو،لە زۆربەی دەستنووسەكانیش دا هەیە.
       * سەرنج:ئەم بابەتە،یەكێكە لە بابەتەكانی ئینسایكلۆپیدیای (بەرزنجە)،كە كتیبێكی (8بەرگ)ییە و،تائێستا(4بەرگ)ی ئامادەی چاپە و،چاوەڕوانی هاوكاری بەرپرسان و، دۆستانی مێژوو و،ئەدەب دۆستانە تا لە چاپ بدرێت

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر