کە نەیویست تێبگات ، قسە هەر قسەی خۆی دەبێت .... !!!
زۆر جار توشی ئەو مرۆڤانە هاتووم کە قسە هەر قسەی خۆیانە و ، وەک کوردەواری دەڵێت کە وتیان ماست ڕەشە، ڕەشە و، بڕایەوە. جا ئەم جۆرە مرۆیانە واباشترە زۆر دەگەڵیان نەڵێی و دووای کەمێک گفتوگۆ و ، ناسینی ئاوەز و ئاستی تێگەیشتیان لێیان بگەڕێیت و ، بێ دەنگ بیت، بۆنموونە ڕووداوێک دەگێڕمهوه، دەربارەی بابەتێک لەگەڵ دۆستێک گفتوگۆمان بوو،
من وتم ئیمامی زەهەبی و ئیمامی ئیبن سەڵاحی شارەزووری وەهایان فەرموە و لە کتێبەکانیاندا وەهایان نوسیوە، کەچی ئەو وتی نەخێر مەلا عەبدوولکەریمی مودەڕیس پێچەوانەی ئەمەی نوسیوە.
من وتم ئیمام ئیبن حەزمی ئەندەلووسی و ئیمام ئەبوو نەسڕی بوخاری و ئیمامی شەنقیتی وەها دەفەرموون و بە وردی و بەڵگەوە ئەو بابەتەیان شەن و کەو کردووە، کەچی ئەو وتی شێخ مارفی نۆدێ ڕاستی وتووە و تەواوی نوسیوە و ئەمانەی ناوت هێنان ناماقوڵیان کرد.
من وتم ئاخر دکتۆر ئیحسان بەهرامی و دکتۆر ئومێدی تەبیب زادە و دکتۆر موحەمەد موعین و کەڵەزانای ئێرانی عەلی ئەکبەری دێهخودا وەها دەڵێن و بە لێکۆڵینەوە سەلماندوویانە، کەچی ئەو وتی ئەمانە کێن کە عەبدوولقادر بەرزنجی پشت ڕاستی ناکاتەوە.
زیاتر قسەم کرد و ویستم باوەڕی پێ بهێنم و بێتەسەر ڕێگە ڕاستەکە و وتم بەڕێزم جامی و فەریدەدین عەتار و دکتۆر فرەوەشی و دکتۆر گوڵموڕادی موڕادیش هاوڕان لەم بابەتە و یەک شتیان نوسیووە ، وتی ئاخر قوربان مامۆستا جەماڵ بابان پێچەوانەی ئەمە دەڵێت و لە سێ کتێبی دا ، پێچەوانەی ئەم دکتۆر و مکتۆر و زانا و چیی و چییانەی نووسیوە .
ئیدی تێگەیشتم کە ئەمە بشفڕێت هەر بزنە لە عەقڵ و ئاوەزی دایەتی و نایهەوێت تێبگات و ، قسە هەر قسەی خۆیەتی ، چونکە هەموو ئەو زانایانەی ناوم هێنان لێک جیاوازن و بەهیچ پێوەرێک جگە لە پێووەری ئینکاریی و کەلەڕەقی بوون ، پێکەوە بەراوورد ناکرێن و ناخرێنە تای بەرامبەری یەک لە تەرازوویەکدا. دووا ی ئەوەش بڕیارمدا بە هیچ جۆرێک نەکەومە گفتو گۆ و ڕای خۆم دەرببڕم و گوێم لەوە نەبێت کە بەرامبەر باوەڕ دەکات یان نا ؟ ڕای چیدەبێت و چی دەڵێت بۆ خۆی و ، من ئاوەز و ڕای خۆم و بەرامبەریش ئاوەز و ڕای خۆی.
هێمن مەلا کەریم بەرزەنجی


هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر