وێنا سازى و ماناسازى و زه‌مه‌ن
له كورته شێعرێكى حه‌سه‌ن نازدار دا
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م
ژنه‌که
ته‌مه‌نێک ژیا‌و
نه‌یزانی چ بووه،
هێنده نه‌بێت نووسی
ژیان هێنده‌ی خواردنه‌وه‌ی
قاوه‌یه‌که به پێووه....
پێشه‌كى:
پێده‌چێت منى خوینه‌ر، یان منى ره‌خنه‌گر، نه‌توانم ئه‌و وینایهى شاعیر مه‌به‌ستى بووه و، كێشاویتى وه‌ك خۆى بیخه‌مه روو، وه‌لێ پێده‌چێت ئه‌وه‌ى ده‌یخه‌مه روو، به ته‌واوى و سه‌د له سه‌د وینه‌ى نێو ناخ و دڵى شاعیربێت و، به‌هه‌مان مه‌به‌ست ئه‌و شێعرهى نووسیبێت و، مه‌به‌ستى له هه‌مان وینا بووبێت، بێگوومان بۆ ماناسازیش به‌هه‌مان شێوه‌یه و، ره‌نگه شاعیر به مه‌ستێك ئه‌و مانایه‌ى سازاندبێ و، منیش به‌جۆرێكى دیكه لێكى بده‌مه‌وه، به‌لام له لیكدانهوهى زه‌مه‌ن دا، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ستى نه‌كه‌ین به شوێنه‌وه و، زه‌مه‌ن و شوێن وه‌ك دووانه‌یه‌كى ته‌واو كه‌ر سه‌یر نه‌كه‌ین، ئه‌وا گرفتێك له شیكارى و راڤه‌ى زه‌مه‌ن دا درووست نابێت و، شتێك ناوترێت پێچه‌وانه‌ى مه‌به‌ستى خودى شاعیر، یان نووسه‌ر بێت.
وه‌لێ نابێت ئه‌وه له یاد بكه‌ین، كه پێده‌چێت، خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر، وینه‌گه‌لێك له نیو شێعره‌كه دا ببینن، كه خودى شاعیر نه‌یبینیبێت، یان هه‌ر بیرى لێنه‌كردبێته‌وه و، وینه‌یه‌كى دیكه‌ى له ناخى خۆیدا بۆ شێعرهكهى دانابێت، به‌هه‌مان شێوه بۆ واتا سازى، هه‌مان بۆچوون گونجاوه و ده‌شێت خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر، واتایه‌ك له‌نێو شێعرهكهدا به‌دى بكه‌ن، كه شاعیر مه‌به‌ستى له‌وه نه‌بووبێت.
به‌هه‌رحاڵ، له ئێستا دا زۆربه‌ى توێژه‌ران و رهحنهگران و راڤه‌كاران، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن كه ئه‌و بۆچوونه‌ى پێى وایه ته‌نها خودى شاعیر ده‌زانێ چ وێنه و مانایه‌كى له شێعرهكهى دا به‌رجه‌سته كردووه و، خستوویه‌تییه روو، به‌سه‌ر چووه و، نه ته‌نها ره‌خنه‌گر، به‌ڵكو خوێنه‌رێكى ساده‌ش ده‌توانێ خوێندنه‌وه بۆ شێعر بكات و، لێكى بداته‌وه و، بۆچوونى خۆى له‌باره‌یه‌وه بڵێ و، ئه‌مه‌ش پشت به پاشخانى مه‌عریفى خوێنه‌ر ده‌به‌ستێ و، ده‌شێت لێكدانه‌وه و راڤه‌ى ئه‌م خوێنه‌ره ساده‌یه، زۆر شتى نوێ بۆ خودى شاعیریش بخاته روو، كه شاعیر لێی بێئاگایه و به‌و مه‌به‌سته شێعرهكهى نه‌نووسیوه و، له ده‌رئه‌نجامدا شێعره‌كه ئه‌و چه‌مك و مانا و راڤه و وێناسازى و واتا سازییانهش له خۆ ده‌گرێت كه ره‌هه‌ندێكى فه‌لسه‌فی و زمانه‌وانى و هونه‌رى و به‌رجه‌سته‌كردنى سرووشته دوورله بیركردنه‌وه‌ى خودئاگاییانهى شاعیر و، پێده‌چێت كاریگه‌رى نه‌ست بێت و، هیچی تر.
وه‌ك چۆن ده‌شێت پێچه‌وانه‌كه‌ى راست بێت و، كاریگه‌رى هه‌ست و نه‌ستیش بێت ، له‌و په‌رى ئاگاییه‌وه شاعیر ویناسازى و واتاسازى قوڵ و فره ره‌هه‌ند له‌ناو وێنا و واتاى ساده‌دا بكێشێت و، مه‌به‌ستى نه‌بێت راسته‌وخۆ و بێ بیركردنه‌وه ئه‌نجام بخاته به‌رده‌ستى خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر، و له پیت و وشه‌كان بێ ماناى یان نا مانایی درووست بكات. ره‌نگه تهلارسازییهكى نامانا درووست بكات، كه له ئه‌نجامدا، وێنا و مانایه‌كى هونه‌رى و هه‌ستى جوان به خوێنه‌ره‌كانى ببه‌خشێت و خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر به تێكرایی رووكار و ناوه‌رۆكى ته‌لاره شێعرهكهوه، ئه‌ندازه‌یی شاعیر له وێنه‌ى هونه‌رى و هه‌ست و نه‌ست و مانا و زه‌مه‌ندا ببینن. وه‌لێ هه‌ندێك جار له‌لایه‌ن شاعیره‌وه بێ مانایی درووست ده‌بێت. چونكه شاعیر هیچ تهلاسازییهكى له شێعره‌كه دا، نه‌كردووه و، به‌مه‌ش شاعیر ناتوانێ وێنا و مانایه‌كى هونه‌رى و هه‌ستى جوان پێشكه‌ش به خوێنهربكات و، نه‌ك خوێنه‌ر، بگره زۆرجار خودى شاعیریش سه‌ر له‌و بێ ماناییه ده‌رناكات و، ناتوانێ راڤه‌ى بێ ماناییهكهى بكات. له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌لارسازانه كارى نه‌كردووه و، شێعره‌كه بێ ته‌لار ده‌رچووه، له‌م كاته‌دا شاعیر ناتوانێ هیچ به خوێنه‌ر ببه‌خشێت، جگه له ریزكردنى وشه‌گه‌لى بێ‌مانا و، درووست كردنى رسته و په‌ره‌گرافى بێ‌مانا نه‌بێت، به‌مه‌ش شاعیر جگه له شێواندنى زمان و وینهسازى و ماناسازى شێعر و تێكدانى زه‌مه‌ن و شتگه‌لێكى دیكه، هیچى پێشكه‌ش به ناوه‌ندى هونه‌رى و فه‌رهه‌نگى كوردى نه‌كردووه.

ژنه‌که
ته‌مه‌نێک ژیا‌و
نه‌یزانی چ بووه،
هێنده نه‌بێت نووسی
ژیان هێنده‌ی خواردنه‌وه‌ی
قاوه‌یه‌که به پێووه....
وێناسازى و ماناسازى و زه‌مه‌ن
شاعیر به كارهكتهریكى ژن وینا و ماناى شێعرهكهى ده‌خاته روو، ژنێك كه ئاشناى شاعیره، یان شاعیر ده‌یناسێ و، به‌هۆى (هكه)ى ناسراوییه‌وه پێمان ده‌لێ ژنه‌كه خۆى واى پێوتم، یان له‌ناو چاوه‌كانى دا خوێندمه‌وه. ئه‌گه‌ر شاعیر ئاشناى ژیانى كاره‌كته‌رى شێعرهكهى نه‌بووایه، ئه‌وا به ((ژنێك)) ناوى ده‌هێنا و پیًی ده‌وتین كه ژنێكى نه‌ناسراوه، بۆیه پێده‌چێت له ژیان و رووخسارى ناسراوى ژنه‌ى كاره‌كته‌ر زۆر داخ و مه‌راقی دیكه‌ى بینیبێت كه له تێكسته‌كه‌دا ره‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه، وه‌لێ به‌جۆرێك له جۆره‌كان ناخى شاعیرى شه‌كه‌ت كردووه و، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر له بارى ره‌وان شووناسییهوه لێى بروانین خوێندنه‌وه‌ى جیاواز هه‌لده‌گرێت و، ده‌روونی شاعیریش بۆ خۆى كاریگه‌رییه‌كى ته‌واوى له‌سه‌ر خه‌یاڵ و هه‌ستى شاعیرانه هه‌یه، وه‌لێ بۆچی ژن بۆته پاڵه‌وان؟ بۆچی راڤه‌ى ژیان بهكارهكتهریكى ژن ده‌سپێرێ؟ پێده‌چێت هۆكاره‌كه‌ى په‌یوه‌ندى به لایه‌نى ده‌رونشیكارى ئافره‌ته‌وه هه‌بێ، ده‌شێت شاعیر له ره‌وان شوناسی ئافره‌ت دا، شاره‌زابێت، وه‌لێ بۆچی له ماندوێتى ژنێكدا پێناسه‌ى ژیانمان بۆ ده‌كات؟ یان لانى كه‌م راڤه‌ى رابردوو ده‌كات و،له‌لایه‌ك پێمان ده‌لێ ژنه‌كه نازانێ چ بووه له رابردووى خۆیدا و چى رووى رووداوه، له‌لایه‌ك پێمان ده‌لێ رابردووه‌كه زۆر كورته و هێنده‌ى خواردنه‌وه‌ى قاوه‌یه‌ك بووه، خوار دنه‌وه‌ى قاوه بۆ ؟ ده‌بێ كافاینى ناو قاوه‌كه ئازار شكێنێكى باشبێت و، ژانه سه‌رى خه‌مه‌كانى ژیانى كه‌م بكاته‌وه، ئه‌ى بۆ به پێوه، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ى قاوهكهدا، سه‌فه‌ر بكات و بگه‌رێته‌وه ناو ژیان، دیاره دوواى له‌بیر كردنى خه‌مه‌كانى، یان به‌ره‌و مه‌رگ سه‌فه‌ر بكات و، بۆ هه‌میشه نه‌گه‌رێته‌وه.
خواى گه‌وره سروشتێكى به مرۆڤ به خشیوه كه بتوانێ خه‌م و ناخۆشی و ناسۆر له بیر بكات، ئه‌گه‌ر وانه بووایه مرۆڤ نه‌یده‌توانى بژى، له بیر نه‌كردنى رابردوو و، له‌گه‌لیدا ژیان پێده‌چێت جیاوازییه‌كى زۆرى له‌گه‌ڵ مردن نه‌بێت، وه ده‌وترێت ئه‌و توانایه له ئافره‌تدا زیاتره، گه‌ر چی ئافره‌ت ناسكتر و به سۆز تره، پێده‌چێت له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بێت كه مامۆستا ((حه‌سه‌ن نازدار)) پاڵه‌وانى كاره‌كته‌رى شێعرهكهى به ئافره‌تێك سپاردووه و، له‌سه‌ر زارى ژنێكه‌وه پێناسه‌ى ژیانمان بۆ ده‌كات، ژنه‌كه ژیان له كاته‌كانى رابردووه وه ده‌خوێنێته‌وه، وه‌لێ كاته‌كان چه‌ندن؟ نا دیاره و به ته‌مه‌نێك وه‌سفى كردووه، ته‌مه‌نێكى كوورت؟ یان ته‌مه‌نێكى مام ناوه‌ند؟ وه یان ته‌مه‌نێكى درێژ؟ هیچ هێمایه‌ك بۆ ته‌مه‌نى ئافره‌ته‌كه نییه و، پێده‌چێت مه‌به‌ستى مامۆستا نازدار ئه‌وه‌بێت كه ئه‌گه‌ر له ته‌مه‌نێكى كورت دا، ئه‌و ژنه راڤه‌ى ژیان بكات، یان له‌ته‌مه‌نێكى مام ناوه‌د و، یانیش له ته‌مه‌نێكى درێژدا، هه‌رهه‌مان خوێندنه‌وه‌ى بۆ ژیان ده‌بێت. به جۆرێك و به‌مانایه‌كى تریش پێمان ده‌لێت كه كاره‌كته‌ره‌كه ته‌نها ژیان له رابردوو دا ده‌بینێت، ئاخر ئه‌وه‌تا باس له‌وه ده‌كات ((ژنه‌كه ته‌مه‌نێك ژیا و .....)) نه‌یزانى چیبووه، كه‌واته ته‌نها و ته‌نها پێناسه‌ى ژیان لاى كاره‌كته‌رى شێعره‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى رابر دووه و، ژیان داهاتوو ناگرێته‌وه و، ده‌شێت راڤهیهكى ده‌روونیانه بۆ بارودۆخى ژیان بكه‌ین و، به‌شێوه‌یه‌كى دیكه راڤه‌ى بكه‌ین، چونكه هه‌ندێك كات شه‌كه‌تى رابر دوو، ئاینده و ژیانى داهاتوومان له‌به‌چاو ده‌خات و، ته‌نها له رابر دوودا ده‌ژین، به‌مه‌ش ته‌نها پێناسهك بۆ ژیان، رابر دوو ده‌بێت و، هیچی تر، كه‌واته ده‌شێت ئه‌م كاره‌كته‌ره له شه‌كه‌تى دا، بیرى له داهاتوو نه‌كردبێته‌وه و، ده‌شێت پێچه‌وانه‌كه‌شی راست بێت، وه‌لێ ئێمه وتمان ژنان زووتر رابر دوو له بیر ده‌كه‌ن و، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كه كه خواى گه‌وره به مرۆڤى به خشێوه، كه‌واته گریمانه‌ى شه‌كه‌ت بوونى ژنه‌كه به ده‌ست ژیانه‌وه درووست تره.
یه‌كسان كردنى ژیان به قاوه‌یه‌ك، زۆر مانا هه‌ڵده‌گرێت، چ قاوه‌یه‌ك، قاوه‌یه‌كیش به پێوه بخورێته‌وه، یانى كاتێكى زۆر كورت بۆ خواردنه‌وه‌ى هه‌یه و، وه‌ك موسافیرێك قاوه‌كه هه‌ڵده‌دا و نۆشی ده‌كات، كه‌واته مامۆستا حه‌سه‌ن پێمان ده‌لێت له چاوى ئه‌م ژنه‌وه ژیان زۆر كورته و كاتێكى زۆر كه‌مه، هێنده‌ى خواردنه‌وه‌ى قاوه‌یه‌كه به پێوه، لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ى كه بۆچوونه‌كه‌ى پێشترمان له باره‌ى دیارى كردنى ته‌مه‌نێك له جیاتى ماوه‌ى ژیانى ژنه‌كه بێ مه‌به‌ست نه‌بووه و، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه بووه كه كورت ژیابێ یان مام ناوه‌ند، یانیش زۆر ژیابێت و ته‌مه‌نێكى زۆرى كردبێت، هه‌ر هه‌مان شته و، هه‌ر یه‌كسانه به‌و ماوه كورته‌ى كه مرۆڤ قاوه‌یه‌كى تێدا ده‌خواته‌وه، قاوه‌یه‌كى سه‌فه‌رى، قاوه‌یه‌ك به پێوه، لیردا شاعیر له زارى ژنه‌ى پالهوانهوه پێمان ده‌لێت چه‌ند بژین هه‌ر كورته و ، سه‌فه‌رێكى بچوك و كورتخایه‌نه ژیان و زوو ده‌برێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ك ژنه‌ى پاله‌وان ژیان به رابردوو پێناسه بكه‌ین و، ئه‌وه‌نده له ناسۆر و ناخۆشی دا بژین، ئاینده نه‌كه‌ینه به‌شێك له پێناسه‌ى ژیان، ئه‌وه ژیان زۆر كورت تر ده‌بێت.
خه‌ریك بوو ئه‌وه‌م له بیر بچێت، كه ژیان و قاوه بۆچی كراوه‌ته لێكچوو و، له‌و چوو، ئه‌رێ به‌راست ئه‌م دووانه له چیدا له‌یه‌ك ده‌چن، ده‌بێت ئاخۆ مامۆستا ((حه‌سه‌ن نازدار)) مه‌به‌ستى له‌م كاره چیبێت؟ پێده‌چێت له تاڵیدا له‌یه‌ك بچن، ئاخر ناكرێ و ناگونجێت ژنێك ته‌مه‌نێك ژیابێ و نه‌یزانیبێت چی بووه، ژیانێكى خۆش ژیابێت، ئه‌گه‌ر خۆش بژیایه به‌و جۆره راڤه‌ى ژیانى نه‌ده‌كرد، كه‌واته ده‌شێت بلێین له تالیدا له‌یه‌ك ده‌چن، ده‌شێت بلێین مرۆڤ زۆر كات به ژیان بێهۆش ده‌بێت، وه‌ك چۆن كافاینى ناو قاوهك مرۆڤ به‌د مه‌ست ده‌كات، وه‌لێ ده‌شێت شاعیر هیچ كام له‌م دوو مه‌به‌سته‌ى نه‌بووبێت و ته‌نها مه‌به‌ستى شاعیر ئه‌وه بووبێت كه كاتى خواردنه‌وه‌ى قاوه‌یه‌ك به پێوه یه‌كسانه به ته‌مه‌نێك ژیان، دیاره له چاوى پاڵه‌وانى شێعرهكهیهوه كه ژنه‌كه‌یه.
تیبینى:
به خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م پارچه شێعرهى مامۆستاى به‌رێز ((حه‌سه‌ن نازدار))، كه له‌م بابه‌ته‌دا شیكارییهكى سهرپێییانهى بۆ كراوه، كاریگه‌ر بووم، بۆیه ئه‌م كورته بابه‌ته‌م له باره‌یه‌وه نووسی ، داواى لیبووردنیش له مامۆستا و خوێنه‌ران ده‌كه‌م به هۆى دووا كه‌وتنى به‌شی دووه‌مییه‌وه، هۆكاره‌كه‌شی ناساغى و سه‌رقاڵى بوو.

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر