ئه‌م ماڵپه‌ره‌

ئەم ماڵپه‌رِه‌ تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لەبەرهەمەكانم، وه‌ك لێكۆَڵه‌ر و، نووسەر و، مامۆستاى زانكۆ كە لەتەمەنی 17 ساڵیەوە دەنووسم، لە ساڵی 2000 و، یەكەم وتارم لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ / پاشكۆی ئەدەب و هونەر دا ، بڵاوكردۆته‌وه‌، بەناوی (غەم لە گۆرانی وتن دا)، لە مانگی 12/2000 دا، و لە ساڵی 2004 یەكەم كتیبم بەناوی (ڕێبەری سایتە كوردییەكان) لە چاپدا و، تا ئێستا زیاتر له‌ 200 كتیبی چاپ و بڵاوكراوه‌م هه‌یه‌، سه‌دان وتار و توێژینه‌وه‌م نووسیووه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ له‌ بواره‌كانى (كۆمپیوته‌ر، مێژوو، شه‌ریعه‌، شێعر و چیرۆك و لێكۆلینه‌وه‌ى وێژه‌یی، و ......). تاهه‌نووكه‌ به‌ تێكرایی زیاتر له‌ ((30)) هه‌زار لاپه‌ره‌ نووسینم هه‌یه‌.
به‌و هیوایه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌سییه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ خوێنه‌رى كورد بكه‌م.
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
خاوه‌ن و به‌رێوه‌به‌رى ماڵپه‌رِ

۱۳۹۶/۱۲/۱۶

زانكۆ و...داهێنان


زانكۆ و...داهێنان
زانكۆیی سلێمانی وەك نموونە
ئێمە لێرە دا كارمان بەوە نییە ،كە بۆچی زانكۆی سلێمانی دامەزراوە و،بەهەوڵ و تێكۆشانی كێ‌ بووە؟؟چونكەئەوە زیاتر دەكەوێتە لایەنی مێژووییەوە و،ئێمەش لێرەدا مەبەستمان نییە باس لە مێژوو بكەین،وەلێ‌ ئاماژەیەكی كورت بە هەندێك زانیاری دەكەین بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی خوێنەر.
زانستگەی سلێمانی لە ساڵی (1968ز)دا دروستكرا و ،دووایی بەیان نامەی (11ی ئازاری 1974ز) یش ، گوێزرایەوە بۆ (قەڵادزێ‌) بۆ ئەوەی درێژە بە خزمەتكردنەكانی بدات و،نەوەستێت ،كە ئەمەش وەك هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕی سەیر دەكرێت .  چونكە  شەڕ لە نێوان شۆڕشگێڕانی كورد و،حكومەتی بەعسدا دەستی پێكردەوەو،بەمەش  تائەو كاتەی گواسترایەوە بۆ هەولێرو،ناوی گۆڕدرا بە سەلاحەدین (13)ساڵی خایاند و،لە دووای ساڵی (1992ز)یش دیسانەوە ئەم زانكۆیە بنیاتنرایەوەو،بەم شێوەیەش تەمەنی زانكۆی سلێمانی بە بێ‌ ئەو ساڵانەی لە خزمەت دابڕاوە (28) ساڵە ،كە ناكرێت ئەو تەمەنە زۆرە بەسانایی هەڵبسەنگێنرێت و،پرسیارە ڕاستەقینەكان وەك خۆیان وەڵام بدرێتەوە. چونكە لێرەو،لەوێ‌ دەبێتە هۆی نیگەرانی و،تۆمەتباركردنمان بەوەی ،كە گوایە بە سوك سەیری زانكۆكانی خۆمان دەكەین ،وەلێ‌ لە ڕاستیدا وانی یەو،زانكۆكانی خۆمانمان خۆش دەوێت،بەڵام ناكرێت بەو بیانووە لە گرفتەكانی زانكۆكانی خۆمان نەدووێین و،پرسیارە ڕاستەقینەكان نەخەینە ڕوو،ئاخر حەقی خۆمانە بپرسین:
-لە ماوەی (28 ساڵ) دا ،چی داهێنانێك كراوە ،كە دوونیایی بەلای خۆیدا ڕاكێشابێ‌ و،بووبێتە جێگەی قسەوباسی زانایان و ،زانستگەكانی وڵاتانی جیهان و،هەموو دونیا لەو داهێنانە سود مەند بووبێ‌ !!
-لە ماوەی (28ساڵ) دا،چەند لێكۆڵینەوەمان لە گۆڤارە ناسراو،جیهانییەكانی تایبەت بە توێژینەوە بڵاوكردۆتەوە ؟!ئەی بۆ بەزمانی كوردی،یان زمانی بێگانەلە دوو توێی كتێبدا  چاپنەكراون تانەوەی نوێ‌ بیان بینێت!!
-ئەی لە ماوەی (28ساڵ) دا،چەند خوێندكارمان بڕوانامەی باڵایان لە زانستگەكانی جیهاندا بە پلەی بەرزەوە بەدەست هێناوەو،بە هۆیەوە خەڵات كراون!!
-لە ماوەی (28ساڵ) دا،زانجیرە كتێبی بڵاوكراوەی هەر زانكۆیەكمان چەندە؟!!
-تا ئێستا چەند دەرچووی زانكۆكانی كوردستان وەرگری خەڵاتە جیهانییەكانی وەك (نۆبڵ،كان،.......)ن!!
-تاهەنووكە كامە كۆلێژ و،كامە زانكۆ گۆڤاری تایبەت بەبڵاو كردنەوەی لێكۆڵینەوەی فێرخوازانی هەیە،هەتاوەكو مانگانە چەندین لێكۆڵینەوەی زانستیمان پێشكەش بكەن!!
-ژمارەی ئەو ماڵپەڕە ئینتەرنێتییانەی لەلایەن زانستگەكانەوە بە ڕێوە دەچن چەندن ؟!!
-ئایا كۆلێژەكان سەنتەر و،ناوەندی توێژینەوەی تایبەت بەخۆیان هەیە؟!!ئەگەر وەڵام بەڵێ‌ یە بەرهەمەكانیان چین؟! بۆنمونە بە شی مێژوو پێویستە ناوەندی (كوردناسی،توێژینەوەی مێژوویی،ساغكردنەوەی مێژووی كورد،.....)هەبێت.بەڵام ئایا هەیانە!!كۆلێژەكانی دیكەش بەهەمان شێوە.
-ئایا لە سەدا چەندی خوێنكاران خاوەنی وێبلۆگ یان،ماڵپەڕی تایبەتی خۆیانن و،ڕۆژانە بابەتی زانستی نوێی تێدا بڵاو دەكەنەوە.
-دەرچووانی زانستگەكان تاچەند شارەزاییان لە كۆمپیوتەر وتەكنەلۆژیای زانیارییەكاندا هەیە؟!كە پێویستییەكی هەنوكەی ژیانە.
بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارانەو ،چەندان پرسیاری دیكەش ،ئەوەندە ئاسان نییە،بتوانین بە چەند دێرێك،یان چەند لاپەرەِیەك وەڵامی بدەینەوە،وەڵامەكان پێویست بە توێژینەوەیەكی زانستی دەكان ،كە تیایدا پشت ببە سترێت بە ئاماری باوەڕپێكراو.
وەلێ‌ ئەوەندی ئاگادار بم،وەڵامی هیچ كام لەو پرسیارانە دڵخۆشكەر نین و،زۆربەداخەوە (زانكۆ وەك قوتابخانەیەكی دووای ئامادەی لێهاتووە،كە دەبێت قوتابی بخوێنێ‌ و،تۆش پەروەردەی بكەیت،جا لە بەخێوكردنیشیدا دەبێت دەرماڵەی بدەیتێ‌ و،بەشە ناوخۆیشی بۆ دابین بكەیت) 1 كە بەڕاستی ئەمە یەكێكە لە گرفتەهەرەگەورەكانی زانستگەكانی ئێمەو،هۆی دابەزینی ئاستی زانستی ،بە جۆرێك كە زۆربەداخەوە دەتوانم بڵێم زانستگەكانمان جگە لەچەند نەوەی دووا بە دووایەك لە فەرمانبەری پێویست،هیچ شتێكی ئەوتۆی بەرهەم نەهێناوە،كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ (3)گرفتی سەرەكی:
1-هەرخوێندكارێك ،كە لەزانكۆ  وەردەگیرێت ،چاوەڕوانە دووای تەواوكردنی كۆلێژ لەلایەن حكومەتەوە بكرێتە فەرمانبەرو،موچەی مانگانەی بۆ ببڕدرێتەوە.
2-خوێندكار بە خواستی خۆی لە زانكۆ وەرناگیرێت و،بە زۆرداری دەخرێتە كۆلێژێكەوە.
3-نەبوونی زانستگەی ئەهلی پێویست.
ئەمە جگە لە چەندان وردە گرفتی دیكە ،كە لێرە بەكورتی ئاماژەیان پێدەكەین وەك ( كەم تەرخەمی خوێنكار و، ئاستی زانستی مامۆستا و،نەبوونی ناوەندی توێژینەوەو،بەكارهێنانی مەلزەمە و،ناچاركردنی خوێندكار كە دەبێت تەنها بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە وەڵامی پرسیارەكانی مامۆستابداتەوە كە مامۆستا خوێندوویەتییەوەو مەیلی لێیەتی،ناچارنەكردنی خوێندكار بەوەی  هەفتانە توێژینەوەیەك ئامادە بكات (وەك زۆرێك لە وڵاتانی جیهان )ولە هەرمانگێكیشدا باشترین لێكۆڵینەوەكان بڵاوبكرێنەوە،.........).
بۆ سەلماندنی قسەكانمان باكەمێك لەسەر كۆلێژەكانمان بدوێین،كۆلێژێكی وەك مێژوو چەند ئینسایكلۆپیدیای داناوە؟!! هەتاوەكو بەهۆیەوە مێژووی (گوندەكان،شارەكان،شارۆچكەكان،قەڵاكان،دەستنووسەكان، پاشماوەكان، شۆڕشەكان، خێڵەكان،ناسراوانی مێژوو،مێژووی ئەدەبی ،مێژووی ئاینی ،.....)بزانین .ئەی كۆلێژی جوگرافیا چەند پەرتووكی داناوە؟!! هەتاوەكو بەهۆیەوە (سامانی سروشتی، چیاكان، دۆڵەكان، بانەكان، زەوی بەراو دێم ،ڕووبارەكان، دەریاچەكان، بەنداوەكان، سەیرانگاكان،هەڵكەوتەی جوگرافی شوێنەكان،ناو و ژمارەی كانیا و كارێزەكان،باری ژینگە و.....)بزانین و زانیاریمان لە بارەیانەوە هەبێت .ئەی كۆلێژی جیۆلۆجی چەند لێكۆڵینەوەی زەوی ناسییان ئەنجامداوە و، بە زانیاری تەواوە لە چاپیان داون .ئەی كۆلێژی زیندەوەر زانی بۆ لێكۆڵینەوەیان لەسەر زیندەوەرەكانی كوردستان ئەنجامنەداوە ؟! تۆبڵێی لە كوردستاندا چەندان جۆری زیندەوەر نەبن كە لە جیهاندا نەبینرێن،وەك ئەو زیندەوەرانەی لە ئەشكەوتێكی ئیسڕائیلدا دۆزرانەوە ، بۆ نا،خۆ كەس نەگەڕاوە بزانێ‌ هەیە یان نا.كۆلێژی كوردی چەند پەرتووكی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی كوردی كوردی – یان نووسیووەو ،لە چاپیان داوە،خۆ تائێستاش كتێبێكی (مێژووی ئەدەبی كوردی) مان نییە ،بەو پەڕی متمانەوە بتوانین دەستی بۆ ببەین،گەرچی ئیشی گەورەی تاكەكەسی زۆر كراوە،لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ دانەرانی مێژووی ئەدەبی كوردی هەر لە مامۆستا (مەلا عەلادین سەجادی) یەوە ،هەتاوەكو مامۆستا (د.مارف خەزنەدار) ،كە خۆم بە قوتابییەكی فرە گچكەی ئەوان دەزانم.
بێگوومان كۆلێژەكانی دیكەش بەهەمان شێوەیە و،پێویست ناكات لەوە زیاتریان لەسەر بدوێم ،وەلێ‌ نابێت ئەوەشمان  لە
بیربچێت كە گرفتەكان دوولایەنەن .چونكە هەر لەوساتەوەی فێرخواز لە زانستگە وەردەگیرێت ،ئیدی خۆی لێدەبێتە هەموو شتێك و،هەوڵ و ماندوو بوون وەلا دەنێت و،تەنها خەریكی خۆ جوانكردن و،خۆڕازاندنەوەو،كات بە فیڕۆدان دەبێت لە كافتریا و .....،دیارە ئەمەش ڕێژەییە و،هەموو خوێنكاران ناگرێتەوە.
بۆ ئەوەی لەم گرفتانە ڕزگارمان ببێ‌ و،زانكۆ بكەینەوە بە مەڵبەندی داهێنان و،مەعریفە و،لانی كەم هەوڵبدەین ئاستی زانكۆكانمان لە ئاستی زانكۆكانی ئێراندا بێت پێویستە چەندان لێكۆڵینەوە ئەنجامبدرێ‌ و،لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان كار بكرێت .ڕەنگە خوێنەرێك بڵێت زانكۆكانی ئێران لە چ ئاستێكی پێشكەوتندان ،وەلێ‌ (بەپێی ئاماری ساڵی 2007 ی تایبەت بە پۆلێنكردنی زانكۆكانی جیهان ،زانكۆكانی ئەمریكا لە پێش زانكۆكانی جیهانەوەن و،لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا زانكۆكانی تاران لە زانكۆ هەرە باشەكانی ناوچەكەن،ئاژانسی هەواڵی فارسی بڵاوی كردەوە :3هەزار زانكۆ لەسەر 7ناوچەی جوگرافی پۆلێنكراون و لە سەر تایبەت مەندێتی و،توانای ئینتەرنێتی ،كە ڕێژەی ناوەڕۆكی سایتی زانكۆكان و،ئەو كەسانەی سەردانیان دەكەن و،ڕێژەی زانیاری زانكۆكان ،كراون بە پێوەر بۆ باشی و خراپی زانكۆكە.بەپێی ئەو پۆلێنە لە 50زانكۆی هەرەباشی جیهاندا 43زانكۆیان لە ئەمریكان و،لە باشترین 50زانكۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا 24زانكۆیان لە ئێرانن،لە پۆلێنكردنی زانكۆكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ،زانكۆی ئەمریكی لەبەیروت بەیەكەم زانكۆ و،زانكۆی تاران دووەم و،زانكۆ شا فەهدیش لە عەرەبستانی سعودی بە سێهەم زانكۆ دێت )2 ئاخۆ دەبێت زانكۆكانی ئێمە بە گوێرەی ئەم ئامارەی 2007لە چ ئاستێكدا بن ،وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ تۆی خوێنەر جێدەهێڵم،هەتاوەكو سەردانی ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت بكەیت و،وەڵامەكەی بدۆزیتەوە.
بەڵام پێویستە نەوەستین و،تاكاتی لێكۆڵینەوەو،چاكسازی لە زانكۆكانماندا،هەوڵبدەین ،چەندان زانكۆی بیانی ئەهلی بهێنینە كوردستان و،هاوكاری تەواویانبین بۆ ئەوەی ئاستی زانستی لە كوردستاندا بەرزببێتەوە و،كاتێك خوێندكار لە زانكۆكاندا وەردەگرین مەرجمان نمرە نەبێت،بەڵكو حەزوو ئارەزوو پێوەر بێت،تاقی كردنەوەی پێش زانكۆ بۆ زمان و كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت مەرج بێت ،بابەمەرجی دابنێین كە هەرخوێنكارێك ویستی لە زانكۆ وەربگیرێت زمانی ئینگلیزی و،زمانێكی پاڵپشت بزانێت،بابە قوتابی بڵێین دووای تەواوكردنی كۆلێژ نابیتە فەرمانبەر و حكومەت دات نامەزرێنێ‌ ،بەمەش لەو گرفتە نەجاتمان دەبێ ،كە دەڵێت: گەر خوێنكار بەنمرە وەر نەگرین هەمووی دەچێتە كۆلێژی پزیشكی و ئەندازیاری.
لەكۆتایدا ماوەتەوە داوای لێبووردن لە خوێنەران و،مامۆستایان و،قوتابیانی زانكۆ بكەم،ئەگەر هەڵەیەك ڕووی دابێت چونكە ئەم بابەتە زۆر بەپەلە نووسراوە.

سه ر جاوه :
1-د.محەمەد سەدیق محەمەد خۆشناو،سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین،ڕۆژنامەی چاودێر،ژمارە(123)،ڕێكەوتی دووشەممە 23-4-2007،چاوپێكەوتن،ستوونی پێنج،دێڕی (17-22)
2-و.عەزیز،زانكۆكانی ئەمریكاو ئێران لە باشترین زانكۆكانی جیهانن،ڕژنامەی ئاسۆ،ژمارە(418)،ڕێكەوتی 28-4-2007،پاشكۆی ئاسۆی گەنج ،ژمارە(20)،شەممە28-4-2007


هێمن مەلا كەریم بەرزنجی

.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر